|
|

|
به‌رهه‌مهێنه‌رێكی ئه‌مه‌ریكیی برنج |
|
|
|
|
|
|
|
له‌جیاتی ده‌قیقه‌یه‌ك ماته‌مینی بۆ یادی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌و ((ئه‌نفال)) مانگێك برنجی ئه‌مه‌ریكی مه‌كڕن
فازڵ قه‌ره‌داغی
یه‌کشه‌ممه-25-ئازار(مانگی 3)-2012
هه‌واڵێكی نوێ كه چه‌ند رۆژنامه‌و گۆڤار‌و سایتێكی ئه‌مه‌ریكی‌و غه‌یری ئه‌مه‌ریكی بڵاویان كردبووه‌وه‌و رۆژنامه‌ی ئاوێنه وه‌رگێڕانی كوردیی بۆ كردووه، ده‌ڵێت ئه‌مه‌ریكا ناڕه‌زایه عیراق برنجی هیندیی به‌سمه‌تیی هه‌رزان له‌جیاتی برنجی ده‌نك درێژی ئه‌مه‌ریكی بكڕێت‌و له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2010ـه‌وه عیراق برنجی ئه‌مه‌ریكیی نه‌كڕیوه. دوانزه ئه‌ندامی كۆنگرسی ئه‌مه‌ریكیش، له هه‌ردوو حزبه‌كه، نامه‌یان بۆ خه‌یڕوڵڵا بابه‌كر، وه‌زیری بازرگانیی عیراق، سه‌باره‌ت به‌م بڕیاره‌ی حكومه‌تی عیراق ناردووه. به‌پێی ئه‌و كه‌سانه مه‌رجه‌كانی جۆر كه عیراق دایناون مه‌عقوول نین‌و وایان كردووه برنجی وڵاتێكی وه‌ك ئوروگوای، كه وه‌ك جووتیارێكی ئه‌مه‌ریكی وتبووی یه‌ك سه‌ربازی له عیراق نه‌كوژرابوو، بهێنرێت، ئه‌م نامه‌عقووڵییه‌ش زیان به جووتیاری ئه‌مه‌ریكی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی یه‌كێكیش له‌و دوانزه حه‌كیمه‌ی كۆنگرس ئه‌وان عیراقیان بۆ یه‌ك شت ئازاد كرد ئه‌ویش حسابكردن بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌بواری بازرگانی چونكه ((ملیاره‌ها دۆلارمان سه‌رف كرد نه‌ك ته‌نها بۆ رزگاركردنی وڵاته‌كه‌یان به‌ڵكو هه‌روه‌ها بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانه ئابوورییه‌كه‌شیان)).
تا ئێره هه‌واڵه‌كه سه‌یر نییه؛ ئه‌مه‌ریكا داوای پاداشت ده‌كات، هه‌قی خۆشیه‌تی ئه‌و لایه‌نه‌ی له هاتنی ئه‌مه‌ریكا سوودمه‌ند بووه سوود به ئه‌مه‌ریكا بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته سه‌یر بێت‌و هه‌روا تێنه‌په‌ڕێت په‌یوه‌ندیی برنجی ئه‌مه‌ریكی به‌كورده‌وه.
هه‌موو ده‌زانین ئه‌مه‌ریكا چۆن له‌ئاست به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی دژی سوپای ئێران‌و دواتر دژی هه‌ڵه‌بجه بێده‌نگ بوو، ئه‌مه‌ریكا نه‌ك ته‌نها بێده‌نگ بوو به‌ڵكو ئێرانیشی تاوانبار كرد، به‌تایبه‌تی به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌كانه له به‌ره‌ی جه‌نگی دوو سوپاكه.
ئه‌وه‌ی كورد كه‌متر ده‌یزانێت ئه‌وه‌یه لۆبییه‌كی به‌هێز هه‌بووه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكای ناچار كرد له‌ئاست كیمیاییه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ((ئه‌نفال)) هیچ به‌رامبه‌ر عیراقی سه‌ددام نه‌كات.
(كویڵ لۆرێنس)ی رۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكی باشتر له هاوڵاتییه‌كی كورد ئه‌وه‌ی زانیوه. له‌كتێبه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی كورد، كه یه‌كه‌م كتێبێتی‌و بێگومان به پشتبه‌ستن به‌و سه‌رچاوانه‌ی كورد نایانخوێننه‌وه باسی عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید ده‌كات كه وێنه‌ی هه‌یه به ته‌له‌فۆن قسه ده‌كات‌و ده‌ڵێت به‌چه‌كی كیمیایی ده‌یانكوژێت‌و كه‌س له‌سه‌ریان هه‌ڵنادات.. لۆرێنس ده‌ڵێت: قسه‌كه‌ی ڕاست ده‌رچوو.
دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پزیشكه‌كه‌ی بارزانی، بێهووده هه‌وڵی ده‌دا سه‌رنجی ئه‌و وڵاته رابكێشێت بۆ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی ڕوویان ده‌دا، ئه‌و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ریكا (رۆناڵد ریگان)یشی بینی (ئه‌و كاته‌ی له نه‌خۆشخانه بوو پاش ته‌قه‌كردن لێی)و باسی كوردی بۆ كردبوو. به‌ڵام له واشنتن كه‌س گوێی بۆ نه‌ده‌گرت.
ئه‌مه‌ریكا هاوكاریی سه‌ددامی ده‌كرد، بۆ نموونه وێنه‌ی مانگی ده‌ستكردی دابووه سه‌دام بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ند ئامانجێكی ئێرانی بدات، به‌ڵام كۆشكی سپی به‌كارهێنانی كیمیایی دژی كورد وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆی عیراق ته‌ماشا ده‌كرد. ته‌نانه‌ت راپۆرتێكی ئاژانسێكی هه‌واڵگریی به‌رگری وتبووی كه ره‌نگه ئێران كیماییه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌كارهێنابێت. پیته‌ر گالبره‌یت Peter Galbraith كه ستافی سیناتۆر كلێبۆرن پێڵ بوو له 1987 به عیراق گه‌ڕابوو و گونده چۆڵه‌كانی بینیبوو وئه‌مه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بوو بۆیه راپۆرتێكی نووسی ده‌رباره‌ی جینۆسایدی كورد. جۆرج میتشڵ، سیناتۆری ویلایه‌تی مه‌ین، ئیدانه‌كردنێكی نامولزیمی په‌ڕانده‌وه به‌ڵام جیهان هێشتا پشتی سه‌ددامی گرتبوو. شه‌ڕه‌كه دژی ئێران نزیكه پایان بوو و چاوی كۆمپانیاكانی ئه‌مه‌ریكا‌و ئه‌ورووپا له‌به‌ر گرێبه‌سته‌كانی ئاوه‌داكردنه‌وه‌ی عیراق هیچی تری نه‌ده‌بینی.
جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌ره‌تا چووه له‌ندن‌و پاشان بۆ واشنتن (حوزه‌یرانی 1988)و بووه میوانی دكتۆر نه‌جمه‌دین. تاڵه‌بانی لیستی سێ هه‌زار گوندی وێرانكراوی پێ‌بوو پیشانیان بدات به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ته‌نها ده‌رگای داخراوی پیشان دا.
كاتێكیش هێرشه‌كانی دوای ئاگربه‌ست به‌رده‌وام بوون پیته‌ر گالبره‌یت له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی كه‌م كه‌وتنه‌وه كار به‌ڵام بینییان رێگره‌كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوون. سه‌ددام نه‌ك سزا نه‌درا به‌ڵكو ته‌نانه‌ت چه‌ند هاوڕێیه‌كی نوێشی ده‌ستكه‌وتبوو ئه‌وانیش جووتیارانی رۆژئاوای ناوه‌ڕاستی ئه‌مه‌ریكا. پاش زیادبوونی بازرگان‌یش له‌گه‌ڵ عیراق به‌رهه‌مهێنه‌رانی برنج كه‌وتنه خۆشویستنی سه‌ددام. كاتێكیش گالبره‌یت‌و پێڵ هه‌وڵی په‌سه‌ندكردنی بڕیاری یاسای ساڵی 1988ی رێگه‌گرتن له جینۆسایدیان دا لۆبیی برنج له‌سه‌ر ته‌له‌فۆن كه‌وته گریان‌و تۆمه‌تی جینۆسایدی جووتیارانی ئه‌مه‌ریكای خسته پاڵ گالبره‌یت‌و پرۆژه‌كه‌ی له‌باربرد. بڕوانه:
Quil Lawrence, Invisible Nation: How the Kurds' Quest for Statehood Is Shaping Iraq and the Middle East, New York, 2008, pp.39-41.
ئێمه كاتێك باسی كیمایی ده‌كه‌ین زۆرتر باسی عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید ده‌كه‌ین‌و كه‌متر توخنی ئه‌وانی تر ده‌كه‌وین. كاره‌ساته‌كه بچووك ده‌كه‌ینه‌وه‌و تابلۆكه ده‌كه‌ینه وێنه‌یه‌كی شه‌خسی، ده‌مانه‌وێت گه‌وره‌ی بكه‌ین به‌ڵام هه‌روه‌كو شاری هه‌ڵه‌بجه بچووكی ده‌كه‌ینه‌وه كاتێك به هیرۆشیما به‌راوردی ده‌كه‌ین (له نووسینێكی پێشترم وتبووم هه‌ڵه‌بجه شاری گه‌لێكی بێده‌سه‌ڵات بوو به‌ڵام هیرۆشیما شاری ده‌وڵه‌تێكی ته‌عداكار‌و فراوانخواز بوو.. ئیتر چ عه‌داله‌تێك له به‌راوردییه‌كی وا هه‌یه؟). زۆر جار خودی سه‌دداممان له‌بیر ده‌چێت كه شت نه‌بوو بێ ئاگاداریی ئه‌و تێده‌په‌ڕێت، ئه‌گه‌ر بیریشمان بكه‌وێته‌وه ده‌وه‌ستین‌و ناڕوانینه تابلۆكه كه بۆشایی سپیی زۆرمان تێ جێهێشتووه.
جیهانێك له‌پشتی سه‌ددام هه‌بوو دوو چاوی هه‌بوو: یه‌ك بۆ ته‌ماعی عیراق‌و یه‌ك بۆ مه‌ترسیی ئێران. كوردیش ئه‌كته‌رێك بوو له پشتی سه‌كۆی شانۆ جووڵه‌ی لێ قه‌ده‌غه كرابوو، گاڵته‌جاڕییه‌كه‌ش ئه‌وه بوو به‌شێكی ئه‌و سه‌كۆیه خاكی خۆی بوو بۆنی دووكه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستا.
ئێستا جووتیار‌و به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكیی برنجی ده‌نك درێژ به‌شی خۆیان له ده‌ستكه‌وتی عیراق ده‌وێت، ده‌نكه درێژه‌كه عافیه‌تی بخۆری بێت به‌ڵام ئیتر بیرمان بێت ئه‌وان بوون عیشقی سه‌ددام چووبووه دڵیان‌و دڵ‌و زمانیان هێنده نه‌فره‌تیان له پرۆژه یاساكه‌ی پێڵ‌و گالبره‌یت كرد تا له‌گۆڕیان نا. كه‌مترین هه‌ڵوێست له‌لایه‌ن كورد، كه په‌یوه‌ندییه‌كی كۆن‌و به‌هێزی له‌گه‌ڵ برنج هه‌یه ئه‌وه‌یه به‌لای كه‌مه‌وه له ماوه‌ی یاده‌كانی كیمیایی‌و ((ئه‌نفال)) برنجی ئه‌مه‌ریكی ئه‌گه‌ر له بازاڕ هه‌بێت نه‌یكڕێت‌و ئه‌گه‌ر نه‌بێت داوای نه‌كات‌و ئه‌مه بكاته نامه‌یه‌ك بۆ جووتیارانی ئه‌مه‌ریكا كه كورد عه‌قڵی له ورگی گه‌وره‌تره.
له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره (820) له 25/3/2012 لاپه‌ڕه 12 بڵاوبۆته‌وه
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2012-03-25-041.html