لیستی (ته‌ڕه‌زانی) ته‌نانه‌ت ناوی (كوردستان)یشی قۆرخ كردووه
فازڵ قه‌ره‌داغی
سێشه‌ممه-05-ته‌ممووز(مانگی 7)-2011
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه، هه‌رچه‌نده جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه، به‌كارهێنانی ئه‌و شتانه‌یه كه خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو كوردێكن بۆ وه‌سفكردنی لایه‌نێك یان حزبێك. ماوه‌یه‌ك بوو ده‌یانوت كورد هه‌مووی موسڵمانن ئیتر بۆچی حزبه ئیسلامییه‌كان ناوی (ئیسلامی) له‌خۆیان ده‌نێن. بێگومان وه‌ڵامه‌كه زۆر ئاسان بوو: مه‌به‌ست له (ئیسلامی) به‌رنامه‌ی سیاسی‌و فیكری‌و ئابوورییه كه ئیسلامییه نه‌ك شتی تر.
ڕۆژان تێپه‌ڕین‌و ئه‌وانمان بینی ناوێكیان له خۆیان نا كه هیچ پاساوێكی نییه. بینیمان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق لیستێكی هاوپه‌یمانی دامه‌زرا، له‌و لیسته‌ش پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی لیسته‌كه‌یان به دژه‌كورد دانا، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانیش ناوی (كوردستانی)یان له لیستی خۆیان نا به‌مه‌رجێك هه‌ڵبژاردنێكی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان نه‌بوو تا ئه‌و ناوه زه‌قبكرێته‌وه. هۆكه‌ش زانراوه: به‌كارهێنانی ئه‌و وشانه‌ی كاریگه‌ریی ده‌روونییان به‌سه‌ر كورده‌وه هه‌یه. هه‌وڵێكی زیره‌كانه‌یه به‌ڵام كاتی به‌سه‌رچووه چونكه خه‌ڵك زیاتر ته‌ماشای كردار ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبژاردنی ناوی (كوردستانی)ش لێدانی قه‌وانه كۆنه‌كه‌یه كه ته‌نها پارتی‌و یه‌كێتی ده‌توانن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد بپارێزن‌و نه‌هێڵن ئه‌زموونه نوێكه‌ی، كه بینیمان ئه‌زموونێكی گێڕه، بفه‌وتێت، به‌ڵام كاتی ئه‌وه‌ش به‌سه‌رچووه چونكه ئه‌و گومانه بۆ خه‌ڵك دروست بووه كه ئه‌و لیسته نه‌ك ته‌نها زه‌مانه‌ت نییه بۆ مانه‌وه‌ی قه‌واره كوردییه‌كه به‌ڵكو بۆته جێگه‌ی مه‌ترسیش بۆی.
ئه‌زموونی دوو حزبه‌كه ئه‌و گومانه ده‌سه‌لمێنێت: هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌و كاته‌ی سه‌دددام بۆ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕا تا وه‌كو پاڵه‌وان‌و ڕزگاركه‌ره‌وه بگه‌ڕێته‌وه كوردستان، به‌هه‌ده‌ربردنی سامانی وڵات له‌و شه‌ڕه‌و له دروستكردنی چینێكی مشه‌خۆر‌و سه‌رمایه‌داری به‌رپرسان، سه‌رخستنی ئیعتیباراتی حزبی‌و خزمایه‌تی‌و عه‌شایه‌ری به‌سه‌ر ئیعتیباراتی نیشتمانی.
ئه‌وان تازه ناوی كوردستانییان هه‌ڵبژاردووه‌و له‌وه ناچێت به‌م زووانه یه‌خه‌ی به‌ربده‌ن. ئه‌وانیش كه ئه‌و مافه‌یان به‌خۆیان داوه ناوێك به‌كاربهێنن موڵكی هه‌مووانه ڕێگه به هه‌مووان ده‌ده‌ن بڵێن مافی خۆمانه ئه‌و ناوه‌یان لێ بنێین كه قه‌ناعه‌تمان پێیه‌تی‌و حه‌زمان لێیه‌تی. وه‌كو نموونه‌یه‌كیش بۆ ئه‌و ناوه جه‌ماوه‌ر ده‌توانێت چه‌ند پیتێك له‌ناوی دوو سه‌ركرده‌كه، له‌یه‌ك بدات‌و چه‌ند ناوێكی لێ دروست بكات، وه‌ك له‌یه‌كتر دانی ناوی (مام جه‌لال)و (كاك مه‌سعوود)و دروستكردنی چه‌ند تێكه‌ڵه‌یه‌ك لێیان: لیستی (مامه‌سوود)، لیستی (كاكه‌لال).. تاد، پێویستیشه ناوه نوێكه له‌سه‌ر زمان سووك بێت بۆیه ده‌كرێت نازناوی دوو سه‌ركرده‌كه، واته تاڵه‌بانی‌و بارزانی، به‌كاربهێنرێن‌و به‌م جۆره ناوی موسیقیترمان ده‌ستده‌كه‌ون وه‌ك: لیستی (ته‌ڕه‌زانی) كه گونجاوه بۆ هه‌ڵوێستیان له ئاواته‌كانی جه‌ماوه‌ر له‌كۆنه‌وه‌و تا ئه‌مڕۆ.. ئه‌مڕۆ باس بكه‌ین ده‌ڵێین گونجاوه بۆ هه‌ڵوێستی دوو سه‌ركرده‌كه‌و لیسته‌كه‌یان له داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران. بزانین لیستی ته‌ڕه‌زانی تا كه‌ی به خۆیان‌و غۆرێللاكانیان خۆیان به ئاغای ئه‌و كوردستانه ده‌زانن كه كردوویانه‌ته دارستان.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-07-05-027.html