تهرهكردنی رۆژئاوا له ئیسلام
ئیسلام بۆشایی ڕۆحیی ڕۆژئاوا پڕده‌كاته‌وه به‌ڵام هێشتا باسی ئه‌حكامی سوڵتانییان بۆ ده‌كه‌ین
فازڵ قه‌ره‌داغی
شه‌ممه-26-کانوونی دووه‌م(مانگی 1)-2013
ڕۆژئاوا له زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ژیانی دنیایی به‌هێزو پێشكه‌تووه به‌ڵام ئه‌و دنیاویستنه بۆشایی رۆحیی بۆ دروست كردووه، زۆرێكش له‌ڕۆژئاوا هه‌ن په‌نا بۆ ئیسلام ده‌به‌ن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه، كه‌واته ئیسلام توانای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی شارستانیی رۆژئاوا بكات، به‌ڵام له‌لاكه‌ی تره‌وه ئه‌و كه‌سه ڕۆژئاواییه خۆی له‌به‌رده‌م فیكرێكی سیاسیی ئیسلامی ده‌بینێته‌وه كه زۆر لهدواوهوهیه له‌چاو ئه‌و ماف‌و كهرامهتهی له نیزامه‌كه خۆی هه‌یه، ئه‌و فیكره سیاسییه ئیسلامییهشه كه پێویستی به گۆڕینه.
*****
له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی فیكری عه‌لمانی له رۆژئاوا به‌و جۆره‌ی بواره‌كانی سیاسی‌و ئابووری‌و په‌روه‌رده له ده‌سه‌ڵاتی ئاینی دوورخرانه‌وه مرۆڤی رۆژئاوایی زیاتر بایه‌خی به ژیانی دنیایی دا‌و كه‌متر گرنگیی دا به ژیانی دوایی یان وه‌ك زاراوه مه‌سیحییه‌كه ده‌ڵێت ((ڕزگاربوون)).
ئه‌نجامێكی فیكر‌و موماره‌سه‌ی عه‌لمانی ئه‌وه بوو بۆشاییه‌كی رۆحی له رۆژئاوا دروست بوو. رۆژئاوا ویستی ئه‌و بۆشاییه به فیكر یان به فه‌لسه‌فه پڕ بكاته‌وه به‌ڵام نه فیكر‌و نه فه‌لسه‌فه نه‌یانتوانیوه‌و ناتوانن بچنه مه‌مله‌كه‌تی رۆح‌و ناچارن به‌هۆی سروشتی خۆیانه‌وه له كێڵگه‌ی تایبه‌تی خۆیان بمێننه‌وه. ئایدیۆلۆجیا وه‌كو به‌رهه‌مێكی فیكر‌و فه‌لسه‌فه (واقعیشمان له‌بیرنه‌چێت كه بزوێنه‌ری ئه‌و دوانه بوو) ویستی ئه‌و جیگه‌یه‌ی ئاین بگرێته‌وه به‌ڵام هه‌ر نه‌یتوانی. ماركسیه‌ت وه‌كو ئاینێك ڕه‌فتاری ده‌كرد به‌ڵام له ڕووه ڕوحییهكهوه وه‌كو ئایدیۆلۆجیا مایه‌وه. ئه‌وه‌ش كه به ماركسیه‌ت نه‌كرا به فیكره‌ی قه‌ومی‌و فیكره‌ی فاشی‌و لیبڕالییهتو فیكره‌كانی تریش نه‌كرا.
ئه‌ده‌بیشمان له‌بیر نه‌چێت كه ویستی خۆراكێكی رۆح بێت به‌ڵام ئه‌ده‌ب هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كرد مرۆڤ وه‌كو خاوه‌ن ڕۆحێك جیا بكاته‌وه له‌و ئاژه‌ڵانه كه هه‌روه‌ها خاوه‌ن رۆحن به‌ڵام جیاوازیشن له مرۆڤ. سه‌رباری شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كانیش جیهانیش هێشتا مرۆڤ زۆری ماوه بگاته جه‌وهه‌ری رۆح‌و ئاسووده‌یی به‌و رۆحه ببه‌خشێت.
مرۆڤی رۆژئاوایی ده‌مێكه توانیویه‌تی زۆر بۆ ژیانی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ی ببخشێت به‌ڵام باجه‌كه‌شی له‌ده‌ستدانی رۆح بوو كه وه‌كو وجوودێكی ماددی (ئیتر رۆح شتێكی ماددی بێت یان ناماددی) له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌كان یه‌كسانی ده‌كات به‌ڵام وه‌كو وجوودێكی مه‌عنه‌وی مرۆڤ به‌و ڕۆحه له ئاژه‌ڵه‌كان جیا ده‌بێته‌وه. كاتێكیش مرۆڤی رۆژئاوایی هه‌ست به‌وه ده‌كات، له‌وه‌ش گرنگتر كاتێك هه‌ست ده‌كات پێویسته هه‌وڵێك بۆ خۆی بدات ئینجا به‌دوای چاره‌سه‌رێك ده‌گه‌ڕێت. كه‌سانێك چاره‌سه‌ر له گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌سیحیه‌ت ده‌بینن، هه‌ندێك په‌نا بۆ ئاینی دوورده‌ستی وه‌كو (بوودیهت) ده‌به‌ن. زۆرێكیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاینه نزیكه‌كه بناسن واته ئیسلام. زۆریش له‌و زۆرانه ئه‌و شته له ئیسلام ده‌دۆزنه‌وه كه بۆی ده‌گه‌ڕان. زۆرێك كه باسی ژیانی موسڵمانانه‌ی ئێستایان ده‌كه‌ن باسی ئاسووده‌یی ده‌روونیان ده‌كه‌ن، ڕاسته‌وخۆش یان ناڕاسته‌خۆ پێمان ده‌ڵێن كه ئیسلام توانای هه‌یه قه‌یرانی رۆحیی رۆژئاوا چاره‌سه‌ر بكات. نهێنییه‌كی تری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی ئیسلامیش ئه‌وه‌یه كه به‌پاڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه ڕۆحییه پڕ ده‌كاته‌وه ژیانی دنیایی فه‌رامۆش ناكات. مرۆڤی رۆژئاوایی موسڵمانبوو ده‌بینێت كه پێویستی به‌وه نییه بچێته دێرێكو له جیهان دابڕێت، پێویستیشی به‌وه نییه هه‌موو حه‌زه‌كان كه‌بت بكات ته‌نانه‌ت حه‌زه ڕهواكانیش یان وه‌ك ده‌ڵێن هه‌موو حه‌زه‌كانی له‌ش به تاوان‌و گوناه بزانێت.
تا ئێره مژده‌ی خۆشمان پێیه، به‌ڵام چه‌ند فه‌رسه‌خێك له‌ولاوه دێوه‌زمه خۆی مه‌ڵاس داوه. مرۆڤی رۆژئاوایی له‌سه‌ر ئه‌وه فێر بووه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات ئازاد بێت، ده‌توانێت شكاتی دادگا له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین به‌رپرس بكات‌و ترسی نه‌بێت، فێره ئه‌گه‌ر بڕیارێكی حكومه‌تی به‌دڵ نه‌بێت رێپێوان ساز بدات، ئه‌گه‌ر كێشه‌كه گه‌وره‌ش بێت‌و به رێپێوان نه‌كرێت خۆپیشاندان ئه‌نجام بدات‌و له‌وه نه‌ترسێت كه‌س به خۆفرۆش ناوی به‌رێت یان بوترێت ئه‌وه ده‌ستی ده‌ره‌كی بوو. فێرش بووه بێ‌ترس له ته‌زویر ده‌نگی خۆی كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بدات.
هه‌ڵبه‌ت له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو ئازادییانهش سنووری وتراو و نه‌وتراو هه‌ن كه ئێره جێگه‌ی باسكردنیان نییه چونكه ئه‌وه‌ی لێره گرنگه حاڵه‌ته گشتییه‌كه.
ئه‌و كه‌سه رۆژئاواییه كه بۆته موسڵمان‌و دڵی خۆشه به پڕبوونه‌وه‌ی بۆشاییه رۆحییه‌كه‌ی واده‌زانێت له‌هه‌مان كات ده‌توانێت ئه‌و مافانه‌شی بپارێزێت كه نیزام‌و موماره‌سه‌و فه‌لسه‌فه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی رۆژئاوایی داویانه، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه تووشی شۆكێكی گه‌وره ده‌بێت كاتێك كه‌سانێك باسی نیزامی فه‌رمانڕه‌وایی له ئیسلامی بۆ ده‌كه‌ن كه گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌د هه‌نگاوییه له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له وڵاتی خۆی هه‌یه‌تی. خه‌ڵكانێكمان هه‌ن وا ده‌زانن نیزامی فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلام فیقهه سوڵتانییه‌كه‌ی سه‌دان ساڵ له‌مه‌وه پێشه.
كه‌سی رۆژئاوایی چۆن تووشی شۆك نابێت كاتێك پێی ده‌وترێت له ئیسلام خه‌لیفه هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵاتی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌و تا مردن حوكم ده‌كات؟ ئه‌و كه‌سه له‌وه زیاتری پێ ده‌وترێت ئه‌ویش شوورا له ئیسلام بریتییه له ئه‌هلی حه‌لو عه‌قد كه خه‌لیفه هه‌ڵیانده‌بژێرێت‌و خه‌ڵك بۆیان نییه ده‌نگیان له‌سه‌ر بده‌ن. خه‌ڵكێكیش هه‌ن بۆ پاراستنی رژێمێكی دیاریكراوی وڵاتێكی موسڵمان به‌ناوی عه‌قیده‌ی سه‌له‌فه‌وه پێی ده‌ڵێن: خۆپیشاندان حه‌رامه، گوێڕایه‌ڵیی فه‌رمانڕه‌وا واجبه هه‌تا ئه‌گه‌ر پابه‌ندبوونیشی به ئیسلامه‌وه لاوازه‌و به‌م جۆره مرۆڤی رۆژئاوایی ده‌باته‌وه مه‌سیحیه‌تی ((قه‌یسه‌ری پادشای زه‌وی))و ((خودای پادشای ئاسمان))، ئینجا كوته‌كی گه‌وره به‌سه‌ر ئه‌و موسڵمانبووه ده‌كێشرێت كاتێك پێی ده‌وترێت فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ره كه گوێڕایه‌ڵیی فه‌رمانڕه‌وا بی هه‌تا ئه‌گه‌ر جه‌ڵده له پشتت دراو ماڵه‌كه‌ت برا كه ئه‌مه زیاده‌یه‌كی لاوازه له فهرموودهیهكو قسه له‌سه‌ر ئه‌مه بۆ ده‌رفه‌تێكی تر هه‌ڵده‌گرم.
ئێمه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئیسلام وه‌ك به‌دیل‌و چاره‌سه‌ر بۆ جیهانو به‌تایبه‌ت بۆ رۆژئاوا بخه‌ینه ڕوو پێویسته به‌هه‌موو ئه‌و فیكره سیاسییه ئیسلامییه بچینه‌وه‌و چۆنیش ئیسلام وه‌كو چاره‌سه‌رێكی رۆحی ته‌رح ده‌كه‌ین ئاوه‌هاش ئیسلام وه‌كو چاره‌سه‌رێكی سیاسیش بخه‌ینه به‌رده‌ستی ئه‌و جیهانه تا كه‌سی موسڵمانبوو نه‌ڵێت ئه‌گه‌ر كافر بم كهرامتم هه‌یه‌و مافم زۆره‌و ته‌نانه‌ت ده‌توانم هێلكه بگرمه سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵام كه ببمه موسڵمان پێویسته گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانڕه‌وا بم ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لێشم بدات‌و ماڵه‌كه‌شم به‌رێت.
له رۆژنامه‌ی (به‌یان) ژماره 19 له 22/1/2013، لاپه‌ڕه 13
تێبینی: رۆژنامه‌كه ناوونیشانه‌كه‌ی لا درێژ بوو و داوای ناوونیشانێكی كورتتری كرد به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوونیشانه‌كه به ته‌له‌فۆن وترا به‌هه‌ڵه‌ش له رۆژنامه‌كه دابه‌زی واته‌ی (تهرهكردنی ئیسلام له رۆژئاوا)، لێره‌ش ناوونیشانی هه‌ردوو ناوونیشانه كورتهكهو درێژه‌كه‌م داناوه.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2013-01-26-056.html