عه‌لمانیه‌ت‌و دیموكراسی.. یه‌كگرتنیان‌و ناكۆكییان
فازڵ قه‌ره‌داغی
چوارشه‌ممه-06-ئازار(مانگی 3)-2013
كۆڕێك له سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی لاوان- سلێمانی- شه‌ممه 2-3-2013
تێبینی: هه‌ندێك زیاده‌و ڕوونكردنه‌وه هه‌ن له‌م پوخته‌یه كه له كۆڕه‌كه نه‌بوون.
پوخته‌یه‌كی كۆڕه‌كه:
ئه‌مه لێكۆڵینه‌وه نییه به‌ڵكو كۆڕه بۆیه وه‌كو لێكۆڵینه‌وه ته‌ماشا نه‌كرێت. مه‌به‌ستی باسه‌كه‌ش ئاشكراكردنی ڕاستیی ئه‌و قسه‌یه‌یه كه ده‌ڵێت دیموكراسی بێ عه‌لمانیه‌ت نابێت. ئه‌گه‌ر بۆشمان ده‌ركه‌وێت كه قسه‌كه ڕاست نییه پێویسته دژی بوه‌ستینه‌وه چونكه ئه‌وه ته‌رویجه بۆ عه‌لمانیه‌ت.
پێناسه‌ی دیموكراسی‌و عه‌لمانیه‌ت:
ناكرێت لێره پێناسه‌كانی دیموكراسی‌و عه‌لمانیه‌ت باس بكه‌ین بۆیه ته‌نها پێناسه‌ی كورت‌و ساده‌یان ده‌خه‌ینه ڕوو ئه‌ویش كه دیموكراسی حوكمی گه‌له‌و به‌هۆی گه‌له‌وه‌یه‌و بۆ گه‌له كه ئه‌مه ده‌كاته یه‌كسانیی تاكه‌كان‌و تاقمه‌كان له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌ت، عه‌لمانیه‌تیش جیاكردنه‌وه‌ی ئاین‌و ده‌وڵه‌ت له‌یه‌كتر‌و بێلایه‌نیی ده‌وڵه‌ت سه‌باره‌ت به ئاینه‌كان‌و ئه‌مه ده‌كاته یه‌كسانیی ئاینه‌كان له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌ت.
پێناسه‌ی خۆشم بۆ ئه‌و دوانه ئه‌وه‌یه دیموكراسی به‌شداریكردنی خه‌ڵكه له فه‌رمانڕه‌وایی به هه‌موو ئاسته‌كانی (ده‌نگدان، چاودێریی حكومه‌ت، ڕاستكردنه‌وه‌ی حكومه‌ت). حاڵه‌تی میسالیی دیموكراسیش بریتییه له زۆرترین به‌شداریی ئه‌و خه‌ڵكه (زۆرترین به‌شداری وه‌ك ژماره‌و زۆرترین به‌شداری له ئاسته‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی نه‌ك ته‌نها له ده‌نگدان).
پێناسه‌ی خۆشم بۆ عه‌لمانییه‌ت ئه‌وه‌یه عه‌لمانییه‌ت به دنیاگه‌رایی (دنیاویستی)ـه‌وه په‌یوه‌ست ده‌كه‌م به‌ڵام بۆ مه‌به‌ستی ئه‌م كۆڕه عه‌لمانییه‌ت بریتی ده‌بێت له دوورخستنه‌وه‌ی ئاین له كایه‌ی گشتی. به‌م جۆره‌ش عه‌لمانیه‌ت سێ ئاستی هه‌یه:
1-ئاین تایبه‌ت ده‌كرێت به كایه‌ی تایبه‌ت. ده‌وڵه‌ت به‌ته‌واوی بێلایه‌نه.
2-هه‌ر وه‌كو سه‌ره‌وه ئاین تایبه‌ت ده‌كرێت به كایه‌ی تایبه‌ت به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ك رێگه به كاری ئاین له‌سه‌ر كایه‌ی گشتی ده‌درێت.
3-ده‌وڵه‌ت ده‌ست وه‌رده‌داته كایه‌ی تایبه‌ت وه‌ك سه‌پاندنی بیروباوه‌ڕی عه‌لمانی.
شیكردنه‌وه‌ی دیموكراسی‌و عه‌لمانیه‌ت:
دیموكراسی كار له‌سه‌ر ده‌وری تاك وه‌ك هاووڵاتییه‌ك له كاری سیاسی ده‌كات. دیموكراسی چه‌ند جۆرێكی هه‌یه: جۆری كۆنی وه‌ك له یۆنانی كۆن هه‌بوو كه تاك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ت یه‌كیگرتبوو. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ئازادییه فه‌ردییه‌كان به‌م شێوازه نوێیه وجوودی نه‌بوو. جۆرێكی تر بریتییه له دیموكراسییه‌ك به لیبڕالیه‌ت پیتێندراو. ئه‌و دیموكراسییه نوێتره‌و به‌هاكانی ئازادیی فه‌ردیی هێناوه‌ته ناو دیموكراسی ئه‌ویش چونكه ده‌ركه‌وت تاك به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ت یه‌كناگرێته‌وه. خه‌ستیی لیبراڵیه‌ت له‌و دیموكراسییه له به‌رز‌و نزمی بوو ئه‌ویش به‌پێی سه‌رده‌م وه‌ك چۆن تا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیست لیبراڵیه‌ت زاڵ بوو به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌و قه‌یرانه ئابوورییه گه‌وره‌كان ده‌وڵه‌ت ناچار بوو خۆی بخنێته ناو چالاكیی ئابووری‌و چه‌مكی ده‌وڵه‌تی ئیجابی سه‌ریهه‌ڵدا. كاتێكیش دیموكراسی وك‌و هاووڵاتییه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌كات ئه‌و هاووڵاتییه‌ی به‌هه‌موو شتێك به زۆربه‌ی شته‌كانییه‌وه قبووڵێتی، به‌ڵام عه‌لمانیه‌ت وه‌كو بوونه‌وه‌رێكی ئاینی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌كات بۆیه ئه‌و مرۆڤه‌ی قبووڵه به‌ڵام به‌بێ قه‌ناعه‌ته ئاینییه‌كانییه‌وه‌و پێویسته مرۆڤ ئه‌و قه‌ناعه‌تانه‌ی بۆ خۆی هه‌ڵبگرێت، هه‌ر بۆیه‌ش عه‌لمانییه‌ت زیاتر له دیموكراسی كاری دوورخستنه‌وه ده‌كات‌و له‌و قووڵتر مرۆڤ له‌ت ده‌كات وه‌ك دواتر باسی ده‌كه‌م.
یه‌كگرتنی دیموكراسی‌و عه‌لمانیه‌ت:
دوو خاڵ باس ده‌كه‌ین:
1-دیموكراسی‌و عه‌لمانیه‌ت له‌وه وه‌ك یه‌كن كه له هه‌ردووكیان ده‌وڵه‌ت پێكهاته‌كان به یه‌ك چاو ته‌ماشا ده‌كرێن. له دیموكراسی تاكه‌كان‌و تاقمه‌كان لای ده‌وڵه‌ت یه‌كسانن، له عه‌لمانیه‌تیش ئاینه‌كان لای ده‌وڵه‌ت یه‌كسانن. به‌ڵام ئاگادار بین ئه‌وه ته‌نها به‌شێوه‌یه‌كی تیۆرییه نه‌ك سه‌د له سه‌د چه‌سپێندراو بێت.
2-هه‌ردووكیان ئه‌نجامی ململانه‌ی تاقمه به‌هێزه‌كان بوون. دیموكراسی ئه‌نجامی ململانه‌ی نێوان پادشا‌و ده‌ره‌به‌گه‌كان و پاشان ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌و بورجوازیه‌ت‌و پاشان خه‌ڵكیش هاتنه ناو هاوكێشه‌كه (نموونه پوخته‌كه له به‌ریتانیا بوو). هه‌ر یه‌ك له‌و تاقمانه به‌شی خۆی له فه‌رمانڕه‌وایی ده‌ویست. عه‌لمانیه‌تیش به‌هه‌مان شێوه ململانه‌ی نێوان كه‌نیسه‌و ئه‌وانه‌ی ده‌یانویست له ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه ڕزگاریان بێت وه‌ك میره‌كان‌و پادشاكان یان تاقمه‌كان‌و بیرمه‌ندان‌و سیاسه‌تمه‌داران.
ناكۆكیی نێوان دیموكراسی‌و عه‌لمانیه‌ت:
چه‌ند خاڵێك باس ده‌كه‌ین:
1-وتمان عه‌لمانیه‌ت‌و دیموكراسی به‌رهه‌می ململانه‌ن به‌ڵام دیموكراسی به ته‌وافقی پێكهاته‌كان نیزام‌و فه‌لسه‌فه‌ی خۆی دامه‌زراند واته دیموكراسی دوورخستنه‌وه‌ی كه‌سی له‌خۆ نه‌گرتبوو، یان كه‌مترین دوورخستنه‌وه‌ی پیاده كرد، به‌م ته‌وافقه‌ش كه دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانه كرۆكی دیموكراسی به‌جێدێت به‌ڵام عه‌لمانیه‌ت ته‌وافقی تێ نییه چونكه پێویسته یه‌كێك له دوو نه‌یاره‌كه دووربخرێته‌وه، بۆ نموونه ناكرێت كه‌نیسه‌و نه‌یاره‌كانی به‌شدار بن له یه‌ك نیزام‌و به‌و نیزامه بوترێت عه‌لمانی. به‌ڵێ شێوازی ته‌وافقی هه‌بوون‌و هه‌ن كه له‌و شێوازانه ده‌ورێكی گه‌وره‌تری ئاین هه‌یه به‌ڵام ئه‌مه لادانه له كرۆكی عه‌لمانیه‌ت.
2-دیموكراسی به‌شداریكردنی خه‌ڵكه، دیموكراسیی میسالیش زۆترین به‌شداریی خه‌ڵك له‌خۆ ده‌كرێت. وه‌ك چۆنیش زاڵبوونی كه‌سێك یان تاقمێك مه‌ترسییه بۆ دیموكراسی مه‌ترسییه‌كی تر هه‌یه بۆ دیموكراسی ئه‌ویش ((بێزنه‌هاتن))ـه واتا دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له به‌شداریكردن، به‌تایبه‌تیش له ده‌نگدان. عه‌لمانیه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی دیموكراسی به‌شداریكردن سنووردار ده‌كات چونكه مه‌رج داده‌نێت كه زۆر كه‌س‌و ده‌زگا ناگرێته‌وه. بۆ نموونه كه‌نیسه ناتوانێت وه‌كو ده‌زگا به‌شداری بكات. كه‌سی ئاینداریش ناتوانێت به به‌رنامه‌یه‌كی ئاینییه‌وه به‌شداری بكات‌و پێوسته یان ئازادیی خۆی موماره‌سه نه‌كات یانیش له كاروباری گشتی دووربكه‌وێته‌وه. عه‌لمانییه‌ت ئازادیی تاكه‌كان‌و ده‌زگاكان سنووردار ده‌كات‌و دیاریی ده‌كات چی جائیزه‌و چی جائیز نییه.
3-هه‌ردوو دیموكراسی‌و عه‌لمانییه‌ت مرۆڤ له‌ت ده‌كه‌ن به‌ڵام دیموكراسی به قووڵی له‌تی ناكات. له‌تكردنی مرۆڤ له دیموكراسی بریتییه له گوێڕایه‌ڵی بۆ ڕای زۆرینه ئه‌گه‌رچیش قه‌ناعه‌تی مرۆڤ جیاواز بێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دیموكراسی هیوای ئه‌وه به‌و مرۆڤه ده‌دات كه له داهاتوو ده‌نگ بۆ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی بدرێت‌و ئه‌وه‌ی له‌سه‌رێتی ئه‌وه‌یه كاری بۆ بكات. له‌لاكه‌ی تره‌وه عه‌لمانیه‌ت به‌قووڵی مرۆڤ له‌ت ده‌كات چونكه وای لێ ده‌كات دوو جۆر ژیان بباته سه‌ر، ژیانێكی تایبه‌تی خۆی كه ئاین حوكمی ده‌كات (بێگومان بۆ كه‌سێك باوه‌ڕی به ئاین هه‌بێت‌و پیاده‌ی بكات) و ژیانێكی گشتی كه له‌گه‌ڵ ئاین ناكۆكه‌و پێویسته گوێڕایه‌ڵی بكات ئه‌وه‌ش هه‌موو بێئه‌وه‌ی هیوای ئه‌وه‌ی هه‌بێت له دواڕۆژ ئه‌و وه‌زعه بگۆڕێت بێئه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌ت بگۆڕێت، واته هیوای ئه‌وه‌ی نابێت ژیانی تایبه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ ژیانی جه‌معی كۆك بێت مه‌گه‌ر نیزامی عه‌لمانی نه‌مێنێت.
ناكۆكیی عه‌لمانیه‌ت له‌گه‌ڵ دیموكراسی له‌كاتی چه‌سپاندن:
له‌كاتی چه‌سپاندن ده‌رده‌كه‌وێت كه عه‌لمانیه‌ت دیموكراسی به زیانی خۆی ده‌بینێت. وه‌كو واقعیش بینیمان چۆن ئه‌و كاته‌ی عه‌لمانییه‌كان ترسیان له ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدان نه‌بوو باسی دیموكراسی‌و ده‌نگی گه‌ل‌و ژماره‌ی ده‌نگ‌و سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌كرد، به‌ڵام كاتێك گه‌ل هه‌ڵبژاردنێكی ئاینیی خواست وه‌ك ده‌نگدان بۆ حزبێكی ئاینی یان بۆ شه‌ریعه‌ت بیانووی ئه‌وه‌یان ده‌هێنایه‌وه كه ژماره‌ی ده‌نگ مه‌رج نییه چونكه گه‌ل وشیار نییه.
كێشه‌ی ئافره‌ت
وه‌ك وتم دیموكراسی به‌شداریكردنی خه‌ڵكه له كاری سیاسی به‌ڵام سه‌باره‌ت به توێژی ئافره‌تان ده‌بینین له رۆژئاوا كه ده‌مێكه رێگه‌ی عه‌لمانیه‌تی گرتۆته به‌ر ئه‌و به‌شدارییه هێشتا زۆر لاوازه. له رۆژئاوا به‌رزترین به‌شداریی ئافره‌ت له په‌رله‌مانه‌كان له سویده كه هێشتا ناگاته نیوه. رێژه‌كه‌ش له‌پڕ كه‌مده‌بێته‌وه‌و به‌رزترینیان سێ یه‌كه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه كه فه‌ڕه‌نسا كه سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری‌و بیری ئازاده‌و عه‌لمانیه‌تێكی په‌ڕگیر حوكمی ده‌كات رێژه‌كه زۆر كه‌متره، بۆ نموونه له كتێبێكی فه‌ڕه‌نسی كه باسی به‌شداریی ئافره‌ت ده‌كات كه چه‌ند لاوازه‌و هی سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌یه باسی ئه‌وه كراوه كه رێژه‌ی ئافره‌تان له په‌رله‌مان نزیكه‌ی یانزه له سه‌ده له‌كاتێك وڵاتێكی وه‌ك هیندستان كه زیاتر له نیوه‌ی ئافره‌تانی نه‌خوێنده‌وارن‌و ئافره‌ت به چاوێكی كه‌م ته‌ماشا ده‌كرێت رێژه‌كه نزیكه‌ی نۆ له سه‌ده، واتا جیاوازیی نێوان فه‌ڕه‌نسا‌و هیندستان ته‌نها دوو له سه‌ده. نووسه‌ره‌كه ده‌ڵێت كه له هیندستان ئه‌ندێرا غاندی چوار جار له‌سه‌ر یه‌ك بووه سه‌رۆك وه‌زیران‌و له‌وه زیاتر كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز بوو به‌ڵام به‌درێژایی ته‌مه‌نی فه‌ڕه‌نسا ته‌نها یه‌ك جار ئافره‌تێك بووه سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌ویش بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك ئه‌ویش له حكومه‌تێكی بۆر (به‌مه‌رجێك نیزامی هیندستان په‌رله‌مانییه واته ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره هی سه‌رۆك وه‌زیرانه به‌ڵام نیزامی فه‌ڕه‌نسا سه‌رۆكایه‌تیی‌و ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره هی سه‌رۆكه نه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانه). كاتێكیش فرانسوا میتیران بڕیاری دا ئه‌گه‌ر بووه سه‌رۆك كۆتا (به‌ش) بۆ ئافره‌تان دابنێت كه یاسا ده‌ربچێت 30 له سه‌دی پاڵێوراوان (تێبینی بكه‌ن رێژه‌كه بۆ پاڵێوراوانه واته بۆی هه‌یه ده‌نگ به‌و ئافره‌تانه نه‌درێت) ئافره‌ت بن، واته ئافره‌تانی هه‌ر لیستێكی هه‌ڵبژاردن پێویسته له‌و رێژه‌یه كه‌متر نه‌بن، پاشان كه یاسایه‌ك به‌م شێوه‌یه ده‌رچوو دادگای باڵای فه‌ڕه‌نسی ڕه‌تی كرده‌وه چونكه جیاكارییه له‌نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان، دواتریش یاسای تر ده‌رچوو به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانی‌و په‌رله‌مانی ئه‌ورووپی.
سه‌رچاوه‌یه‌كی كۆنتریش باسی ئه‌وه‌ی كردووه بۆچی به‌خشینی مافی ده‌نگدان به ئافره‌تان زۆر دواكه‌وت (ساڵی 1946) ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافره‌تان به‌گشتی له پیاوان زیاتر مه‌یلی ئاینییان هه‌یه بۆیه عه‌لمانییه‌كان ترسان به‌خشینی ئه‌و مافه به ئافره‌تان ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه به ده‌نگی ئافره‌تان كه‌سانی نزیك له كه‌نیسه ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ستبكه‌وێت. ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات وای بۆ بچین كه دانانی كۆتا (به‌ش) ته‌نها بۆ شاره‌وانی‌و په‌رله‌مانی ئه‌ورووپی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئافره‌ت بوو له په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسا كه یاسا بۆ وڵاته‌كه داده‌نێت.
به‌م جۆره‌ش عه‌لمانییه‌ت دژ به دیموكراسی بوو و له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه بوو.
له‌كۆتاییش پێویسته بزانین كه عه‌لمانییه‌كان كاتێك ده‌ڵێن دیموكراسی بێ عه‌لمانیه‌ت ناكرێت ئه‌وه قسه‌یه‌كه بۆ جوانكردنی عه‌لمانیه‌ت، هه‌روه‌ها داماڵینی سیفه‌تی عه‌لمانی له نیزامه دیكتاتۆرییه‌كان هه‌وڵێكه بۆ جوانكردنی عه‌لمانییه‌ت، واته كاتێك ده‌ڵێن نیزامه عه‌لمانییه دیكتاتۆرییه‌كان (ده‌وڵه‌ته كۆمۆنیسته‌كانی ئه‌وسای ئه‌ورووپای رۆژهه‌ڵات، حزبی به‌عس، توركیای ئه‌تاتورك، توونسی بورقێبه‌و بن عه‌لی...) عه‌لمانی نه‌بوون هه‌وڵێكه بۆ پاككردنی ناوی عه‌لمانییه‌ت له‌و نموونانه كه بێگومان عه‌لمانی بوون چونكه له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌لمانیه‌ت وه‌ستابوون ئه‌ویش دوورخستنه‌وه‌ی ئاین له سیاسه‌ت‌و په‌روه‌رده. عه‌لمانییه‌كانیش به دووباره‌كردنه‌وه‌ی قسه‌كه‌یان كه دیموكراسی بێ عه‌لمانیه‌ت نابێت ده‌یانه‌وێت قسه‌كه بكه‌نه ڕاستی، ئه‌ركی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه هه‌رچییه‌ك وترا وه‌كو خۆی وه‌رینه‌گرین به‌ڵكو شیی بكه‌ینه‌وه‌و بزانین چه‌ند ڕاسته‌و چه‌ندی وا نییه.
* * * * *
دوای پێشكه‌شكردنی باسه‌كه گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كرا‌و تێبینی كرا كه بابه‌تی له‌و جۆره جێگه‌ی پرسیار‌و بایه‌خی ئاماده‌بووانه، هه‌روه‌ها پێده‌چێت جێگه‌ی بایه‌خی توێژی خوێنده‌وارانه به‌گشتی چونكه بابه‌تی دیموكراسی‌و عه‌لمانیه‌ت له‌و جۆره باسانه‌ن كه قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2013-03-06-060.html