اصحاب الفیل
فازڵ قه‌ره‌داغی
یه‌کشه‌ممه-22-ئایار(مانگی 5)-2011
سه‌رای ئازادی لای هه‌ندێ كه‌س وه‌كو كه‌عبه‌كه‌ی مه‌ككه‌ی لێ هاتبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای جه‌ماوه‌ر پیرۆزه مه‌رج نییه لای ده‌سه‌ڵات حورمه‌تی هه‌بێت. ئای چه‌ند سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ش بوو هه‌زاران چه‌كدار ده‌نگی خه‌ڵكی بێ چه‌كیان له‌و سه‌رایه بێده‌نگ كرد! سه‌ركه‌وتنیش درێژه‌ی كێشا كاتێك خۆپیشانده‌ر نه‌یبینی ته‌یری ئه‌بابیل ئه‌و له‌شكره بوه‌ستێنێت كه‌واته‌و به‌پێی ده‌سه‌ڵات سه‌رای ئازادی شوێنێك پیرۆز نییه، به‌پێی فه‌تواده‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش شوێنێكی پیسه‌و نوێژكردن تێیدا ڕه‌وا نییه.
ئه‌و نوێژه، ئه‌گه‌ر له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، لای ده‌سه‌ڵات‌و نووسه‌ره‌كانی نوێژێكی سیاسییه. ئه‌مه زاراوه‌یه‌كی نوێیه. ڕه‌نگه ڕاستتر بێت ئه‌گه‌ر بوترێت نوێژێكی موعاره‌زانه‌یه. ناشزانم چی ده‌ڵێن بۆ خۆپیشانده‌رانی كوردستانی سه‌ر به توركیا كه چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بوو له چه‌ند شارێكدا نوێژی هه‌ینییان ده‌كرد؟ ئایا نوێژێكی سیاسییه؟ ئه‌گه‌ر سیاسی بێت نوێژێكی باشه، به‌ڵام هه‌مان نوێژ بۆ ئێره خراپه چونكه زوڵمی كه‌سی خۆت قبووڵه.
شتێك له ته‌یری ئه‌بابیل نزیك بێت ئه‌و بارانه به‌خۆڕه به‌رده‌وامه‌ی یه‌كسه‌ر دوای له‌شكره‌كه هات‌و ئه‌و دوو هه‌فته‌یه به‌رده‌وام بوو و له‌شكره‌كه‌ی ناڕه‌حه‌ت كردبوو. ڕه‌نگه كه‌مێك سه‌بر هه‌بوایه ئه‌و بارانه خۆپیشانده‌رانی ژێر ئاسمانی به‌تاڵی ناڕه‌حه‌تتر ده‌كرد. خوا كامیانی بۆ كامیان نارد؟ له‌شكر بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ر ته‌نگه‌تاو نه‌بێت؟ یان باران بۆ ئه‌وه‌ی له‌شكر بێزار بێت؟
سه‌رای ئازادی نموونه‌یه‌كی جوانی پێشكه‌ش كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ی بۆچوونه جیاوازه‌كان، بگره بیروباوه‌ڕه جیاوازه‌كانیش، له‌به‌ر ئامانجێكی ڕه‌وا كه هی هه‌موو كه‌سێكی ئه‌م وڵاته‌یه، كه‌سیش داواكارییه‌كی تایبه‌تی نه‌بوو. هه‌مووان له‌ناو هه‌موواندا توابوونه‌وه. ئه‌وه‌ی ون بوو ده‌نگی ده‌سه‌ڵاته، ده‌شبوایه ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵات بدرایه، به‌مه‌ش ناڕه‌زاكان ده‌یانسه‌لماند كه سه‌خیترن چونكه بیست ساڵه ده‌سه‌ڵات داهاتی وڵاتی بۆ ڕاگه‌یاندنی خۆی به‌كار ده‌هێنێت‌و مه‌عقوول نییه ئێستا ته‌ماع له‌و چه‌ند سه‌د مه‌تر دووجایه‌ی به‌رده‌م سه‌را بكات. به‌ردباران‌و ده‌رچوون له سه‌راوه بۆ شوێنه‌كانی تری شار خواستی هه‌موو خۆپیشانده‌ران نه‌بوو، بۆ ده‌سه‌ڵاتیش بیانوویه‌كی باش بوو، هه‌قیشه گومان بكه‌ین كه جووڵاندنی له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه بووبێت.
مێژوو چۆن باسی هه‌ڵكوتانی سه‌دان‌و هه‌زاران جل به‌ڵه‌ك به‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك‌و سووتاندنی؟ تۆ ده‌سه‌ڵاتی، كه شوێنه‌كه‌ت گرت سه‌كۆكه لابه‌ره، سووتاندن نیشانه‌ی داخ هه‌ڵڕشتنه، به‌ڵام داخه‌كه هه‌موو شتێكی تری گرته‌وه. له‌شكره‌كه‌ی ئیبره‌هه نه‌یتوانی بگاته كه‌عبه‌و بیڕووخێنێت، به‌ڵام له‌شكری ئه‌و فیله‌ی ئه‌وسا ته‌قله‌ی به فیل ده‌دا توانی ئه‌و شوێنه‌ی لای ناڕه‌زاكان پیرۆز بوو بگرێت‌و سه‌كۆكه‌ی بسووتێنێت.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-05-22-025.html