ئه‌مه‌ریكا.. چه‌ندت ڕاسته‌و چه‌ندت خه‌ڵه‌تاندنه؟
فازڵ قه‌ره‌داغی
هه‌ینی-17-حوزه‌یران(مانگی 6)-2011
ده‌بێت (دان براون)، نووسه‌ری ڕۆمانی (كۆدی داڤینچی)، ئێستا چۆن بیر بكاته‌وه؟ ڕه‌نگه بڵێت (خاڵی خه‌ڵه‌تاندن)م نه‌نووسیایه ئێستا ده‌منووسی، به بابه‌تێكی جیاواز‌و ناوبانگێكی گه‌وره‌تر.
كوشتنی ئوسامه بن لادن، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی بیه‌وێت یان نه‌یه‌وێت، گومانێكی له هه‌ردوو به‌ره‌دا دروست كرد: ئه‌مه‌ریكا‌و نه‌یارانی. له‌و به‌ینه‌شدا زۆرێكی تر هه‌ن گومانیش نه‌كه‌ن ئاماده‌ن باوه‌ڕ به ورته‌ورتی باوه‌ڕنه‌كردن بكه‌ن.
پیشاننه‌دانی وێنه‌كانی كوشتنی ئوسامه پاساوی مه‌عقوولی هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا زیانی باوه‌ڕنه‌كردنی به‌دواوه بوو، ئه‌وه‌ی گومانه‌كانی زیاتر كرد، یان ئه‌وه‌ی گومانه‌كانی دروست كرد، فڕێدانی لاشه‌ی ئوسامه له‌ناو ده‌ریادا بوو. ڕه‌نگه وێنه‌كان بڵاویشبكرێنه‌وه كه‌سانێك هه‌ر بمێنن گومان بكه‌ن، به‌لای كه‌مه‌وه گومان له چۆنێتیی مردنه‌كه بكه‌ن: به چالاكییه سه‌ربازییه تایبه‌ته‌كه یان ئوسامه پێشتر مردبوو؟ ئه‌ی ته‌ئكیدی قاعیده‌و تاڵیبان بۆ كوژرانی ئوسامه چه‌ند كافییه؟ ئه‌ی ناكرێت ئه‌و دوو رێكخراوه به‌شداربن له خه‌ڵه‌تاندنه‌كه‌و بیانه‌وێت ته‌وزیفی چیرۆكه ئه‌مه‌ریكییه‌كه بكه‌ن؟ ئایا ڕاستیی شاردراوه هه‌ن له كوژرانی ئوسامه به‌كه‌ڵكی ئۆباما‌و هه‌ڵمه‌ته نزیكه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا نه‌یه‌ن؟ ئه‌ی نابێت ئوسامه گیرابێت‌و دوای وه‌رگرتنی زانیاری لێی ئینجا فڕێبدرێته ناو ده‌ریا؟
دڵنیایی كه‌مه، ئۆباما بۆ خۆی‌و به‌وته‌ی خۆی دڵنیا نه‌بوو ئه‌و كه‌سه‌ی ناو خانووه‌كه ئوسامه‌یه یان كه‌سێكی تره، تا ئه‌و كاته‌ش هێزی (سیڵز) نه‌چووه خانووه‌كه‌و ئوسامه‌یان نه‌كوشت له‌وه ده‌ترسا نیشته‌جێی خانووه‌كه كه‌سێكی تر بێت.
خودی ئوسامه به‌كه‌ڵكی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ری دێت چ جای ئه‌وه‌ی مردنه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه بێت. مردنه گوماناوییه‌كه، كه باوه‌ڕم وایه ڕاستییه نه‌ك گومان، ڕۆمانێكی كه‌متر ناسراوی دان بڕاونی بیرخستمه‌وه كه تێیدا باسی ژیانی پشتپه‌رده‌ی سیاسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌و فێڵ‌و چاڵهه‌ڵكه‌ندنانه‌ی له كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا ده‌كرێن‌و چۆن شتی گشتیی تایبه‌ت به میلله‌ت بۆ بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌كاردێن.
ڕۆمانه‌كه ناوی (خاڵی خه‌ڵه‌تاندن) یاخود (ئامانجی خه‌ڵه‌تاندن)ـه Deception Point (ساڵی 2001) و به‌ناوی (حقیقه الخدیعه) كراوه‌ته عه‌ره‌بی‌و ئه‌مه كورته‌یه‌كی زۆر چڕی ئه‌و ڕۆمانه‌یه:
وه‌كاله‌تی ئه‌مه‌ریكیی بۆشایی ئاسمان (ناسا)و ده‌زگاكانی سه‌ر به‌و تووشی چه‌ند فه‌شه‌لێك ببوون. له‌پڕیش ده‌زگایه‌كی سه‌ر به ناسا نه‌یزه‌كێك له‌ژێر كێوێكی سه‌هۆڵ له جه‌مسه‌ری باكووردا ده‌دۆزێته‌وه گوایه ئه‌و نه‌یزه‌كه زینده‌وه‌ری به‌به‌ردبووی تێدایه‌و ئه‌وه ده‌ردیده‌خات ژیان له ئاسماندا هه‌یه. دوایی ده‌رده‌كه‌وێت به‌رده‌كه له‌ژێر ده‌ریاوه ده‌رهێنرابوو و خرابووه ناو به‌فره‌كه، ئه‌و كاره‌ش سه‌رۆكی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری به‌ناوی (نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی توێژینه‌وه) كردبووی، ئه‌و كه‌سانه‌ش ئه‌و درۆیه ئاشكرا ده‌كه‌ن كچێكی سه‌ر به‌و ده‌زگایه‌یه كه باوكه‌كه‌ی سیناتۆرێكه‌و مونافسی سه‌رۆكه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، هه‌روه‌ها ده‌ریاناسێك له‌گه‌ڵ دوو زانای تر. له‌و كاته‌دا تیمێكی سه‌ر به هێزی (ده‌لتا فۆرس)، كه هێزێكی ئه‌مه‌ریكیی دژه‌تیرۆری سه‌رووی به‌رپرسیارێتیی یاساییه‌و چاودێریی گومه‌زه‌كه‌ی ناسا له‌و سه‌هۆڵبه‌ندانه‌دا ده‌كات هه‌وڵی كوشتن‌یان ده‌دات‌و دواتر له‌سه‌ر پاپۆڕی ده‌ریاناسه‌كه هه‌وڵێكی تر ده‌دات. ڕاستییه‌كانی پشتپه‌رده‌ش ئه‌وه‌یه ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا ناسا بخرێته سه‌ر ده‌زگاكانیان بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی نهێنی بن‌و ئه‌منی قه‌ومی بپارێزرێت بۆیه ویسترا ناسا سه‌ركه‌وتنێك به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌گه‌رچیش درۆ بێت چونكه باوكی كچه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند كۆمپانیایه‌ك كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ناسا بدرێته كه‌رتی تایبه‌ت، له‌و به‌ینه‌شدا په‌نا بۆ كاری ناڕه‌وا ده‌برێت بۆ سه‌ركه‌وتن له هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆكی لێ ده‌رچێت كه قبووڵی ئه‌و جۆره كارانه ناكات.
لاوازییه‌كی ڕۆمانه‌كه ئه‌وه‌یه دان بڕاون میزه‌ڵدانێكی گه‌وره‌ی دروست كرد به‌ڵام هه‌ر خۆی فشی كرده‌وه، دیاره چونكه فراوانكردنی بازنه‌ی پیلانگێڕان ڕۆمانه‌كه وه‌كو به‌رهه‌مێكی نانیشتمانی پیشان ده‌دات. پیلانه‌كه له پیلانی چه‌ند ده‌زگا‌و به‌رپرسێك‌و ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆك ده‌چێت كه‌چی ده‌رده‌كه‌وێت هی یه‌ك كه‌سه. هه‌وڵدانی بڕاون بۆ بێتاوانكردنی ناسا‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی‌و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا‌و ڕاوێژكاره‌كه‌ی ده‌گاته ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت به‌ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێت سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا‌و سه‌رۆكی ناسا ته‌واو بێتاوانن‌و زۆر میسالین‌و ڕازی نابن به هیچ فێڵێك‌و تاكه تاوانی سه‌رۆكی ناسا‌و ڕاوێژكاری سه‌رۆك ئه‌وه بوو سه‌رۆكی به‌رنامه‌ی (پۆدس)یان ناچار كرد درۆ بكات كه نیزامه‌كه چاك كراوه‌ته‌وه تا وابزانرێت ئه‌و ده‌زگایه به‌رده‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌و ئه‌وه درۆیه‌كی بچووكه. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش له‌پڕ ویژدانی سه‌رۆكی ناسا وریا ده‌بێته‌وه‌و به سه‌رۆك ده‌ڵێت به‌رنامه‌ی پۆدس نه‌بوو به‌رده‌كه‌ی دۆزییه‌وه(لاپه‌ڕه 350). ئه‌و هه‌وڵه‌ی بێتاوانكردنی ناساش ده‌گاته ئه‌وه‌ی هه‌ست به هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌ق نه‌كات ئه‌ویش كه ئه‌و به‌رده له‌ناو تاقیگه‌یه‌كی نهێنیی ناسا سووتێنرابوو بۆ ئه‌وه‌ی له نه‌یزه‌ك بچێت(لاپه‌ڕه 285)، ئه‌ی چۆن ناسا بێ‌ئاگا ده‌بێت؟ بڕاون هه‌مان شتی كردبوو له ڕۆمانی كۆدی داڤینچی (2003) كه وێنه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی پیلانێكی گه‌وره‌ی كێشا به‌جۆرێك فه‌زایه‌كی فراوانی وای دروست كرد مێژوویه‌كی كۆن‌و دوورودرێژ بگرێته‌وه كه‌چی دوایی كردییه پیلانی كه‌سێك، ڤاتیكان‌و تایفه‌ی (ئۆپوس دای)یشی بێ‌تاوان ده‌ركرد، ته‌نانه‌ت قه‌ناعه‌تی به بێتاوانییه‌كه له‌ڕێگه‌ی ڕووداوه‌كانه‌وه نه‌كرد‌و به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌و ڕاسته‌وخۆ بێتاوانیی ئه‌و دوانه‌ی خسته‌ڕوو (كۆدی داڤینچی، لاپه‌ڕه 467ی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بی)، به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجامه كاری له سیحر‌و جوانیی‌و فه‌زای فراوانی ڕۆمانه‌كه نه‌كردووه چونكه هه‌موو ئه‌و هێما‌و نهێنییانه هه‌ر ماون له‌كاتێكدا له (خاڵی خه‌ڵه‌تاندن)دا ده‌ركه‌وتنی ئه‌وه‌ی پیلانه‌كه هی كه‌سێك بوو به‌سه بۆ بچووككردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه. بڕاون هه‌مان كاری كردووه له ڕۆمانێكی تری‌دا (فریشته‌گه‌ل‌و شه‌یتانگه‌ل-2000) كه دیسان باس له پیلان ده‌كات، پیلانێكی تێكه‌ڵ به ئاین‌و نهێنی‌و مێژوو به‌ڵام له‌كۆتاییدا ده‌بینین پیلانی یه‌ك كه‌سه‌و ئه‌و نهێنی‌و ئه‌و مێژووه ڕابوردوویه‌كی مردوون. دواتریش‌و له نوێترین ڕۆمانیدا (هێمای ونبوو-2009) هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ست ده‌كه‌ی كه پیلانی تاكه كه‌سێك هه‌یه، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی ڕۆمانه‌كه نه‌بوونی پیلانێكی جیهانی‌و فراوان گرنگ نابێت، به‌تایبه‌ت به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌ی بڕاون ویستی بیگه‌یه‌نێت.
ئه‌گه‌ر واز له باسی ڕۆمانه‌كه‌و ئوسامه بهێنین‌و ئاوڕێك بۆ چوارده‌ورمان بده‌ینه‌وه ڕێگه‌كه به‌ناچاری ده‌مانباته شوێنی تر، وڵاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، له‌هه‌مووشیان نزیكتر كوردستانه. واقع‌و ئه‌زموون ده‌ڵێن خه‌ڵه‌تاندن زۆره، خاڵه لاوازه‌كانیش كه‌من، ئه‌مه‌ی خواره‌وه یه‌كێكیانه‌و به‌كورتی ده‌یبڕینه‌وه:
ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وروپاش له‌گه‌ڵیدا، هه‌میشه دوو دیوی هه‌بووه: بانگه‌شه بۆ ئازادی‌و دیموكراسی له‌لایه‌ك‌و پشتگیریكردنی دیكتاتۆر‌و نیمچه دیكتاتۆره پاشكۆكان له‌لاكه‌ی تر. ئه‌مه خاڵێكی خه‌ڵه‌تاندنه كه له مێژووی نوێ‌دا زۆر ده‌بینرێت. ئه‌و مێژووه زۆرترین بانگه‌شه‌ی به‌ها باڵاكانی تێدایه‌و له‌هه‌مان كاتدا زۆرترین شوێنكه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیشی تێدایه. ئه‌مه‌ریكا تا دڵنیا نه‌بوو كاتی سه‌ره‌مه‌رگه بۆ ئه‌و چه‌ند ده‌سه‌ڵاته‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب نه‌چووه پاڵ گه‌ل، بۆیه بۆ كوردستان‌و سه‌رباری هه‌موو زانیارییه‌كانی سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌و سه‌رباری هه‌موو بانگه‌شه‌كانی به‌ها باڵاكان هێشتا پشتگیریی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كات. كورد پێویستی به ڕۆماننووس‌و شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی نییه چونكه ڕاستییه‌كه ساده‌یه‌و له‌به‌رچاودایه، كه‌سیش ناتوانێت ((پیلانه‌كه)) بكاته بڕیاری تاكه كه‌سێك. بمانه‌وێت وه‌زعی خۆمان بكه‌ینه ڕۆمان چیرۆكه‌كه ده‌شێوێنین ئه‌گه‌ر پیلانه‌كه بكه‌ینه به‌رهه‌می ده‌ستی كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك، به‌ڵێ! چیرۆك ده‌شێوێت‌و ڕۆمان ده‌بێته گاڵته‌جاڕی.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-06-17-026.html