عیززه‌ت دووری‌و مام جه‌لال.. شێخانی ته‌ریقه‌ت‌و سۆشیال ئینته‌رناشناڵ
فازڵ قه‌ره‌داغی
سێشه‌ممه-07-ئایار(مانگی 5)-2013
كاتی خۆی عیززه‌ت دووری به حوكمی ئه‌وه‌ی سه‌ر تاقمی ده‌روێشه‌كان بوو زه‌وییه‌كی زۆری له گه‌ڕه‌كی ئێستای شێخانی سلێمانیی به شێخانی چوێسه به‌خشیبوو. زه‌وییه‌كان موڵكی بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا عه‌لی مه‌ڵكه‌ندی‌و مه‌لا كه‌ریمی برای بوون كه بۆ خۆم زاوای كوڕه‌كه‌ی مه‌لا عه‌لیم‌و ئاگام له‌و به‌سه‌رهاتانه‌یه. مه‌لا عه‌لی كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری كۆنی شاری سلێمانی بوو و به‌وه ناسرابوو كه به كه‌رامه‌ته‌وه به‌رامبه‌ر مێجه‌ر سۆن وه‌ستابوو، وه‌ك چۆنیش بنه‌ماڵه‌ی دوو مه‌لاكه به‌كه‌ڵكی بۆ داگیركه‌ری به‌ریتانی به‌سوود نه‌بوون، بۆ به‌عسیش وه‌هابوون.
گوایه دوای ڕاپه‌ڕین‌و داماڵینی میراتی به‌عس هه‌موو هه‌قه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕووی دا درێژه‌دان بوو به میراتیی به‌عس‌و نه‌ك ته‌نها ئه‌و زه‌وییه كه‌مه‌ی مابوو نه‌درایه‌وه خاوه‌نه‌كانی به‌ڵكو پاره‌ش درا به شێخانی چوێسه بۆ ته‌كیه‌و مزگه‌وت‌و مه‌رقه‌د‌و شتی له‌و جۆره. به‌پێی بڕیارێكی تاڵه‌بانیش له ساڵی 2004 بڕی یه‌ك ملیار‌و نیو درابوو به‌و بنه‌ماڵه‌یه‌و به‌م جۆره: شه‌شسه‌د ملیۆن دینار بۆ دروستكردنی مزگه‌وتێَك‌و خانوویه‌كی گه‌وره‌و مه‌رقه‌دێك‌و ته‌كێیه‌ك له چوێسه، بڕی نۆسه‌د ملیۆن دیناریش بۆ ته‌كێكه‌ی سلێمانی كه دیسان ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه غه‌سبه بوو كه كاتی به‌عس له بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا عه‌لی‌و مه‌لا كه‌ریم سه‌ندرابوو.
بڕیاره‌كه‌ی تاڵه‌بانی درێژه‌پێدانی بڕیاره‌كانی دووری بوو، ئه‌وه‌ی ئه‌و باسه سه‌یرتریش ده‌كات ئه‌وه‌یه تاڵه‌بانی دواتر وه‌ك یه‌كێك له جێگره‌كانی سه‌رۆكی سۆشیال ئینته‌رناشناڵ (ڕاستتر: سۆشیالیست ئینته‌رناشناڵ)، كه حزبه سۆشیالیسته‌كانی جیهان یان ئه‌وانه‌ی توخمێكی سۆشیالیستییان هه‌ڵگرتووه، له خۆ كۆده‌كاته‌وه، هه‌ڵبژێردرابوو. چ شتێكیش سۆشیال ئینته‌رناشناڵ له‌گه‌ڵ پاره به‌خشین به ته‌كیه‌و مه‌رقه‌دی شێخان كۆ ده‌كاته‌وه؟ مه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌م وڵاته كه به‌سه‌رهاته‌كانی له حیكاته‌كانی هه‌زارو یه‌ك شه‌و ده‌چن. لای كه‌سی عه‌لمانیش ده‌روێشێتی‌و موماره‌سه‌كانی ده‌روێشه‌كان خوڕافه‌ت‌و نه‌زانیی‌و دواكه‌وتووییه، به‌ڵام دیاره بێئه‌وه‌ی بزانین ئه‌و ده‌روێشایه‌تییه جێگه‌ی له‌ناو سۆشیال ئینته‌رناشناڵ ده‌بێته‌وه‌و ده‌كرێت به‌شێك بێت له مۆدێرنیزم‌و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه.
شته سه‌یروسه‌مه‌ره‌كان له‌وه‌ش زۆرترن. ئه‌گه‌ر باسی زه‌وی بكه‌ین پێویسته بڵێم كه پرده‌كه‌ی ده‌باشان‌و زه‌وییه‌كانی ده‌وروبه‌ری تا گردی كوردسات موڵكی بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا عه‌لی بوون‌و به‌عس ده‌ستی به‌سه‌ر گرتبوون. هه‌ندێك زه‌وی مابوون به‌ڵام له‌سه‌رده‌می تاڵه‌بانی داربوون به خه‌ڵكی تر به موساته‌حه، بۆچیش درا به فڵان‌و فیسار؟ ته‌نها یه‌ك ته‌فسیر، نه‌ك هه‌زارو یه‌ك، هه‌ڵده‌گرێت. پارچه زه‌وییه‌كی بچو‌وكیش مابوو وترا له‌به‌ر ڕووبه‌ره‌كه‌ی ناكرێته شوێنی بازرگانی، به‌ڵام دوایی كرا، زه‌وییه‌كی بچووكی تریش نزیك پرده‌كه‌ی ده‌باشان مابوو و بڕیار درا بكرێته باخچه به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی باخچه‌ی مه‌لا عه‌لیی مه‌ڵكه‌ندی بێت ناوی نرا باخچه‌ی قه‌شه یووسف په‌ری!
زه‌وییه‌كیش له‌وانه گه‌وره‌تر مزگه‌وتێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دروست كرا‌و ناونرا مزگه‌وتی شێخان! ئه‌و كاته‌ش كه مامۆستا عه‌بدولغه‌فوور، كوڕی مه‌لا عه‌لی‌و مامۆستایه‌كی كۆنی شاره‌كه‌و ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، مابوو له ته‌ره‌فی شێخانی چوێسه‌وه چووبوونه لای بۆ گه‌ردن ئازادی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن مزگه‌وته‌كه دروست بكه‌ن به‌ڵام ئه‌و گه‌ردنی ئازاد نه‌كردن، هه‌ر بۆیه ئه‌و مزگه‌وته له‌سه‌ر زه‌ویی غه‌سب دروستكراوه‌و به‌پێی فه‌توای زانایانی نوێژكردن لێی جائیز نییه. گوایه فه‌توایه‌كی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕڕیسیش هێنراوه كه نوێژكردن له‌وێ دروسته، به‌ڵام باوه‌ڕم به هه‌بوونی ئه‌و فه‌توایه نییه، یان به‌لای كه‌مه‌وه فه‌تواكه ئه‌گه‌ر هه‌بێت به‌و جۆره نییه كه باس كراوه وه‌ك چۆن ئێستا ده‌زانین كه قسه‌كه‌ی تاڵه‌بانی دوای ڕاپه‌ڕین كه كوردستانێكی نوێ به‌ڕێوه‌یه به‌و جۆره نه‌بوو كه خه‌ڵك تێگه‌یشتن چونكه یه‌كسه‌ر دوای ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی كوردی كه‌وته تاڵانكردنی كوردستانه نوێكه‌و شه‌ڕێكی ناوخۆی به‌رپاكرد‌و سه‌ختیی گه‌مارۆی سه‌ر عیراقی به‌سه‌ر ئه‌و كوردستانه نوێیه دووقات كرده‌وه.
كێشه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی مه‌لا عه‌لی مه‌ڵكه‌ندی ئه‌وه بوو به گه‌مه‌ی تێكه‌ڵكردنی سیاسه‌ت‌و پاره تێوه‌نه‌گلابوون، ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی عیراقی سه‌رده‌می به‌عس كردبووی‌و دوو حزبه‌كه‌ی كوردستان درێژه‌یان پێداوه، ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌هلی مه‌سڵه‌حه‌ت گونجاوه نه‌ك له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی سۆشیال ئینته‌رناشناڵ، خه‌تێكیش بۆ ژێر وشه‌ی (بنه‌ما) بۆ كه‌سێك نه‌زانێت خودی سۆشیال ئینته‌رناشناڵ زاتێكی پاك نییه‌و پڕه له جڕوجانه‌وه‌ره‌كانی جیهان كه هه‌یانه له سه‌رمایه‌داره‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده بێویژدانترن.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به تیۆری ئابوورییه‌وه هه‌یه‌و جێگه‌ی سه‌یره‌و پێویسته بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو تۆماری بكه‌ن ئه‌وه‌یه له‌لایه‌ك ئه‌و كارانه ده‌كرێن كه بۆنی سۆشیالیزمی لێ دێت (راسته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه سۆشیالیزم نییه به‌ڵكو سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌ته)و له‌لاكه‌ی تر باسی بازاڕی ئازاد بكرێت به‌خراپترین شێوه‌ی سه‌رمایه‌داری. ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وی یان به‌خشینی له‌هیچ خاڵێك له‌گه‌ڵ بازاڕی ئازاد یه‌ك ناگرێته‌وه‌و زۆرتر كاری سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌ته. به‌ڵام ئایا به‌ڕاستی بازاڕ ئازاده؟ بێگومان نه‌خێر چونكه هه‌موو ده‌زانین كه بواره ئابوورییه گرنگه‌كان ئیحتكار كراون. كورته‌كه‌ی هیچ تیۆرێكی ئابووری حوكمی كوردستان ناكات چونكه ئابووریی كوردستان لای چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌وه گرنگتره بخرێته ژێر ڕه‌حمی تیۆره‌كان كه پابه‌ندبوون ده‌خوازن. تا حاڵیش وابێت سه‌یرتر له تێكه‌ڵبوونی یاهوو یاهوو ته‌كێكان به دروشمه‌كانی مۆدێرنیزم ده‌بینین‌و هیچ له‌و شته سه‌یرانه لادان نابن له بنه‌ماكانی فه‌رمانڕه‌وایی، خراپیش نییه جار جار‌و بۆ یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژانی ڕابوردوو سروودێك بۆ چینی زه‌حمه‌تكێش بوترێت.
تێبینی: به‌ته‌مابووم چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م بابه‌ته بنووسم به‌ڵام دواكه‌وت به‌هۆی ده‌ستنه‌كه‌وتنی هه‌ندێك ژماره‌و به‌هۆی حه‌زكردنم كه بایه‌خی زیاتری پێ بده‌م، هه‌روه‌ها به‌بێ هۆ. دوای وه‌زعه‌كه‌ی تاڵه‌بانیش وتم با دوایبخه‌م بۆ چاكبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی، به‌ڵام دیاره هێشتا ئه‌و چاكبوونه‌وه‌یه ماویه‌تی بۆیه تا تاڵه‌بانی ماوه با بڵاوبێته‌وه.
له رۆژنامه‌ی (به‌یان)، ژماره 34، له 7/5/2013، لاپه‌ڕه 12.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2013-05-07-062.html