|
|

|
ئه‌نده‌رپاسێكی چوار مه‌تر به‌رز تا نزیكه‌ی سێ مه‌تری پڕ ئاو بووه |
|
|
|
|
|
|
|
پارتی ده‌ڵێت هه‌ولێرم پێشخستووه.. ئه‌ی باران چیی وت؟
فازڵ قه‌ره‌داغی
دووشه‌ممه-09-ئایار(مانگی 5)-2011
زۆر باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه هه‌ولێر چه‌ند پێشكه‌وتووه، ئه‌مه بۆ به‌راوردی له‌نێوان كاره‌كانی پارتی‌و كاره‌كانی یه‌كێتی به‌كاردێت. شتێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره ئه‌و كارانه‌ی له هه‌ولێر كراون زۆرترن، له‌وه‌ش زیاتر ته‌ئكیدین كه ئه‌وه‌نده‌ی پارتی به‌ته‌نگ پرۆژه‌وه‌یه له هه‌ولێر یه‌كێتی ئه‌وه‌نده بایه‌خ به سلێمانی نادات. به‌ڵام بۆ خۆم هیچ كاتێك به پرۆژه‌ی شوێنه دیاره‌كان نه‌خه‌ڵه‌تاوم‌و ئه‌و ڕۆژانه‌م بیر دێ كه سه‌ردانی به‌غدام ده‌كرد‌و بینای به‌رز‌و جاده‌ی پانم ده‌بینی به‌ڵام ده‌مزانی له‌پشت ئه‌و بینا‌و جادانه كۆڵانی پیس‌و ته‌سك‌و خانووی كۆن هه‌ن. له‌و كاته‌وه ده‌مزانی ڕژێمه‌كان هه‌میشه بایه‌خ به شوێنی دیار ده‌ده‌ن.
رۆژێك تووشی موناقه‌شه بووم له‌گه‌ڵ كه‌سێك باسی پێشكه‌وتنی هه‌ولێری ده‌كرد، پێم وت ئه‌وه‌ی ده‌یبینم جاده‌ی پانه كه له‌كۆنه‌وه بۆ خۆی پان بوو، له‌گه‌ڵ جه‌زره‌ی وه‌سه‌تی‌و دره‌خت‌و سه‌وزاییه‌كانی ناوییه‌وه، ئه‌و مۆڵه گه‌ورانه‌ش ده‌بینم كه پیاوی كه‌م ده‌رامه‌ت به‌لایدا تێده‌په‌ڕێت‌و ناتوانێت ئاواتی منداڵه‌كانی به‌جێبهێنێت‌و بیانباته ناویه‌وه. ئه‌و كه‌سه وتی: خه‌ڵكی هه‌ژار با نه‌چنه مۆڵانه. وتم ئا لێره‌وه ناڕه‌زایی ده‌ست پێده‌كات. ده‌سه‌ڵات جاڕ ده‌دات شار پێشكه‌وتووه چونكه مۆڵمان زۆرن، مۆڵمان گه‌وره‌ن، ئاماده‌ش نییه وه‌ڵام بداته‌وه كێ ده‌توانێت به‌دڵی خۆی‌و منداڵه‌كانی بچێته ئه‌و مۆڵانه، ئه‌ی ئه‌گه‌ر قه‌یرانی ئابووریی گه‌وره ڕووی كرده وڵات دواڕۆژی ئه‌و مۆڵانه چی ده‌بێت؟ كێ ڕوویان تێ ده‌كات؟ دیاره به‌ڵێنی كردنی هه‌ولێر به دوبه‌ی ئه‌وه‌یه پڕ بازاڕ بێت، به‌ڵام پێویسته بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كێ ده‌چێته ئه‌و بازاڕانه‌و چۆن بتوانین ئه‌و كه‌سانه بهێنینه هه‌ولێر كه بۆ بازاڕكردن ڕووده‌كه‌نه دوبه‌كه‌ی كه‌نداو نه‌ك پشت به خه‌ڵكی شاره‌كه‌و گه‌شتیاره عه‌ره‌به‌كان.
ئه‌وه‌ی به ڕواڵه‌ته‌كان ناخه‌ڵه‌تێ دوانن، ئه‌وه‌ی بیر ده‌كاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی ئازار ده‌چێژێت. ئێمه بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌و ناخه‌ڵه‌تێین، ئه‌وه‌ش كه ئازار ده‌چێژێت پێویستی به بیركردنه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌و به‌راورد نییه چونكه له‌ناو جه‌رگه‌ی كێشه‌كه‌دایه. جارێك له‌گه‌ڵ دوو براده‌ر سواری ته‌كسییه‌ك له هه‌ولێر بووین، شۆفێر له ئێمه دڵنیا نه‌بوو به‌ڵام كه بینی ڕه‌خنه‌گرین ده‌ریخست كه ئه‌و له ڕه‌خنه زیاتری پێ بوو هه‌ڵیڕێژێت. سكاڵای زۆری كرد‌و یه‌كێك له قسه‌كانی ئه‌مه بوو: كوڕه‌كه‌م ده‌رچووی زانكۆیه‌و بێ ئیش ده‌سووڕێته‌وه، كوڕه‌كه‌م چی له‌و دره‌ختانه‌ی ناوه‌ڕاست جاده بكات، گه‌ڵاكانیان بخوات؟
ئه‌و خه‌فه‌ته هی دڵی یه‌ك باوك نییه، خه‌فه‌تی هه‌موو باوكێكی هه‌ولێر، سلێمانی‌و شاره‌كانی تری كوردستانیشه هه‌روا، چاوه‌ڕێیه كوڕه‌كه‌ی خوێندن ته‌واو بكات به‌ڵام كه ئه‌م ئاواته‌ی دێته دی ده‌بینێت كوڕه‌كه‌ی بێهوا ده‌سووڕێته‌وه‌و هه‌ڕ ڕۆژێكی دۆزه‌خه، له‌ولاشه‌وه پاره بۆ دیكۆر سه‌رف ده‌كرێت‌و ده‌وترێت شارمان كردۆته به‌هه‌شت. ئێمه ئه‌و باوكه‌مان نه‌دواند، خۆی چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێك بوو بۆ قسه‌كردن، زۆری تریش هه‌ن نه‌مانبینیون‌و قسه‌یان بۆ نه‌كردووین.
هه‌وری ئه‌م به‌هاره له زمانی مرۆڤه‌كان ڕوونتر قسه‌ی كرد. بارانێكی زۆری نارد‌و باران ئه‌و ڕاستییه‌ی ئاشكرا كرد كه چاوبه‌ستی دیكۆر تا سه‌ر نییه، بارانه زۆره‌كه شاره‌كه‌ی پڕ كرد، ئاو گه‌یشته ناوقه‌د، ناو ماڵانی پڕ كرد، خانووی كۆن ڕووخان، پردیش له‌سه‌ر ئاو مه‌له‌ی كرد، ده‌شوترێت زیانه‌كان له دوو تا سێ ملیۆن دۆلاره.. به یه‌ك ڕۆژی باران. باران هات‌و وتی زێراب نابینرێت بۆیه بایه‌خی پێ نادرێت، زۆری تریش هه‌یه نه‌بینراوه‌و به‌كه‌ڵكی خۆنواندن نایه‌ت.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-05-09-024.html