|
|

|
خشته‌ی به‌راوردی له‌نێوان بڕ‌و جۆری ئاوی سێ رووبه‌ری خانوو كه هه‌مان بڕ‌و جۆرن به‌ڵام پاره‌كه‌یان جیاوازه |
|
|
|
|
|
|
|
پاره‌ی ئاو و عه‌قڵیه‌تی چه‌ته‌گه‌ری
حكومه‌ت مانگی دوو ملیار دینار به هه‌وانته وه‌رده‌گرێت
فازڵ قه‌ره‌داغی
یه‌کشه‌ممه-15-ئه‌یلوول(مانگی 9)-2013
ئه‌وه‌ی حكومه‌ت له وه‌رگرتنی پاره‌ی ئاو له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان ده‌یكات له چه‌ته‌گه‌ری ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها عه‌قڵیه‌تی چه‌ته‌گه‌ری نییه به‌ڵكو جۆره گێلكردنیشه. حكومه‌ت ماوه‌یه‌كه پاره‌ی ئاوی ماڵانی زیاد كردووه، به‌ڵام چۆن زیادكردنێك؟ شتێكه ناچێته عه‌قڵ. بڕیاره‌كه كه ماوه‌یه‌كه جێبه‌جێكراوه پاره به گۆتره‌و به‌پێی رووبه‌ری خانوو دانراوه: خانووی سه‌د مه‌تری بڕی پێنج هه‌زار دیناری مانگانه‌یه، خانووی دووسه‌د مه‌تری بڕی ده هه‌زار، سێسه‌د مه‌تری پانزه هه‌زار، چوارسه‌د مه‌تری بیست هه‌زار دینار.
ئه‌وه‌ی له‌دووره‌وه ئه‌و بڕیاره ده‌بێنێت واده‌زانێت ئاوی ماڵان به به‌رده‌وامی هه‌یه‌و بڕی به‌كارهێنانی خانووی سه‌د مه‌تری كه‌متره له‌هی چوارسه‌د مه‌تری‌و خانووی چوارسه‌د مه‌تری خێزانێكی گه‌وره‌تری هه‌یه له خانووی سه‌د مه‌تری، ئه‌و كه‌سه واشده‌زانێت خه‌ڵكی كوردستان رۆژانه سه‌روخوار ماڵه‌كانیان به ئاو ده‌شۆن بۆیه خانووی سه‌د مه‌تری ئاو كه‌متر به‌كارده‌هێنێت.
حكومه‌ت مانگی دوو ملیار دیناری زیاده له خانووی دووسه‌د مه‌تری به‌ره‌وژوو وه‌رده‌گرێت كه ده‌كاته 24 ملیار دینار له‌بری ئاوێك كه هه‌ر هه‌مان ئه‌و ئاوه‌یه كه به خانوویه‌كی سه‌د مه‌تری ده‌یدات‌و كه‌متره له یه‌ك مه‌تر سێجا |
به‌ڵام هه‌موو ده‌زانین كه وا نییه‌و ئه‌و ئاوه‌ی به خانووه‌كان ده‌درێت یه‌ك بڕه بۆ هه‌ر ڕووبه‌رێك، واته هاووڵاتیی خاوه‌ن خانووی دوو سه‌د مه‌تری به‌ره‌وژوو پاره‌یه‌كی زیاده له‌بری هیچ ده‌دات. خانووه‌كه سه‌د مه‌تری بێت یان چوارسه‌د مه‌تری هه‌ر ئه‌و بڕه ئاوه كه‌مه‌ت پێده‌درێت كه له یه‌ك مه‌تر سێجا كه‌متره‌و هه‌ر وه‌ك له خشته‌كه دیاره بۆ هه‌موو ڕووبه‌ره‌كان شته‌كان وه‌كو یه‌كن‌و ته‌نها له بڕی پاره‌كه جیاوازن.
بڕی ئه‌و جیاوازییه‌ش هێنده زۆره كه بڕوا ناكه‌م حكومه‌ت به هیچ فشارێك ده‌ستبه‌رداری بێت، حسابكردنه‌ش ئاسانه ئه‌گه‌ر ژماره خانووه‌كانمان لا بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌مانه‌وێت زۆر ورد بین ده‌توانین ئاوا حسابی بكه‌ین:
ئه‌گه‌ر له‌و پێنج ملیۆنه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم كه حكومه‌ت كردوویه‌تی به ماڵ به‌سه‌ر حكومه‌تی عیراق ته‌نها 3 ملیۆن بۆ دانیشتوانی شار‌و شارۆچكه‌كان دابنێین، كه باوه‌ڕمان وایه له‌وه‌ش زۆرترن چونكه گونده‌كان زۆر چۆڵ بوون‌و ئه‌گه‌ر له تێكڕای پێنج كه‌س بۆ یه‌ك ماڵ دانێین، ئه‌و كاته 600 هه‌زار خانوو هه‌ن. ئه‌گه‌ر نیوه‌ی ئه‌وه خانووی سه‌د مه‌ترین‌و 200 هه‌زار خانوو دووسه‌د مه‌ترین‌و باقییه‌كه‌ی سێسه‌د مه‌تر به‌ره‌وژوورن ئه‌و كاته بڕی زیاده بۆ خانووه دووسه‌د مه‌ترییه‌كان یه‌ك ملیار دیناره بۆ یه‌ك مانگ‌و زیاتر له یه‌ك ملیاری تر بۆ خانووه سێسه‌د مه‌تری به‌ره‌وژوو، واته حكومه‌ت مانگی دوو ملیار دینار ، ساڵیش 24 ملیار دینار پاره‌ی زیاده‌ی ئه‌و ئاوه وه‌رده‌گرێت كه هه‌مان بڕ‌و جۆری ئه‌و ئاوه‌یه كه به خانووه سه‌د مه‌ترییه‌كانی ده‌دات، واته ساڵی 24 ملیار، كورد وته‌نی به هه‌وانته، له خه‌ڵك وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ش جگه له پاره‌ی ئاو بۆ خانووی سه‌د مه‌تری كه مانگی ملیار‌و نیوه‌و ساڵی 18 ملیاره.
ئه‌و ئاوه‌ی حكومه‌ت ده‌یدات قوڕی زۆره‌و به‌كه‌ڵكی خواردن نایه‌ت‌و هاووڵاتی به‌پاڵ پاره‌ی زیاده‌ی ئاو پێویستی به‌وه‌یه ئاوی خواردنه‌وه بكڕێت، ئه‌مه‌ش بارێكی تر ده‌خاته سه‌رشانی جگه‌له پیسكردنی ژینگه به بوتڵه پلاستیكییه‌كان‌و مه‌ترسیی پلاستیك بۆ ته‌ندروستی چونكه هۆكارێكی شێرپه‌نجه‌یه
|
ئه‌وه‌ی سه‌یره كه‌مێك پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره بدرێت به‌خه‌یاڵی خۆم بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه كه هه‌قه حكومه‌ت ئه‌و هه‌زار دیناره مانگانه‌یه له هاووڵاتییان وه‌نه‌گرێت وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌كی كه‌میی ئاو و ناچاربوونیان به كڕینی ئاو به ته‌نكه‌ر، به‌ڵام به‌شی زۆری كاری باشی حكومه‌ت یان به خه‌یاڵه‌و یان به فشاری موعاره‌زه‌یه، حكومه‌تیش بۆ ئه‌مه‌یان حسابی نه بۆ خه‌یاڵه‌كانی ئێمه‌و نه بۆ موعاره‌زه نه‌كرد‌و پاره‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه زیاد كرد كه هه‌روه‌ها حسابی بۆ عه‌قڵی خه‌ڵكیشی له‌خۆ نه‌گرتووه.
زیانی بڕیاره‌كه له‌وه‌ش ناوه‌ستێته‌وه؛ ئه‌و ئاوه‌ی دابه‌ش ده‌كرێت ئاوێكی پاك نییه به‌پێی پێوه‌ره ناسراوه‌كان چونكه پڕ كلسه، كه ڕه‌نگه چاره بۆ ئه‌مه نه‌بێت‌و قوڕاوییه، كه ئه‌مه‌یان نه‌ك ته‌نها چاره‌سه‌ری هه‌یه به‌ڵكو پێویسته بكرێت. به‌كورتی ئاوێكه به كه‌ڵكی خواردنه‌وه نایه‌ت، خۆشیان جارێكیان پێیان وتین بۆ خواردنه‌وه پشتی پێوه نه‌به‌ستین، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وه بڵێن ئێمه ئه‌وه‌مان زانیبوو و ناچارببووین ئاوی خورادنه‌وه‌ی بوتڵ به‌هه‌موو قه‌باره‌كانی بكڕین. وه‌ك چاوه‌ڕێش كراوه بڕیاری بێ سه‌روبن زیانه‌كانی له‌وه‌ش زیاترن؛ ئه‌وه‌تا ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌وره له بوتڵی پلاستیك ڕۆژانه فڕێده‌درێن‌و ژینگه پیس ده‌كه‌ن، ئه‌وه جگه له زیانه ته‌ندروستییه‌كان پلاستیك كه وه‌ك باس كراوه ئه‌و پلاستیكه به ساردی‌و گه‌رمی مادده‌یه‌كی كیمیایی ده‌رده‌كات كه هۆیه‌كه بۆ شێرپه‌نجه.
وه‌ك وتم بڕوا ناكه‌م حكومه‌ت له‌و بڕیاره‌ی په‌شیمان بێته‌وه چونكه فێر نه‌بووه داهاتی وا گه‌وره له‌ده‌ست خۆی بدات، خه‌ڵكیش فێرن كه‌مێك بۆڵه‌بۆڵ بكه‌ن‌و پاشان بێده‌نگ بن، به‌ڵام باسكردنی ئه‌وه بۆ نه‌وه‌كان دواڕۆژ پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێین: حكومه‌ته‌كه‌مان ئاوا بیری ده‌كرده‌وه.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2013-09-15-069.html