مه‌سعود بارزانی ته‌قه‌ی له خۆپیشانده‌ران كرد.. ئه‌و بوو باره‌گاكانی یه‌كگرتووی سووتاند
فازڵ قه‌ره‌داغی
دووشه‌ممه-20-شوبات(مانگی 2)-2012
له‌ناو بابه‌ته تووڕه‌كان‌و له‌ناو هێرش‌و جنێودان ده‌رفه‌تێك هه‌یه هێمنانه بۆچوونێك بخه‌ینه ڕوو. به‌ڵام چۆن هێمنانه ده‌بێت له‌كاتێك تۆمه‌تی گه‌وره ده‌خه‌ینه پاڵ كه‌سێك له‌چاو لایه‌نگرانی گه‌وره‌یه؟
جنێو كاری ئێمه نییه، راستیش كاری به جنێو نییه، راستیش ده‌ڵێت سه‌ری گه‌وره شه‌ریكه له تاوان ئه‌گه‌ر ببینێت‌و ببیستێت‌و كۆتاییه‌كه‌ی بێده‌نگبوون هه‌ڵبژێرێت. ئه‌و بێده‌نگییه به‌ڵێ كردنه بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی هه‌مان جۆر له‌دواڕۆژ. ئه‌مه‌ی دواییش وامان لێده‌كات بڵێین مه‌سعوود بارزانی له‌پشت هه‌موو تاوانه‌كان بوو.
ساڵی 2005 كه یه‌كگرتوو بڕیاری دا به‌ته‌نیا بچێته ناو پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق تۆمه‌تی خیانه‌تی درایه پاڵ‌و به یه‌ك رۆژ شه‌ش باره‌گای له بادینان سووتێنران‌و له باره‌گایه‌كیان كوژراوی هه‌بوو. ئه‌و كاته ده‌بوایه مه‌سعوود بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم چاوپۆشیی له ئه‌ندامه‌كانی حزبه‌كه‌ی نه‌كردایه‌و هه‌موو تاوانبارانی بدایه دادگا. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بكرایه‌و ئه‌گه‌ر بكوژ له‌سێداره بدرایه دوای شه‌ش ساڵ ئه‌ندامه‌كانی حزبه‌كه‌ی دیسان په‌لاماری باره‌گاكانیان نه‌ده‌دا‌و نه‌یانده‌سووتاندن، به‌ڵام بارزانی ئه‌وه‌ی نه‌كرد‌و له‌جیاتی ره‌فتاركردن وه‌كو پیاوی ده‌وڵه‌ت هه‌روه‌كو سه‌رۆكی عه‌شیره‌ت په‌نای برده به‌ر سوڵحی عه‌شایه‌ری.
ئه‌وه په‌یامێك بوو بۆ ئه‌ندامه‌كانی حزبه‌كه‌ی: ((ته‌قه‌و ئاگر له‌ئێوه‌و پاره‌ی خوێن له ئێمه، یه‌ك ئه‌ندام ناگرم‌و كه‌س ناده‌م به دادگا)). ئه‌مه په‌یامه‌كه‌ی بوو بۆیه ئه‌ندامه‌كانی حزبه‌كه‌ی بێ‌ترس له ئاكامه‌كان جارێكی تر په‌لاماری باره‌گاكانیان دا‌و ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو پێشتر چۆڵی نه‌كردنایه خه‌ڵكی ده‌كوژران. بكوژ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش كه‌سی ده‌ستبكه‌وتایه سڵی له خوێن نه‌ده‌كرده‌وه چونكه ده‌یزانی له‌سایه‌ی سه‌رۆك سه‌رو ماڵی پارێزراوه‌و خوێنی ئه‌ندامانی حزبه‌كانی تر وه‌كو خوێنی ئاژه‌ڵان هه‌رزانه. ئێستاش ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو قبوڵی سوڵحی عه‌شایه‌ری بكاته‌وه جاڕ ده‌دات كه ئاماده‌یه بۆ جاری سێیه‌م تووشی په‌لاماری پارتییه خاوه‌ن حه‌سانه‌كان ببێته‌وه.
له‌مه‌شه‌وه ده‌زانین كه ئه‌وانه‌ی سه‌ربانی لقی پارتیی سلێمانی نه‌بوون ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌رانی حه‌ڤده‌ی شوبات كردبوو به‌ڵكو خودی سه‌رۆكی پارتی بوو به‌ڕوونی مۆنی‌و جامانه‌ی سووری كه ته‌قه‌ی كردبوو چونكه ئه‌وه حه‌سانه‌ی داوه‌ته ئه‌ندامه‌كانی. ئه‌گه‌ر ڕه‌وِاش بێت لای بارزانی حزبه‌كه‌ی خۆی په‌لاماری باره‌گاكانی حزبه‌كانی تر بدات‌و خه‌ڵكیان بكوژێت چۆن به‌ڕه‌وای نازانێ كه‌سانێك بكوژرێن به‌ردیان گرتۆته باره‌گاكه‌ی خۆی؟
تا سه‌رۆكی پارتی له‌سه‌رووی یاسا بێت‌و تا پێشێلكاری یه‌كه‌می یاسا بێت‌و تا به‌گیانی عه‌شایه‌ری ره‌فتار بكات كه‌س له گیان‌و ماڵی، به‌تایبه‌تی له بادینان، دڵنیا نابێت‌و هه‌موو پارتییه‌ك ئازاده په‌لاماری كێ بدات‌و ته‌قه له كێ بكات. ئینجا بزانین كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌برێت.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2012-02-20-036.html