5% له 17% گه‌وره‌تره، 3 پارێزگا له 18 پارێزگا زۆرترن، بێده‌نگیش زێڕه
فازڵ قه‌ره‌داغی
چوارشه‌ممه-27-حوزه‌یران(مانگی 6)-2012
ئه‌م بابه‌ته ساڵی 2009 نووسراوه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك دوو ژماره‌م لا نه‌بوو بڵاوكردنه‌وه‌ی دواكه‌وت، ئێستاش ره‌نگه بۆ چیرۆكی ئه‌م رۆژانه‌ی بودجه‌ی 2012 گونجاو بێت.
-----
له (كونی ڕه‌ش) یاسا فیزیاییه ناسراوه‌كانی ئه‌م جیهانه‌مان په‌كیان ده‌كه‌وێت، كوردستانیش له‌و جۆره كونه ڕه‌شه‌ی هه‌یه (دوو كون دوور له چاوی حه‌سوودان) كه یاسا كۆنه پته‌وه‌كانی فیزیا‌و ماتماتێك له‌ناویان هه‌ره‌س ده‌هێنن. به‌ر له فیزیا‌و ماتماتیكیش مێژوو بۆ شایه‌تی نۆره‌ی گرتووه، مێژووه‌كه‌ش زۆر نزیكه لێمانه‌وه‌و نێوانمان ته‌نها چه‌ند ساڵێكه. ئه‌گه‌ر بیرتان مابێت (وه‌ك ده‌شزانن ده‌ردی كورد له‌بیرچوونه‌وه‌یه) هێشتا كاتی سه‌ددام بوو كورد‌و به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌یان ده‌كرده به‌ڵگه له‌سه‌ر بۆگه‌نیی ڕژێمه‌كه كه له‌هه‌موو داهاتی عیراق، عیراقی پڕ له نه‌وت، ته‌نها سه‌دی پێنجی بۆ خه‌ڵك خه‌رج ده‌كرا، باقیش بۆ كڕینی چه‌ك. دوای كه‌وتنی سه‌ددامیش ئه‌و قسه‌یه له‌بیر كرا، به‌ڵكو خرایه ژێر گڵ چونكه واقعه نوێكه له‌جیاتی 5% ڕێژه‌یه‌كی گه‌وره‌تری له‌گه‌ڵ خۆی بۆ كوردستان هێنا ئه‌ویش 17%، به‌راوردرییه مه‌نتقییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه چۆن سه‌ددام به ڕێژه‌ی 5% ئه‌و هه‌موو كاره‌ی ده‌كرد كه‌چی ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئێستا 17% وه‌رده‌گرێت‌و هێشتا ده‌كڕووزێته‌وه.
جیاوازیی نێوان دوو ڕێژه‌كه زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییه له‌و ڕێژه‌یه گه‌وره‌تره كه چاو ده‌یبینێت. به‌راوردییه‌كه وردتر بكه‌و ده‌زانی جیاوازییه‌كه چه‌ند گه‌وره‌یه. خوێنه‌ری بێئارامیش وریا ده‌كه‌مه‌وه كه ره‌نگه ئه‌م ژمارانه سه‌یری بیه‌شێنن، بۆیه ده‌توانین پوخته‌ی كۆتایی بخوێنێته‌وه، پێشم خۆشه وردبینێكی فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌و ژمارانه بچێته‌وه نه‌وه‌كو هه‌ڵه‌یه‌كم كردبێت، هه‌ڵه‌كه‌ش هه‌رچه‌ندێك بێت له راستییه شارادراوه‌كه كه‌مناكاته‌وه:
ئه‌و 5% ـه كه سه‌ددام بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی خه‌رج ده‌كرد بۆ هه‌موو عیراق ده‌چوو، واته بۆ 18 پارێزگا له‌كاتێك 17% ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ته‌نها سێ پارێزگایه، له‌گه‌ڵ شتێكی كه‌م بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێژانه بكه‌ینه ژماره ده‌ڵێین ساڵی 2008 به‌شی هه‌رێم له بودجه‌ی عیراق 8 ملیار دۆلار بوو. گریمان ئه‌وه‌ی كاتی سه‌ددامیش وه‌كو ئه‌وه‌ی 2008 ـه واته عیراق 47 ملیار بودجه‌ی بوو، رێژه‌ی 5% یش ده‌كاته 2350 ملیۆن دۆلار دابه‌شی 18 پارێزگای بكه‌ین هه‌ر پارێزگایه‌ك 130,5 ملیۆن دۆلاری به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی هه‌رێمیش 8 ملیاره دابه‌شی سێ پارێزگا ده‌كاته 2667 ملیۆن دۆلار بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك، واته هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر له بیست ئه‌وه‌نده‌ی كاتی سه‌ددامی به‌رده‌كه‌وێت.. ئێمه ده‌ڵێین بیست ئه‌وه‌نده به‌ڵام زۆرتره چونكه كاتی سه‌ددام به‌غدای پایته‌خت هه‌بوو كه بایه‌خی زۆری پێ ده‌درا. به‌ڵام جیاوازییه‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تر‌و خه‌یاڵیشه چونكه به‌پێی تاریق عه‌زیز بودجه‌ی عیراق ساڵی 1990 بریتی له 10 ملیار دۆلار نه‌ك 47 كه وه‌كو ساڵی 2008 حسابمان كرد، واته هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم ئێستا نزیكه‌ی سه‌د ئه‌وه‌نده كاتی سه‌ددام وه‌رده‌گرێت، واته له‌بڕی ئه‌و ده ملیاره ته‌نها نیو ملیار بۆ خه‌ڵك سه‌رف ده‌كرا، به‌شی هه‌ر پارێزگایه‌كیش نزیكه‌ی 27 ملیۆن دۆلاره، به‌ڵام هێشتا ماوه چونكه نرخی ره‌سمیی دۆلاری ئه‌و كاته بریتی له سێ دۆلار بۆ یه‌ك دینار‌و ئه‌و بڕه‌ی سه‌ره‌وه ده‌یكرده 9 ملیۆن دینار له‌كاتێك هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم 3200 ملیار دیناره، ئه‌گه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری ناوه‌ڕاستیش بكه‌ینه پێوانه بۆ جیاوازیی دیناری ئه‌و دوو سه‌رده‌مه (600 هه‌زار دیناری ئێستا بۆ 200 دیناری ئه‌وسا) به‌شی هه‌ر پارێزگایه‌ك نزیكه‌ی 1067 ملیۆن دیناری كۆن ده‌بێت به‌رامبه‌ر ته‌نها 9 ملیۆن دیناری كۆنی كاتی سه‌ددام، واته هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم زیاتر له 118 ئه‌وه‌نده‌ی كاتی سه‌ددامی به‌رده‌كه‌وێت.
به‌ڵام ئێمه هێشتا له خوار ژماره ڕاسته‌قینه‌كه‌ین چونكه حكومه‌تی هه‌رێم 17% وه‌رناگرێت به‌ڵكو له‌وه زیاتر له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له سێ پارێزگاكه بڕێكی زۆر پاره‌ی بۆ ته‌رخان كراوه كه هه‌روه‌كو باقی پارێزگاكانی عیراق له حكومه‌تی مه‌ركه‌زییه‌وه وه‌ریده‌گرن (پێی ده‌وترێت بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان) ئه‌وه‌ی بیزانم ته‌نها پارێزگای سلێمانی به‌بۆدجه‌ی ته‌واوكارییه‌وه 400 ملیاری بۆ ته‌رخان كراوه بۆ ساڵی 2008، ئه‌مه‌ش فشار له‌سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم كه‌مده‌كاته‌وه‌و عه‌یبوعاری ئه‌نجامنه‌دانی پرۆژه ده‌شارێته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی كورد په‌نجه‌ی نه‌ماوه له خه‌فه‌تا نه‌یگه‌زێت چونكه ئه‌و هه‌موو پاره‌یه له‌به‌رچاوی ئه‌و دێت‌و ده‌ڕوات بێئه‌وه‌ی بتوانێت وه‌كو پێویست لێی لابدات، نهێنیی ئه‌و بێتواناییه‌ش له‌وه‌یه پاره‌كه له مه‌ركه‌زه‌وه ماڵه به‌سه‌ر پارێزگاكان‌و پێویسته حه‌ق‌و حساب له‌گه‌ڵ مه‌ركه‌ز بكرێت، به‌واتایه‌كی تر ده‌بێت سوپاسی حكومه‌تی مه‌ركه‌زیی به‌غدا بكه‌ین كه ئه‌و بودجه‌یه به‌ده‌ردی بودجه‌ی هه‌رێم نه‌ڕۆشتووه، به‌واتایه‌كی واتادارتر له‌وه، بێگانه به‌ڕه‌حه‌متره. به‌م جۆره‌ش 400 ملیار دیناری نوێ ده‌چێته پاڵ 3200 ملیار دینار و ده‌كاته 3600 ملیار بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك (سلێمانیش له ژماره‌ی دووه‌م حساب كراوه) كه ده‌كاته 1200 ملیۆن دیناری عیراقیی كۆن به‌رامبه‌ر 9 ملیۆن دیناری كۆنی كاتی سه‌ددام.
پوخته‌ی حسابه‌كه: نه‌وه‌كو ده‌سه‌ڵات زوڵم له‌و ژمارانه ببینێت 1200 ملیۆن دیناره‌كه ده‌كه‌ینه 900 ملیۆن دیناری عیراقیی كۆن به‌ر هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم ده‌كه‌وێت به‌رامبه‌ر 9 ملیۆن دیناری عیراقیی كۆن كاتی سه‌ددام و به‌م جۆره هه‌ر پارێزگایه‌كی هه‌رێم سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی كاتی سه‌ددامی به‌رده‌كه‌وێت، یان به‌واتایه‌كی تر سه‌ددام یه‌ك له سه‌دی هه‌رێمی بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك ته‌رخان ده‌كرد، ئه‌ویش دوای خاترانه‌یه‌كی زۆر ئه‌گینا به‌پێی حسابه‌كه‌ی خۆمان 133 ئه‌وه‌نده‌یه.
پوخته‌یه‌كی پوختتر: ئه‌گه‌ر حه‌زت له ژماره‌ی زۆر نییه ئاوا حسابی بكه: 5%ی كاتی سه‌ددام بۆ 18 پارێزگا به‌شی هه‌ر پارێزگایه له بودجه ده‌كاته نزیكه‌ی له 28 له ده هه‌زار، 17%ی هه‌رێمیش بۆ سێ پارێزگا به‌شی هه‌ر پارێزگایه له بودجه ده‌كاته نزیكه‌ی 567 له ده هه‌زار، ئه‌وه جگه له بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان‌و جگه له حسابی دینار‌و دۆلاری ئه‌وسا‌و ئێستا.
كه‌سیش نازانێت ژماره‌ی ڕاسته‌قینه كامه‌یه. كه‌س نه‌یزانی چۆن بودجه‌ی 2007 هات‌و ڕۆشت، وتمان به‌ڵكو بودجه‌ی جوانه‌مه‌رگ قه‌زای بودجه‌ی 2008 ی بردبێت كه‌چی ئه‌ویش به‌و ده‌رده چوو، ئه‌وه‌تا بودجه‌یان هێنا‌و برد تا گه‌یشته مانگی حه‌وت، كه بودجه‌ی فه‌رمانگه‌كانیشیان نارد ئه‌وه‌ی داواكرابوو دابه‌شی 10 كرا، واته ئه‌گه‌ر ملیارێك داواكرابێت سه‌د ملیۆن هاته‌وه، به‌شی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ مووچه‌یه ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه بۆ هه‌ندێ مه‌سره‌فه له دابینكردنی كه‌لوپه‌ل بۆ كاری بچووك له‌كاتێك ده‌بێت پرۆژه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران داوابكرێن، واته فه‌رمانگه‌كه داوا له‌سه‌رووتر ده‌كات ئه‌ویش داوا له سه‌رووتر ده‌كات تا به‌و په‌یژه‌یه‌ی ماڵی كیسه‌ڵ ده‌گاته ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئه‌گه‌ر ون بوو ون بوو، ئه‌گه‌ریش گه‌یشت جێگه‌ی خه‌وی بۆ ڕاخراوه تا ساڵی داهاتوو، ساڵیش وه‌ك ده‌زانن له‌خۆیه‌وه ده‌ڕوات.
دیاره براده‌ران یارییه‌كه‌ی ساڵی 2007 یان لا خۆش بوو بۆیه حه‌زیان كرد بۆ ئه‌مساڵ و بۆ ساڵی 2009 دووباره‌ی بكه‌نه‌وه. ده‌ی به‌ڵكو زه‌ڕووڕه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری تۆراو هه‌ندێكیان پێ سه‌رف بكات، به‌ڵام گومان نییه ئه‌گه‌ر ده‌نگی زۆریان هێنا هه‌قی به‌رو دوا له بودجه‌ی 2010 ده‌كه‌نه‌وه.
كه‌واته درێژه‌ی پێنه‌ده‌ین، ده‌سه‌ڵاتی كوردی قڕوقه‌پی له قسه كۆنه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی 5% كردووه‌و به‌و په‌نده خواستراوه كار ده‌كات كه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر قسه‌كردن زیو بێت بێده‌نگی زێڕه. بشگه‌ڕێینه‌وه جیهانی فیزیا‌و بڵێین وه‌ك چۆن هێزی ڕاكێشان له كونی ڕه‌ش هێنده به‌هێزه ناهێڵێت ته‌نانه‌ت ڕووناكیشی لێ ده‌رچێت وه‌هاش كونی ڕه‌شی كوردستان كه هه‌موو شتێك بۆ خۆی ڕاده‌كێشێت نایه‌وێت ڕووناكیی لێوه ده‌ربچێت‌و هاووڵاتییان ژماره‌ی ڕاسته‌قینه سه‌رف كراوه‌و خوراو بزانن. دڵیشمان به‌وه خۆشه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌مان گه‌ردوونییه‌و هاوشێوه‌ی له ئاسمان هه‌یه. فیزیاش بێت یان كیمیا كۆتایی هه‌موو ڕێگه‌كان كۆشكی ده‌سه‌ڵاتی كوردستانه، 5% ـه‌كه‌ی سه‌ددامیش جێگه‌ی شیاوی گۆڕستانه.
له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی 847 له 27/6/2012 لاپه‌ڕه 12 بڵاوبۆته‌وه
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2012-06-27-051.html