عه‌لمانیه‌ت‌و دیموكراسی.. ڕۆژئاوا‌و كوردستان
دیمانه‌یه‌كی دواژماره‌ی گۆڤاری رێگای هزر له‌گه‌ڵ فازڵ قه‌ره‌داغی ده‌رباره‌ی عه‌لمانیه‌ت
چوارشه‌ممه-19-حوزه‌یران(مانگی 6)-2013
ڕێگای هزر: بوَ هه‌ر چه‌مك و ڕێبازێك، هه‌ر كه‌سه پێناسه‌و تێڕوانینی خوَی هه‌یه، پێناسه‌ی جه‌نابتان بوَ عه‌لمانییه‌ت چییه؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: بۆ ئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌كی دروستی عه‌لمانییه‌تمان هه‌بێت پێویسته بزانین سه‌رچاوه‌ی ئه‌و عه‌لمانییه‌ته چییه. كاتی خۆی له ئه‌ورووپا كه ده‌وترا عه‌لمانی یان مه‌ده‌نی مه‌به‌ست لێی ده‌سه‌ڵاتێكی دنیایی یاخود زه‌مه‌نی. ئه‌مه‌ش بۆ جیاكردنه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی ئاینی كه بریتی بوو له كه‌نیسه‌و پیاوانی. ئه‌سڵی ئه‌و فیكره‌یه‌ش له‌وه‌وه هاتبوو كه گوایه مه‌سیح وتبووی مه‌له‌كووتی من ئه‌م جیهانه نییه. به‌واتایه‌كی تر ئاسمان مه‌له‌كووتی مه‌سیح بوو بۆیه به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری دنیایی ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌لمانی یان مه‌ده‌نی یان زه‌مه‌نی ده‌یگرته ئه‌ستۆ. هه‌ر بۆیه ڕه‌چه‌ڵه‌كی عه‌لمانییه‌ت جیاكردنه‌وه بوو له‌نێوان مه‌له‌كووتی دنیا‌و مه‌له‌كووتی ئاسمان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه قه‌شه‌كان په‌یوه‌ست بوون به مه‌له‌كووتی ئاسمان جیاكردنه‌وه‌كه هه‌روه‌ها جیاكردنه‌وه بوو له‌نێوان پیاوانی عه‌لمانی‌و پیاوانی ئاینی. له‌دواتریش كه چه‌مكی عه‌لمانییه‌ت كه‌مێك ئاڵۆزتر كرا هێشتا ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه وه‌كو كرۆكی عه‌لمانییه‌ت مایه‌وه، واته جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی‌و پیاوانی ئاینی له ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی. له ئه‌ورووپای ئه‌وساش سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه له‌نێوان دوو جۆره پیاوه‌كه هێشتا مه‌سیحییه‌ت ئاینی ده‌وڵه‌ت بوو، بگره مه‌زهه‌به باوه‌كه‌ی وڵات مه‌زهه‌بی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌ت بوو.
عه‌لمانیه‌ت له ئه‌ورووپا به چه‌ند قۆناغێك تێپه‌ڕی: ڕزگاربوون له ده‌ستوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی پاپا له دانانی پادشاكان، ڕزگاربوون له ده‌ستوه‌ردانی قه‌شه ناوچه‌ییه‌كان له كاروباری گشتی، فراوانكردنی چه‌سپاندنی عه‌لمانییه‌ت كه پێشتر بۆ قه‌شه‌كان بوو بۆ ئه‌وه‌ی خودی ئاین بگرێته‌وه. به‌م جۆره له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو به‌شی ئاینی‌و عه‌لمانی جیا بێت ئینجا خودی ئاین له ده‌وڵه‌ت جیاكرایه‌وه به‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی هیچ ئاینێك به‌ڕه‌سمی نازانێت‌و به‌رامبه‌ر ئاینه‌كان بێلایه‌نه هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌یان به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ نه‌كراوه.
به‌م جۆره ده‌توانین بگه‌ینه پێناسه‌یه‌ك بۆ عه‌لمانییه‌ت كه هه‌ردووو ڕه‌چه‌ڵه‌كی‌و گه‌شه‌سه‌ندنی ئێستاشی بگرێته‌وه ئه‌ویش كه عه‌لمانییه‌ت كایه‌ی ئاینی‌و كایه‌ی كاروباری گشتی به دوو جیهانی جیا داده‌نێت كه كه‌سیان بۆی نییه ده‌ست وه‌ربداته ئه‌وه‌ی تر. مه‌به‌ستیش له كاروباری گشتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت‌و چالاكیی ئابووری‌و بواری په‌روه‌رده‌و هه‌ر بوارێك كۆمه‌ڵگه تێی وه‌ك ده‌زگایه‌كی سیاسی‌و ئیداری كاربكات.
ڕێگای هزر: عه‌لمانییه‌ت له كوردستان له چ ئاستێكه؟
عه‌لمانییه‌ت كایه‌ی ئاینی‌و كایه‌ی كاروباری گشتی به دوو جیهانی جیا داده‌نێت كه كه‌سیان بۆی نییه ده‌ست وه‌ربداته ئه‌وه‌ی تر |
فازڵ قه‌ره‌داغی: ئه‌مه قسه‌یه‌كه ده‌مێكه وتراوه كه عه‌لمانییه‌ت فیكره‌یه‌كه له‌ده‌ره‌وه وه‌رگیراوه بێ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی تایبه‌تی كۆمه‌ڵگه موسڵمانه‌كان. قسه‌كه‌ش ڕاسته. هێنانی عه‌لمانییه‌ت وه‌ك هێنانی ڕووه‌كێكه له كه‌شوهه‌وایه‌كی جیاوازه‌وه بۆ كه‌شوهه‌وای خۆمان. له حاڵه‌تی وا چی ده‌كه‌ین؟ پێویسته ئه‌و ڕووه‌كه له خانووی پلاستیكی دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی بژی، عه‌لمانییه‌تی كوردستان‌و عه‌لمانییه‌تی باقیی وڵاته موسڵمانه‌كانیش هه‌ر وایه: عه‌لمانییه‌تی خانووی پلاستیكی، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین عه‌لمانییه‌ت باوه‌ڕی تاقمێكه‌و ناتوانێت ببێته باوه‌ڕی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن له‌ناو وه‌همێك ده‌ژین كه ئه‌وان قسه‌كه‌رن به‌ناوی جه‌ماوه‌ری پانوبه‌رین. ئه‌م وه‌همه‌ش تا ئه‌و كاته به‌رده‌وام ده‌بێت كه عه‌لمانییه‌ت ده‌بێته ته‌رحێك بۆ جه‌ماوه‌ر‌و له‌ڕێگه‌یه‌كه‌وه، وه‌ك بۆ نموونه ڕاپرسیی گشتی، داوا ده‌كرێت ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت. تا ئه‌و كاته‌ش عه‌لمانییه‌كان ته‌ئكید له‌سه‌ر پێكه‌وه‌به‌ستنی دیموكراسی‌و خواستی میللی له‌لایه‌ك‌و عه‌لمانییه‌ت له‌لاكه‌ی تر ده‌كه‌ن، كاتێكیش عه‌لمانییه‌كان ده‌بینن جه‌ماوه‌ر ته‌رحه‌كانی ئه‌وانیان به‌لاوه گرنگ نین ئینجا حاڵه‌تی دووه‌م دێته پێشه‌وه ئه‌ویش بێهیوایی عه‌لمانییه‌كان له جه‌ماوه‌ر دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش باسكردنی ئه‌وه‌ی كه جه‌ماوه‌ر پێگه‌یشتوو نین‌و زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانیان دژ به عه‌لمانییه‌ت به‌ڵگه نییه له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی عه‌لمانییه‌ت، واته پشت ده‌كه‌نه بنه‌مای پێكه‌وه گرێدانی عه‌لمانییه‌ت‌و دیموكراسی‌و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان ده‌گه‌نه ئه‌و ئاسته‌ی پشتگیریی ده‌سه‌ڵاتێكی خۆسه‌پێنه‌ر ده‌كه‌ن چونكه ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌لمانییه. ئه‌م حاڵه‌ته له‌و وڵاتانه بینراوه كه هه‌ڵبژاردن‌و په‌رله‌مانیان هه‌یه ئه‌گه‌رچیش هه‌ڵبژاردنی ساخته بێت. له كوردستانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جارێ ماوه ئه‌و ئیختیاره بدرێته خه‌ڵك: یان عه‌لمانییه‌ت یان شه‌ریعه‌ت، عه‌لمانییه‌كان هێشتا ماویانه وه‌كو هاوڕێكانیان له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان بڵێن: زۆریی ده‌نگده‌ران مه‌رج نییه چونكه جه‌ماوه‌ر ناكامڵه.
به‌ڵام داماویی عه‌لمانییه‌تی كوردستان به‌وه ناوه‌ستێت كه له‌ناو خانوویه‌كی پلاستیكیی دوور له كه‌شوهه‌وای كۆمه‌ڵگه قه‌تیس بووه. داماویی عه‌لمانییه‌تی كوردستان ئه‌وه‌یه كه عه‌لمانییه‌ت له ئه‌ورووپا چاره‌سه‌رێك بوو دژی خۆسه‌پاندن به‌ڵام ئه‌مان یان به‌شێك له عه‌لمانییه‌كان ده‌یكه‌نه ڕێگه‌یه‌ك بۆ خۆسه‌پاندن‌و ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری ئاین‌و پیاوانی ئاینی. داواماییه‌كی تری عه‌لمانییه‌تی كوردستان ئه‌وه‌یه عه‌لمانییه‌تی رۆژئاوا كاتێك سه‌ركه‌وت كه بایه‌خی تاكی ڕۆژئاوا به ئاین وه‌كو جاران نه‌بوو. وه‌نه‌بێت ئه‌و كاته‌ش به‌رگریی كه‌نیسه نه‌بووبێت به‌ڵام سه‌رده‌مه‌كه به‌ڕه‌وتێكی تر ده‌ڕۆشت. تا ئێستاش بایه‌خی ئاین به‌ته‌واوه‌تی له‌ده‌ست نه‌چووه به‌ڵام كاتێك بایه‌خ به ئاین كه‌مبێته‌وه ته‌رحی عه‌لمانی زیاتر جێگه‌ی قبووڵه. له كوردستان‌و باقیی وڵاتانی موسڵمانان ئاین هێشتا بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه هه‌ر بۆیه كاتێك ده‌سه‌ڵاتدارێك بیه‌وێت ئاینی زۆربه‌ی خه‌ڵك كه ئیسلامه یه‌كسان بكات به ئاینێكی تر ئه‌وه جێگه‌ی قبووڵ نابێت. ئه‌وه‌ش جێگه‌ی قبووڵ نابێت ده‌سه‌ڵاتدار بڵێت به‌لامه‌وه گرنگ نییه مرۆڤ ئاینی هه‌بێت یان نا، بشڵێت ئیسلام به‌لامه‌وه گرنگ نییه. ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتداران ناچارن جاروبار به‌درۆش بێت بایه‌خی خۆیان به ئیسلام پێشان بده‌ن. ئایا ئه‌مه كه‌شوهه‌وای گونجاوی عه‌لمانییه‌ته؟ بێگومان نه‌خێر چونكه ڕه‌شه‌با له‌م حاڵه‌ته له ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌ڵده‌كات.
داماویی عه‌لمانییه‌تی كوردستان ئه‌وه‌یه كه عه‌لمانییه‌ت له ئه‌ورووپا چاره‌سه‌رێك بوو دژی خۆسه‌پاندن به‌ڵام ئه‌مان یان به‌شێك له عه‌لمانییه‌كان ده‌یكه‌نه ڕێگه‌یه‌ك بۆ خۆسه‌پاندن |
داماوییه‌كی تری عه‌لمانییه‌تی كوردستان ئه‌وه‌یه ئه‌وان كار بۆ عه‌لمانییه‌ت ده‌كه‌ن له‌و كاته‌ی كه‌سانی زۆرن هه‌ن به‌ڵكو حزبیش هه‌ن كار بۆ پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، واته به‌ره‌ی دژه عه‌لمانییه‌ت به‌هێزه‌و وه‌كو ئه‌ورووپای سه‌رده‌می سه‌پاندنی قۆناغی نوێی عه‌لمانییه‌ت نییه كه ده‌ورو كاری پیاوانی ئاینی لاواز ببوو.
پاش هه‌موو ئه‌و قسانه پێویسته قسه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌م نه‌ختێك ڕاست بكه‌مه‌وه كه وتبووم عه‌لمانییه‌ت له رۆژئاوا چاره‌سه‌رێك بوو دژی خۆسه‌پاندن چونكه ئه‌وه به‌ڕه‌هایی نییه. له ڕۆژئاوا دژایه‌تیكردنی خۆسه‌پاندن بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان مه‌سیحییه‌كان‌و جووله‌كه هه‌روه‌ها بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان مه‌زهه‌به‌كانی مه‌سیحییه‌ت بوو، به‌ڵام پاش كۆچی ژماره‌یه‌كی زۆری موسڵمانان ئه‌و موسڵمانانه له هه‌ندێك وڵاتێك وه‌ك جسمێكی نامۆ ته‌ماشا ده‌كرێن‌و جیاكاری له‌دژیان ده‌كرێت هه‌روه‌ك له كێشه‌ی له‌چكی قوتابیان یان نیقاب له شوێنه گشتییه‌كان. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌ناو خودی مه‌سیحییه‌كانیش هێشتا عه‌لمانییه‌ت نه‌یتوانیوه جیاكاریی له‌ناوبه‌رێت، ئه‌وه‌ش زانراوه كه تا دوای زیاتر له سه‌ده‌و نیوێك گه‌لی ئه‌مه‌ریكی ده‌نگی بۆ كاسۆلیكییه‌ك نه‌ده‌دا ببێته سه‌رۆك‌و یه‌كه‌م‌و تاكه سه‌رۆكێكی كاسۆلیكی جۆن كێنێدی بوو. ده‌شزانین (ئۆباما) ئه‌وه‌ی زۆر له‌دژ به‌كارهات كه باوكی موسڵمان بوو، سیاسه‌ته خراپه‌كانی (بوش)یش نه‌بوونایه هیوای سه‌ركه‌وتنی لاواز ده‌بوو. ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئۆباما به‌ڕه‌سمی موسڵمان بوایه؟ ئێستا قه‌ت به‌خه‌یاڵمان دێ له وڵاتێكی ئه‌ورووپی موسڵمانێك بتوانێت ببێته سه‌رۆك یان سه‌رۆك وه‌زیران؟ ئه‌ی ده‌یان ساڵ كار بۆ عه‌لمانییه‌ت‌و سه‌دان ساڵ ململانه له‌گه‌ڵ خۆسه‌پاندنی ئاینی چیی كردووه؟ ئه‌مه له كه‌لتوورێك بایه‌خی به ئاین نه‌ماوه به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره داوا له موسڵمان ده‌كرێت كه هێشتا ئاین لای گرنگه به‌لایه‌وه ئاسایی بێت غه‌یری موسڵمان ببێته سه‌رۆك. ده‌یانه‌وێت عه‌لمانییه‌تی خانووی پلاستیكی له عه‌لمانییه‌تی ئه‌سڵی به‌رێته‌وه، ئه‌مه‌ش له گزیكردنی یاریكه‌رێكی فێڵباز ده‌چێت.
ڕێگای هزر: بوَچی ئاوات و خواستی گه‌وره‌ی عه‌لمانییه‌ت جیاكردنه‌وه‌ی ئایینه له كایه‌كانی سیاسه‌ت و ده‌سه‌لاَت؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه بناغه‌ی عه‌لمانییه‌ته‌و پێویسته كار بۆ ئه‌وه بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تیی عه‌لمانییه‌كان شی بكه‌ینه‌وه ده‌بینین ئه‌وان بۆیه عه‌لمانین چونكه بایه‌خ به ئاین ناده‌ن‌و پابه‌ند نین پێوه‌ی. له‌به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتیش وه‌همێك هه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه بكرێت ئیسلامییه‌كان كه مونافسیانن له‌سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات لاواز ده‌بن، ڕاسته‌كه‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌وان خۆیان لاواز ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش له وڵاتی میسر‌و له‌سه‌رده‌می حوسنی موباره‌ك ته‌نانه‌ت حزبه‌كه‌ی موباره‌كیش كاتی هه‌ڵبژاردن دروشمی شه‌ریعه‌تی به‌رزده‌كرده‌وه. ئه‌و حزبه زانی كه گه‌مه‌ی سیاسیی سه‌ركه‌وتوو پێویسته وا بكرێت نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی.
ڕێگای هزر: وه‌ك ده‌زانین عه‌لمانییه‌ت باس له جیاكردنه‌وه‌ی ئایین له سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت ده‌كات، له حاڵی جێ به‌جێ كردنی ئه‌م جیا كردنه‌وه‌یه ژیانی ئایینده‌ی كورد چوَن ده‌بێت؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: به‌ر له‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه ده ساڵ دوای جێبه‌جێكردنی عه‌لمانییه‌ت ژیانی كورد چۆن ده‌بێت پێویسته بیربكه‌ینه‌وه ژیانی ئێستا چۆن ده‌بێت. هه‌وڵدان بۆ چه‌سپاندنی عه‌لمانییه‌ت واته دروستكردنی ململانه‌یه‌كی توند له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی‌و زیاتر په‌رته‌وازه‌كردنی، رێكه‌خۆشكه‌ریش ده‌بێت بۆ ئه‌و فیكره ئیسلامییه‌ی كه هه‌ڵبژاردن‌و چوونه ناو په‌رله‌مان به كوفر ده‌زانێت‌و ته‌نیا باوه‌ڕی به ڕێگه‌چاره‌ی جیهادییه ئیتر به‌لایه‌وه گرنگ نییه بارودۆخی وڵاته‌كه هه‌رچۆنێك بێت‌و قۆناغی به‌دیلی ئیسلامی گه‌یشتۆته كوێ.
ڕێگای هزر: پێت وایه كێشه‌و داواكارییه‌كانی كورد به‌جیاكردنه‌وه‌ی دین له‌ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت چاره‌سه‌ر ده‌بن؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌كی وا هه‌بێت ڕه‌نگه له‌وه‌وه هاتبێت كه ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان له كوردستانێك ڕازی ده‌بن ئه‌گه‌ر عه‌لمانی بێت بۆیه داواكارییه‌كانیشی بۆ جێبه‌به‌جێ ده‌كه‌ن‌و به‌م شێوه‌یه كێشه‌كانی كورد چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. ئه‌م بۆچوونه‌ش زۆر ساده‌یه. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی زیان به كورد ده‌گه‌یه‌نێت، ئیتر له هه‌ر لایه‌كه‌وه بێت؛ له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه یان له‌لایه‌ن غه‌یری ئه‌وانه‌وه بێت، بیركردنه‌وه‌ی ساده‌یه. كاتی خۆی ده‌یانوت مه‌لا مسته‌فا نه‌بوایه كورد ده‌فه‌وتا، دوای ئاشبه‌تاڵیش ره‌وتی چه‌پ په‌ره‌ی سه‌ند‌و وتی هه‌موویان خه‌تای مه‌لا مسته‌فا بوو به‌ڵام ئێمه جیاوازین كه‌چی دیسانه‌وه ئاشبه‌تاڵێكی تر تووشی شۆڕش بوو. دوای ڕاپه‌ڕین به‌ئیسلامی‌و عه‌لمانی وازیان له بیركردنه‌وه‌ی ساده نه‌هێنا. ئه‌گه‌ر باسی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش بكه‌ین كه گوایه عه‌لمانییه‌ت چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ده‌كات ئه‌وه قسه‌یه‌كی زۆر گێلانه‌یه چونكه سه‌پاندنی عه‌لمانییه‌ت واته دروستكردنی كێشه‌ی نوێ‌و په‌رتكردنی زیاتری كۆمه‌ڵگه‌یه.
ڕێگای هزر: كورد چ مه‌ترسییه‌كی به‌هوَی دینه‌وه تووش بووه تاوه‌كو ئێستا داوای جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت بكات؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: ده‌بوایه عه‌لمانییه‌كان دژ به‌و جیاكردنه‌وه‌یه بوونایه چونكه ئه‌گه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كانی كورد بۆ ئه‌و هۆكاره ساده‌و نامه‌عقووله‌ی په‌یوه‌ندیی دین به ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێنینه‌وه كه‌واته تاوانباری یه‌كه‌م كه‌مال ئه‌تاتورك‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی بوو كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌و ده‌وڵه‌ته بریتی بوو له جیاكردنه‌وه واته ئه‌و عه‌لمانییه‌ته‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت. رژێمی سه‌ددامیش وه‌ك زانراوه عه‌لمانی بوو، بایه‌خدانیشی به ئاین ته‌نها كاتی گه‌مارۆی ئه‌مه‌ریكا بوو، ئه‌و كاته‌ش كوردستان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و نه‌مابوو. شای ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه بوو، به‌عسی سووریاش هه‌روه‌ها. ته‌نها ئێرانی خومه‌ینی ده‌مێنێته‌وه كه دینی به ده‌وڵه‌ت تێكه‌ڵكردووه، كه‌واته یه‌ك به چوار.. عه‌لمانییه‌تیش به‌شی گه‌وره‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی كوردی به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئایا عه‌لمانییه‌كانی كوردستان ددان به‌وه ده‌هێنن؟ نه‌خێر چونكه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ مه‌به‌ستی ئایدیۆلۆجی به‌كاربهێنن بێگوێدانه ڕاستی‌و واقع، ئه‌وه‌ش كارێكی باش نییه.
ئه‌گه‌ر باسی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانیش بكه‌ین ئه‌وه ده‌زانین له قۆناغێكی شه‌ڕی ناوخۆ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌شدار بوو، به‌ڵام بزووتنه‌وه زووتر له‌و شه‌ڕه چووه ده‌ره‌وه، كه‌واته له‌لایه‌ك شه‌ڕی ناوخۆ حاڵه‌تی گشتی بوو و تایبه‌ت به ئیسلامییه‌كان نه‌بوو و له‌لایه‌كی تر ئیسلامییه‌كان لێی چوونه ده‌ره‌وه‌و به‌م جۆره ترس له تێكه‌ڵكردنی دین‌و ده‌وڵه‌ت له‌و لایه‌نه نه‌بوو. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و ترسێكی جیددیی عه‌لمانییه‌كانه ئه‌زموونی ئه‌نساڕولئیسلامه. پێویسته هه‌قیش بده‌ین به عه‌لمانییه‌كان چونكه به‌ڕاستی ئه‌زموونه‌كه یارمه‌تیده‌ر نه‌بوو بۆ قبووڵكردنی فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌پاندنی تێڕوانینی یه‌كلایه‌نه بوو ئه‌ویش به‌ڕێگه‌ی زبر. چۆنیش عه‌لمانییه‌كان نه‌ترسن له‌كاتێك لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی تریش هه‌روه‌ها له‌و ئه‌زموونه ده‌ترسان‌و فیكری ئه‌نساڕولئیسلام قبووڵی ئیسلامییه‌كانی تری نه‌ده‌كرد كه تێڕوانینی جیاوازیان هه‌یه؟ ئه‌مه‌ش پرسیارێكی گرنگه: ئێمه چیمان ده‌وێت؟ خه‌ڵك بترسێنین؟ به‌چیش خه‌ڵك بترسێنین؟ به ئیسلام كه ئێمه ده‌ڵێین ڕه‌حمه‌ته بۆ مرۆڤایه‌تی؟ به‌داخه‌وه ئه‌و ئه‌زموونه ڕێڕه‌وی ترساندنی خه‌ڵكه له ئیسلام. ئه‌گه‌ر باسی ئێستاش بكه‌ین ناتوانین هه‌ق به عه‌لمانییه‌كان بده‌ین چونكه حزبه ئیسلامییه‌كان ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنیان گرتۆته به‌ر ئیتر ترسی چی‌یان هه‌بێت؟ عه‌لمانییه‌كان به شوێن پێی كه‌ری دێز ده‌ڕۆن ئه‌گه‌ر دژایه‌تیی حزبه ئیسلامییه‌كان بكه‌ن چونكه ئه‌گه‌ر به كاری ئه‌و حزبابه ڕازی نه‌بن ئه‌وا به ده په‌نجه مۆر بۆ فیكری قاعیده ده‌كه‌ن. ترسێكی تری عه‌لمانییه‌كان له حزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان بریتییه له ترس له دواڕۆژ به‌و واتایه‌ی ده‌ترسن ئیسلامییه‌كان دوای سه‌ركه‌وتنیان فیكریان توندتر بكه‌ن. ڕه‌نگه وا بێت به‌ڵام ئه‌وه ئیحتماله، مه‌ترسییه‌كیش له‌و جۆره هێشتا ئه‌هوه‌نتره بۆ ئه‌وان له ئیحتمالی ترسناكتر كه سه‌ركه‌وتنی فیكری ئه‌نساڕه، هه‌رچه‌نده پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین كه ئه‌نساڕولئیسلام له‌چاو رێكخراوی هاوشێوه‌ی زۆری تری جیهانی موسڵمانان نه‌رمتر بوون.
ڕێگای هزر: ئایا جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت داواكاری و مه‌رجی عه‌لمانییه‌تی ئه‌وروپاو ولاَته غه‌رب زاده‌كانه له‌سه‌ر عه‌لمانییانی كوردستان، یان خواست و ڕه‌وشی كورد ئه‌وه ده‌خوازێ؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: له هه‌ندێك حاڵه‌ت ڕۆژئاوا داوای عه‌لمانییه‌ت ده‌كات، به‌ڵام حاڵه‌تی گشتی په‌یوه‌سته به خودی عه‌لمانییه‌ت. عه‌لمانییه‌ت چییه جگه له‌وه‌ی فیكرێكی دنیاویسته كار بۆ ئه‌م دنیاییه نه‌ك بۆ قیامه‌ت ده‌كات؟ كه‌واته ئه‌گه‌ر دنیای رۆژئاوا پارێزراو بێت گرنگ نییه به‌لایه‌وه فیكری ده‌وڵه‌ته موسڵمانه‌كه چییه. ئه‌گه‌ر تاڵیبان شه‌ریعه‌تی بچه‌سپانایه به‌ڵام زیانی به ئه‌مه‌ریكا نه‌گه‌یاندایه تا ئێستا هه‌ر فه‌رمانڕه‌وا ده‌بوو. بێگومان ئه‌و ده‌زگایانه‌و ئه‌و پیاوانه‌ی سیاسه‌ت ده‌مێننه‌وه كه ئایدیۆلۆجیا ده‌یانجووڵێنێت‌و كار بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی عه‌لمانییه‌ت ده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌و كاته گه‌له‌كۆمه‌كیی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كان‌و ده‌زگاكان نه‌ده‌بوو. ئێستاش ئه‌گه‌ر رۆژئاوا داوای حوكمێكی عه‌لمانیمان لێده‌كات هۆیه‌كی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له چه‌ند مۆدێلێكی فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامی ده‌ترسێت كه دژ به ڕۆژئاوان، واته دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رۆژئاوان. به‌ڵام كورد خۆی چیی ده‌وێت، ئه‌وه‌ی جێی ناكۆكییه چونكه هه‌ریه‌ك له دوو به‌ره‌كه لایه‌نگرانی هه‌یه.
ڕێگای هزر: تا چه‌ند عه‌لمانییه‌ت به زه‌رووره‌تی كوَمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌زانیت؟ ڕوونتر بڵێین كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی چ پێویستییه‌كی به عه‌لمانییه‌ت هه‌یه، یا عه‌لمانییه‌ت چ پێویستییه‌كی بۆ پڕ ده‌كاته‌وه؟!
عه‌لمانییه‌ت چییه جگه له‌وه‌ی فیكرێكی دنیاویسته كار بۆ ئه‌م دنیاییه نه‌ك بۆ قیامه‌ت ده‌كات؟ كه‌واته ئه‌گه‌ر دنیای رۆژئاوا پارێزراو بێت گرنگ نییه به‌لایه‌وه فیكری ده‌وڵه‌ته موسڵمانه‌كه چییه |
فازڵ قه‌ره‌داغی: باشتر ئه‌و پرسیاره له عه‌لمانییه‌كان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرا بێت كه یان وه‌ڵامیان نییه یان وه‌ڵامێك ده‌ده‌نه‌وه كه قه‌ناعه‌ت به كه‌س ناكات. ڕه‌نگه ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی بڵێن كۆمه‌ڵگه له‌سایه‌ی عه‌لمانییه‌ت ته‌ساموحی تێ دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئیسلامییه‌كانیش ده‌توانن بڵێن ئێمه پرۆژه‌یه‌كی ئیسلامیمان هه‌یه ته‌ساموح له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دابمه‌زرێنێت‌و گه‌شه‌ی پێ بكات. به‌ڵام هه‌ردوو لاكه هه‌رچییه‌ك بڵێن واقع ئه‌وه ده‌ڵێت كه سه‌پاندنی عه‌لمانییه‌ت كاردانه‌وه‌و كێشه‌ی لێ ده‌بێته‌وه وه‌ك چۆن سه‌پاندنی ئیسلام كاردانه‌وه‌و كێشه‌ی لێ ده‌بێته‌وه.
ڕێگای هزر: بوَچی كوَمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئه‌وه‌نده به‌گومان و ترسه‌وه له عه‌لمانییه‌ت ده‌ڕوانێت؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: وه‌ك چۆن عه‌لمانییه‌كان له ئه‌زموونه ئیسلامییه تونده‌كان ترسابوون‌و ئه‌و ترسه بۆ ئیسلام گواسترایه‌وه به‌هه‌مان شێوه ته‌رحه په‌ڕگیره عه‌لمانییه‌كان ده‌بێته هۆی ترس له عه‌لمانییه‌ت. هه‌ردوو لای په‌ڕگیر: ئیسلامیی په‌ڕگیر‌و عه‌لمانیی په‌ڕگیر فرۆشیارێكی خراپن بۆ كاڵاكانیان كه له‌كۆتایی ناچار ده‌بن به‌زه‌بری كوته‌ك ئه‌و كاڵایه به‌سه‌ر خه‌ڵك ساغ بكه‌نه‌وه.
ڕێگای هزر: بوَچی حیزبه به‌ناو عه‌لمانییه‌كان نه‌یانتوانیوه كادیر‌و لایه‌نگرانی خوَیان به عه‌لمانییه‌ت و دیموكراسی گوَش بكه‌ن، ئایا نه‌یان توانیوه، یان نه‌یان ویستووه؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قه‌ناعه‌تی لاوازی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبانه به گرنگیی رۆشنبیركردنی ئه‌ندامی خۆیان. پاشان ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه دیموكرات‌و عه‌لمانین به‌ڵام له‌وه به‌دوا هه‌ر ئه‌ندامێكیان‌و له ئاوازێك ده‌خوێنێت. ئه‌وان په‌رۆشی ئه‌وه نین ته‌رحێكی مه‌ركه‌زیی حزبه‌كه‌یان هه‌بێت كه عه‌لمانییه‌تێكی میانڕه‌و بخرێته ڕوو بۆیه ده‌بینی له‌هه‌موو جۆرێكیان هه‌یه.
ڕێگای هزر: بوَچی یه‌كێتی و پارتی نه‌یانتوانیوه عه‌لمانییه‌ت له درووشمه‌وه بكه‌نه ئه‌مری واقیع؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: نه پارتی و نه یه‌كێتی ده‌توانن به‌ئاشكرا‌و بۆ جه‌ماوه‌ری ڕابگه‌یه‌نن كه عه‌لمانین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه ئه‌وان له ده‌سه‌ڵاتن ده‌زانن كاردانه‌وه چی ده‌بێت، هیچ نا حزبه ئیسلامییه‌كان‌و مه‌لاكان خه‌ڵكیان لێ هان ده‌ده‌ن. له‌جیاتی ئه‌وه‌ش چه‌ند هه‌نگاوی جیاجیا ده‌نێن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. پاشان له‌بیرمان نه‌چێت چه‌سپاندنی عه‌لمانییه‌ت پێویستی به دوورخستنه‌وه‌ی مه‌لاكانه له‌كاری سیاسی ئه‌مه‌ش زیانی هه‌یه بۆیان.. ئه‌ی نه‌تانبینی چۆن به‌شێك له پاڵێوراوانی دوو حزبه‌كه مه‌لا بوون؟ ئه‌وان ده‌رچوون‌و ئه‌فه‌ندیی رۆشنبیر ده‌رنه‌چوو! ئیتر چۆن سه‌رمایه‌ی وا له‌ده‌ست خۆیان بده‌ن؟
ڕێگای هزر: ئیسلامییه‌كانیش ئێستا باسی دیموكراسی ده‌كه‌ن و هه‌ندێ بڕگه‌ی به گرنگ و به بایه‌خ سه‌یر ده‌كه‌ن، ئایا ئیسلام تا چه‌ند له هه‌ناوی خوَی جێگه‌ی بوَ دیموكراسی هه‌یه، یان ئه‌م دوو چه‌مكه گرفته‌كانیان چییه؟
ئیسلام ده‌توانێت كێشه‌كانی دیموكراسی چاره‌سه‌ر بكات كه یه‌كێك له‌و كێشانه ئه‌وه‌یه ده‌وری خه‌ڵك له دیموكراسی كاتی ده‌نگدانه‌و له‌وه به‌دوا ده‌وره‌كه‌یان یان لاواز ده‌بێت یان نامێنێت، هه‌روه‌ها كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌ی كه‌مایه‌تییه (حزب، سه‌ركردایه‌تیی حزب، كه‌سانی كه‌می سه‌ركردایه‌تی..تاد) كه وای كردووه دیموكراسی له‌جیاتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل یان زۆرینه‌ی خه‌ڵك ببێته ده‌سه‌ڵاتی كه‌مایه‌تی وه‌ك چۆن له كتێبه‌كه‌م (ئه‌فسانه‌ی دیموكراسی) زۆر له‌سه‌ری ڕۆشتبووم. ئیسلام به ته‌ئكید كردن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌مر به چاكه‌و نه‌هی له خراپه هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه ده‌كاته به‌رپرس له ڕاستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئیتر ده‌وره‌كه‌ی له رۆژی ده‌نگدان ته‌سك ناكاته‌وه |
فازڵ قه‌ره‌داغی: یه‌ك له كێشه‌كانی موسڵمانان‌و ڕه‌وتی ئیسلامی ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر زاراوه ده‌وه‌ستن ئه‌وه‌نده‌ی ته‌ماشای ناوه‌رۆك ناكه‌ن. سروشتی خه‌ڵك به‌گشتی وایه. باشترین ده‌رمان دروستبكه‌و ناوی بنێ ژه‌هری مار خه‌ڵك به حه‌زه‌ره‌وه ته‌ماشای ده‌كه‌ن. شیرینیخانه‌یه‌ك دابنێ‌و ناوی بنێت شیرینیخانه‌ی به‌ڵغه‌م خه‌ڵك خۆیان به‌وه ماندوو ناكه‌ن بپرسن تامی شیرینییه‌كانی چۆنه. كاتی خۆی خێڵێكی عه‌ره‌بی نه‌صرانی ڕازی بوون جزیه دوو قات بده‌ن به‌ڵام ناوی جزیه‌ی لێ نه‌نرێت. ئێستاش كاتێك ئیسلامییه‌ك باسی دیموكراسی بكات ئیسلامیی تر هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و زاراوه‌یه ته‌كفیری ده‌كه‌ن. كابرای ئیسلامی ده‌توانێت بڵێت پێناسه‌م بۆ دیموكراسی به‌جۆرێكه كه له‌گه‌ڵ ئیسلام ده‌گونجێت به‌ڵام هه‌ر قبووڵ نییه. زانا كۆنه‌كان وتبوویان: زاراوه كێشه نییه، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێمه حوكم به‌پێی زاراوه ده‌كه‌ین. سه‌باره‌ت به كرۆكیش دیموكراسی شتی باشی زۆری هه‌یه‌و ده‌كرێت سوودیان لێ وه‌ربگرین. ئه‌وه‌ش كه له‌گه‌ڵ ئیسلام گونجاو نییه یه‌ك شته: كاتێك یاساكان له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌ت ناكۆك ده‌بن.. ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ری هه‌یه به‌وه‌ی یاساكان له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌ت ناكۆك نه‌بن، له‌وه‌ش به‌دوا چ ناكۆكییه‌ك له‌گه‌ڵ ئیسلام هه‌یه ئه‌گه‌ر بوترێت هه‌ڵبژاردن به لیستی داخراو یان كراوه بێت؟ چ موخاله‌فه‌یه‌كی ئیسلام هه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت یان به ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆی گه‌ل؟
ئیسلام له‌گه‌ڵ دیموكراسی ڕێكه كه ئیعتبار بۆ ڕای خه‌ڵك داده‌نێت‌و خه‌ڵك وه‌كو ئاژه‌ڵ ته‌ماشا ناكات كه به‌شه‌كه‌ی تێخوڕینه. به‌ڵكو ئیسلام ده‌شتوانێت كێشه‌كانی دیموكراسی چاره‌سه‌ر بكات كه یه‌كێك له‌و كێشانه ئه‌وه‌یه ده‌وری خه‌ڵك له دیموكراسی كاتی ده‌نگدانه‌و له‌وه به‌دوا ده‌وره‌كه‌یان یان لاواز ده‌بێت یان نامێنێت، هه‌روه‌ها كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌ی كه‌مایه‌تییه (حزب، سه‌ركردایه‌تیی حزب، كه‌سانی كه‌می سه‌ركردایه‌تی..تاد) كه وای كردووه دیموكراسی له‌جیاتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل یان زۆرینه‌ی خه‌ڵك ببێته ده‌سه‌ڵاتی كه‌مایه‌تی وه‌ك چۆن له كتێبه‌كه‌م (ئه‌فسانه‌ی دیموكراسی) زۆر له‌سه‌ری ڕۆشتبووم. ئیسلام به ته‌ئكید كردن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌مر به چاكه‌و نه‌هی له خراپه هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه ده‌كاته به‌رپرس له ڕاستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئیتر ده‌وره‌كه‌ی له رۆژی ده‌نگدان ته‌سك ناكاته‌وه. من پێم باشتره ته‌رحی تیۆرێكی سیاسیی نوێ بكرێت كه چاكه‌كانی دیموكراسی تێكه‌ڵ به بنه‌ماكانی ئیسلام بكات‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی دیموكراسیش بكات نه‌ك دیموكراسی به‌هه‌موو شتێكییه‌وه ته‌به‌نا بكه‌ین یان به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌مووی به باش‌و خراپییه‌وه ره‌فز بكه‌ین. ئه‌مڕۆ له‌جاران زیاتر پێویستمان به تیۆرێكی سیاسیی ئیسلامی هه‌یه ئیسلام به‌رز ڕابگرێت‌و رێز له ئازادیی‌و كه‌رامه‌ت‌و مافی مرۆڤ بگرێت‌و چاره‌سه‌رێكی باشتر له دیموكراسی به جیهان‌و ته‌نانه‌ت به رۆژئاواش ببه‌خشین، نه‌ك له‌ئێستاوه مژده به مرۆڤ بده‌ین كه له‌سایه‌تی حوكمی شه‌ریعه‌ت تاعه‌تی فه‌رمانڕه‌وا واجبه هه‌تا ئه‌گه‌ر ((له‌پشتت درا‌و ماڵه‌كه‌شت برا)).. ئه‌مه په‌یامی كۆیلێتییه‌و ناتوانێت مونافسه‌ی ته‌نانه‌ت دیموكراسییه‌كی ته‌زویریش بكات.
ڕێگای هزر: تا چه‌ند ده‌توانرێت به‌بێ بوونی عه‌لمانییه‌ت باس له پروَژه‌ی دیموكراسی بكرێت‌و ئایا عه‌لمانییه‌ت و دیموكراسییه‌ت لازم و مه‌لزوومن بۆ یه‌كتری؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: كاتێك عه‌لمانییه‌كان ده‌ڵێن دیموكراسی به‌بێ عه‌لمانییه‌ت نابێت ئه‌وه یان فێڵ له خه‌ڵك ده‌كه‌ن یانیش خۆیان ڕاستییه‌كانیان باش نه‌زانیوه. جیاكردنه‌وه‌ی ئاین له ده‌وڵه‌ت نیزامه دیكتاتۆرییه‌كانیش كردوویانه‌و نموونه‌كانیش زۆرن. وه‌ك چۆنیش ئه‌و حاڵه‌ته هه‌یه حاڵه‌تی پێچه‌وانه‌ش هه‌یه كه دیموكراسی هه‌یه‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش ئاینییه. ئه‌وه‌ش زۆر مه‌نتیقییه چونكه هه‌ر یه‌ك له عه‌لمانییه‌ت‌و دیموكراسی كار له‌سه‌ر شتێك ده‌كات. دیموكراسی كار له‌سه‌ر ده‌وری تاك‌و كۆمه‌ڵگه له كایه‌ی سیاسی ده‌كات به‌ڵام عه‌لمانییه‌ت كار له‌سه‌ر ده‌وری ئاین له‌و كایه‌یه ده‌كات. دیموكراسی كار له‌سه‌ر تاك‌و كۆمه‌ڵگه ده‌كات هه‌رچییه‌ك بن ئه‌و تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به‌ڵام عه‌لمانییه‌ت كار له‌سه‌ر تاكی پابه‌ندبوو به ئاین ده‌كات. بۆچی عه‌لمانییه‌كان زۆر ته‌ئكید له‌و وه‌همه‌ی پێكه‌وه‌به‌ستنی عه‌لمانییه‌ت‌و دیموكراسی ده‌كه‌ن؟ چونكه جیهان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دیموكراسیی قبووڵ كردوووه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌جیهانێك بژیاینایه كه نه‌فره‌ت له دیموكراسی ده‌كات، بۆ نموونه فیكر‌و موماره‌سه‌ی فاشیی هه‌بێت ئه‌و كاته باسی زه‌ڕووره‌تی فاشیه‌تیان بۆ عه‌لمانییه‌ت ده‌كرد‌و ته‌نزیریان بۆ نه‌گونجانی دیموكراسی له‌گه‌ڵ عه‌لمانییه‌ت ده‌كرد.
ڕێگای هزر: زانایانی ئیسلام عه‌لمانییه‌ت ده‌كه‌نه دوو به‌ش: عه‌لمانییه‌تی ئیلحادی و بێ دینی كه ئینكاری و نكوڵی له‌دین و گشت مه‌بادیئوقییه‌مه‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها حاشا له بوونی خوای به‌دیهێنه‌ر ده‌كات، جوَری دووه‌م: حاشا له بوونی خوا ناكات و ئیمانێكی تیوَرانه‌یه، وه ناهێڵێت دینی خوا ده‌ست بخاته نێو كارووباری دنیای خه‌ڵكه‌وه هه‌وڵی جدیشی په‌راوێز خستنی دینه، به‌ڕای جه‌نابتان یه‌كێتی و پارتی و حیزبه عه‌لمانییه‌كانی تر له‌سه‌ر كام له‌م چوارچێوه‌یه‌ن، یان له كامیان جێیان ده‌بێته‌وه؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: ئاشكرایه حزبه غه‌یره ئیسلامییه‌كانی كوردستان به یه‌كێتی‌و پارتییه‌وه له جۆری دووه‌من هه‌رچه‌نده من ته‌حه‌فوزم هه‌یه له‌سه‌ر ناونانیان به عه‌لمانی چونكه ئه‌گه‌ر حزب به‌ڕاستی عه‌لمانی بێت پێویست نه‌ك ته‌نها ئاین له‌كاروباری حوكمه‌وه دووربخاته‌وه به‌ڵكو هه‌روه‌ها خۆشی ده‌ست نه‌خاته كاروباری ئاینی كه ئه‌مه‌ش له یه‌كێتی‌و پارتی به‌دیهنه‌هاتووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ست ده‌خه‌نه كاروباری ئاینه‌وه وه‌ك دانانی مه‌لاكان یان لابردنیان ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه بگرن یان ڕێنماییكردنیان بۆ بابه‌تی دیاریكراوی وتاری هه‌ینی یان ته‌نانه‌ت دیاریكردنی یه‌كه‌م رۆژی مانگی ره‌مه‌زان‌و جه‌ژن وه‌ك چۆن ئه‌و ساڵه له سنووری ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ره‌مه‌زان 28 رۆژ بوو به‌هۆی دیاریكردنی جه‌ژن له‌به‌ر هۆكاری سیاسی. ته‌حه‌فوزی دووه‌مم له‌سه‌ر ناوبردنیان به عه‌لمانی ئه‌وه‌یه كه نابێت خۆمان مۆری ئه‌وه‌یان لێ بده‌ین كه عه‌لمانین. ئێمه له‌و كاته‌ی كه ڕه‌خنه له عه‌لمانیه‌ت ده‌گرین‌و به فیكری ئیسلامی ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه نابێت پاڵ به‌خه‌ڵكه‌وه بنێین به‌خۆیان بڵێن ئێمه عه‌لمانین. پێویسته ڕۆشنبیر‌و بانگخوازی ئیسلامی به‌رده‌وام بێت له ئاشكراكردنی فیكره‌ی عه‌لمانیه‌ت بۆ جه‌ماوه‌ری موسڵمان تا له‌كۆتایی ره‌فزێكی ته‌واو له‌ناو جه‌ماوه‌ر بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئیسلام له ده‌وڵه‌ت دروست بێت ئیتر له‌وه به‌دوا ئه‌و حزبانه شه‌رم له‌وه ده‌كه‌ن خۆیان به عه‌لمانی ناوبنێن‌و ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه بگه‌نه ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئینكاریشی بكه‌ن كه عه‌لمانین. به‌ڵام با ئاگاداری یه‌ك خاڵی زۆر گرنگ بین: ئێمه كه ره‌خنه ده‌گرین وه‌كو موسڵمان ڕه‌خنه ده‌گرین یه‌كێكیش له ئه‌خلاق‌و ئه‌ركی موسڵمان دادپه‌روه‌رییه بۆیه پێویسته ره‌خنه‌كه‌مان دادپه‌روه‌رانه بێت هه‌روه‌ها زانستی‌و مه‌وزووعی بێت چونكه زانستێتی‌و مه‌وزووعیه‌ت مه‌رجی دادپه‌روه‌رین.
ڕێگای هزر: ده‌ستكه‌وت و سووده‌كانی عه‌لمانییه‌ت كه تا ئێستا به‌ده‌ستی هێنابن بوَ كورد چین؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: ئه‌گه‌ر وه‌كو فه‌رمانڕه‌وایی بێت ئه‌و كارانه‌ی فه‌رمانڕه‌وا له كوردستان به باش‌و به خراپ كردوونی په‌یوه‌ندییان به خودی فه‌رمانڕه‌وا‌و ئه‌دائییه‌وه هه‌یه‌و عه‌لمانیه‌ت له‌و ئه‌دایه كاری نییه. ئه‌گه‌ر باسی نووسه‌ر‌و هونه‌رمه‌ند‌و كه‌سایه‌تییه‌كانیش بكه‌ین ئاشكرایه كه شتێكیان پێشكه‌ش نه‌كردووه ببێته هۆی پێشكه‌وتنی كورد‌و به‌راوردییه‌كی خێرا له‌نێوان حاڵی كوردستان‌و حاڵی جیهان ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات. كه‌سی عه‌لمانی وه‌كو عه‌لمانی‌و له‌به‌ر تیشكی عه‌لمانییه‌ت ئینجازێكی نه‌كردووه بتوانین بڵێین دیار‌و كاریگه‌ر بێت. عه‌لمانییه‌ت له كوردستان شوێنی وه‌همێك كه‌وتووه كه عه‌لمانییه‌ت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زۆره، هه‌ندێك عه‌لمانیش شوێنی ئه‌و وهمه‌ش كه‌وتوون كه عه‌لمانییه‌ت پێشكه‌وتن‌و ئازادییه‌كی زۆرتر به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام كه‌سیشیان نه‌یانتوانیوه ئه‌و ده‌عوایه بسه‌لمێنن. بۆ پێشكه‌وتن به ئه‌كیدی عه‌لمانییه‌كان هیچیان نه‌كردووه بتوانین بڵێین جێده‌ستیان پێوه‌ی دیار بێت، سه‌باره‌ت به ئازادیش ئه‌و ئازادییه‌ی زیاتر باسی ده‌كه‌ن ئازادیی خۆیان‌و فیكری خۆیان به‌تایبه‌تیش ئازادیی خۆیان كه ڕه‌خنه له ئاین بگرن. ئه‌وه‌ش ئاساییه چونكه هه‌موو كه‌س عه‌وداڵی له‌یلای خۆیه‌تی.
ڕێگای هزر: وه‌ك دیاره عه‌لمانییه‌ت و دیموكراسی وه‌ك ئاو و ماسی وان و بێ یه‌ك نایان كرێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش شانازی به‌وه‌وه ده‌كات كه حیزبێكی عه‌لمانییه‌و قبووڵ ناكات ئایین ڕوَڵی هه‌بێت نه له حیزبه‌كه‌ی‌و نه له حوكمه‌ته‌كه‌ی، به‌لاَم له‌و ناوچانه‌ی له بن قه‌ڵه‌مڕه‌وی پارتی دیموكراتی كوردستانن هه‌ست ته‌نها به بالاَده‌ستی پارتی ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانێكی وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش به‌ربه‌ست بوَ چالاكییه‌كانی درووست ده‌كرێت، بوَچی؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: پێشتر باسم كرد كه ئه‌وه وه‌همه عه‌لمانییه‌ت‌و دیموكراسی لازم‌و مه‌لزوومی یه‌كترین. دیموكراسی بۆ پارتی‌و یه‌كێتی حه‌ز‌و ئاواتێكه به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی باجه‌كه‌ی نه‌ده‌ن. باجی دیموكراسی ئه‌وه‌یه قبووڵكردنی حزبێكی تر له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست‌و ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بن‌و له‌وه زیاتریش ده‌ستبه‌رداری ده‌ستكه‌وته ماددییه خه‌یاڵییه‌كه‌ی خۆیان بن، ئه‌مه‌ش باجێكی قورسه ئاماده نین بیده‌ن، به‌ڵكو ئاماده‌شن شه‌ڕ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه دیموكراسی لای پارتی‌و یه‌كێتی له جۆری حه‌زی عاشقێك نییه ئاماده‌یه خۆی بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌خت بكات به‌ڵكو حه‌زه‌كه‌ی ئه‌وان عشقێكی مه‌رجداره، مامه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانیشه. له سنووری ده‌سه‌ڵاتی پارتی بۆ نموونه ته‌نانه‌ت به‌نده‌كانی هاوپه‌یمانێتییه ستراتیجییه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی په‌كیان ده‌كه‌وێت. پارتی به‌پێی ئه‌مری واقع قبووڵی فره‌ده‌نگیی كردووه له ناوچه‌كانی تری كوردستان، به‌ڵام له بادینان ده‌ڵێت فره‌ده‌نگی ئاوازێكی نه‌شازه. یه‌كێتیش له‌سه‌ر هه‌مان رێگه بوو ئه‌گه‌ر چه‌ند شتێك له‌ئارا نه‌بوونایه وه‌ك هه‌بوونی هێزێكی چه‌كداری ئیسلامی، شكستی سیویه‌كی ئاب، كوتله‌كاری...
عه‌لمانییه‌تیش له‌ناو هاوكێشه‌كه‌یه چونكه عه‌لمانییه‌ت لای ئه‌وان حه‌زه‌و باوه‌ڕه به‌ڵام حه‌زه‌ریشی لێ ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیان به جه‌ماوه‌رێتیی خۆیان ده‌دات، ئه‌وه‌شه وا ده‌كاته زۆر داكۆكیی له‌سه‌ر نه‌كه‌ن یان به‌لای كه‌مه‌وه به‌ئاشكرایی‌و به‌زه‌قی له‌به‌رچاوی خه‌ڵك نه‌ڵێن له‌سه‌ر سیراتی عه‌لمانین.
ڕێگای هزر: تا چه‌ند ده‌كرێت له كوَمه‌ڵگه‌یه‌ك كه ئیسلام ئایینی زوَربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی بێت عه‌لمانییه‌تیش گه‌شه بكات و بوونی هه‌بێت؟
فازڵ قه‌ره‌داغی: عه‌لمانییه‌ت به‌ده‌وروخۆی خول ده‌خواته‌وه‌و كۆتاییه‌كه‌ی ماندووبوونێكی به‌باچووی پێ ده‌بڕێت. ئێمه بینیمان چۆن پاش نزیكه سه‌ده‌یه‌ك حوكمی عه‌لمانی له توركیا هێشتا خه‌ڵكێكی زۆرتر ئیختیارێكی ئاینییان هه‌بووه‌و عه‌لمانییه‌ت نه‌یتوانیوه ببێته بیروباوه‌ڕی سه‌رجه‌م خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆیه به‌ناچاری جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی سوپا ببوونه پارێزه‌ری ئه‌و عه‌لمانییه‌ته. عه‌لمانییه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ناو كۆمه‌ڵگه موسڵمانه‌كان زه‌وییه‌كی به‌پیتی هه‌بێت پێویستی به زه‌برو چاودێریی سوپا نابێت، ئه‌وه‌تا سوپای پارێزه‌ری عه‌لمانییه‌ت ئه‌و ده‌وره‌شی له توركیا نه‌ما‌و ته‌نانه‌ت جه‌نه‌ڕاڵه‌كانیشی دادگایی ده‌كرێن. ئێمه باسی توركیا ده‌كه‌ین كه له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ڕێگه‌ی زه‌برو زه‌نگ‌و ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆرییه‌تێكی په‌رده‌پۆشكراو به توێژاڵێكی دیموكراتی‌و له‌كاتی نه‌بوونی چالاكیی سیاسیی ئیسلامی عه‌لمانییه‌تێكی له‌قی سه‌پاند، ئه‌ی بۆ كوردستان كه چالاكیی سیاسیی ئیسلامیی هه‌یه‌و بارودۆخه‌كه‌شی به‌و جۆره نییه ده‌سه‌ڵاتێك بتوانێت وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی توركیای جاران خۆی بسه‌پێنێت؟
به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه هه‌ڵبژاردنی ڕه‌وتێكی دینی له توركیا په‌یوه‌ندیی هه‌یه به ئه‌دای به‌هێز‌و چاكسازی ئه‌و ڕه‌وته‌یه بۆیه‌ش خه‌ڵكێكی زۆر ده‌نگیان بۆ ئه‌و حزبه دا بێئه‌وه‌ی له‌ڕووی ئاینییه‌وه ئیلتزامیان هه‌بێت، بڕواش ناكه‌م حزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان خۆیان تووشی ئه‌و وه‌همه گه‌وره‌یه كه ره‌فزی خه‌ڵكی كوردستان بۆ عه‌لمانییه‌ت به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به خۆیان بده‌ن. پێویسته ئیسلامییه‌كان بیسه‌لمێنن له پارتی‌و یه‌كێتی پاكتر‌و زیره‌كتر‌و شاره‌زاترن‌و هی ئه‌وه‌ن پارتی‌و یه‌كێتی وه‌كو بوونه‌وه‌رێكی بچووك له‌به‌رده‌میان ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام به‌داخه‌وه حزبه ئیسلامییه‌كان خه‌ڵكی وایان هه‌یه به عه‌قڵیه‌تی گوند بیر ده‌كه‌نه‌وه، هه‌شیانه به‌عه‌قڵیه‌تی عه‌شایه‌رییه‌وه، هه‌وڵیشیان نه‌داوه ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تییان پسپۆڕ بن یان به‌لای كه‌مه‌وه خاوه‌ن ئاستێكی شاره‌زایی سیاسی‌و ئابووڕی‌و رۆشنبیریی به‌رزتر بن له‌وانه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی. له‌لایه‌كی تریشه‌وه كه‌سایه‌تیش هه‌ن زیاتر دروشم‌و ورووژاندنی سۆزی خه‌ڵك ده‌زانن‌و له‌وه خراپتر ئه‌وه‌یه دروشمبازی ئیسلامیمان هه‌ن به‌ڕواڵه‌ت بانگخوازن بۆ ئیسلام به‌ڵام ناواخنیان بانگه‌وازه بۆ خۆیان. به‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه خه‌ڵكی شاره‌زا‌و لێهاتووش هه‌ن، به‌ڵام من باسی حاڵه‌تی گشتی ده‌كه‌م.
به‌م حاڵه‌ش پێویسته تا ماوین هه‌ر له دووره‌وه ته‌ماشای سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموونی حزبی دادوگه‌شه‌پێدانی توركیا بكه‌ین.
ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم داواكاری نییه بۆ كۆپیكردنی ئه‌و ئه‌زموونه، راستیش نییه داوای ئه‌وه بكه‌ین چونكه بارودۆخی دوو وڵاته‌كه جیاوازن. ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم بانگه‌وازه بۆ ئه‌وه‌ی حزبه ئیسلامییه‌كان رێگه‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه‌و ئه‌زموونی تایبه‌تی كوردستان بنیات بنێن نه‌ك واز له ڕووه‌كی ناو خانووی پلاستیكی بهێنن به‌و لاوازییه‌ی خۆیه‌وه ته‌نك به‌وان‌و به فیكری سیاسیی ئیسلامی هه‌ڵچنێت.
ڕێگای هزر، ژماره 10، 5/2013، لاپه‌ڕه 162-174.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2013-06-19-064.html