شاری دڵ له‌به‌ر شمشێری سه‌وز‌و زه‌رددا
فازڵ قه‌ره‌داغی
دووشه‌ممه-02-ئایار(مانگی 5)-2011
((فاتیحه.. ته‌سخیره شاری دڵ به طابووری ئه‌له‌م
مودده‌تێكی زۆره پاته‌خته له‌بۆ خاقانی غه‌م))
نالی
ناخۆشكردنی وڵات له هاوڵاتییان یه‌كێكه له هه‌ڵه گه‌وره‌كانی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك. كاتی خۆی كه له هه‌ولێر ده‌مخوێند‌و دواتر كه سه‌ردانم ده‌كرد هه‌ستم ده‌كرد له ماڵی خۆمدام، به‌ڵام خۆسه‌پاندنی پارتی له‌و شاره‌دا ئه‌و هه‌سته كۆنه‌ی لا نه‌هێشتم‌و كردیه هه‌ستكردن به غه‌ریبی، ئه‌وانه‌ی ئه‌و خۆسه‌پاندنه‌یان قبووڵ نییه هه‌مان هه‌ستیان هه‌یه، پێش ئه‌وه‌ش‌و له سلێمانیدا خۆسه‌پاندنی یه‌كێتی وای لێ ده‌كردم له شاری خۆمدا غه‌ریب بم، ئه‌وانه‌ی به یه‌كێتی ڕازی نه‌بوون هه‌مان هه‌ستیان هه‌بوو، له هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامانیش ئه‌وانه‌ی ئیسلامی نه‌بوون به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌زیان به بینینی ئه‌و ناوچه‌یه نه‌ده‌كرد‌و ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ندێك ئیسلامیش، وه‌ك چۆن له هه‌ندێ كاتدا به‌سه‌ر خۆمدا هاتبوو، خۆسه‌پاندنی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئیسلامی ئه‌و دوو شوێنه‌ی بۆ ده‌كردنه شوێنی غه‌ریبان.
بۆ كه‌سێكیش بیری مابێت سلێمانی‌و شاره‌كانی سه‌ر به پارێزگاكه كاتی به‌عس جێگه‌ی ترس‌و دڵه‌ڕاوكێ بوون، ئه‌و باسه‌ش بۆ ئه‌وانه جێده‌هێڵین كه كاتێك ئه‌وه یاد ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێن چاو له هه‌موو عه‌یبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی كوردستان بپۆشین.
یه‌كێتی زۆر پێش ساڵانی حكومه‌تی یه‌كگرتووی هه‌رێم سلێمانیی به شاری خۆی ده‌زانی‌و ناوی نابوو قه‌ڵای سه‌وز. قسه‌یه‌كی ناهه‌ق بوو چونكه سلێمانی ته‌نها یه‌كێتیی تێدا نه‌بوو، سه‌رباری ئیددیعای سه‌وزیی شاره‌كه یه‌كێتی درێغیی نه‌كردبوو له داڕووتاندنی شاره‌كه. ئیحتكاركردنی پرۆژه‌ی گه‌وره‌و شه‌ریكبوون له پرۆژه‌ی بچووكتر‌و گومرگی بێبه‌زه‌یی شاره‌كه‌یان نابووت كردبوو.
سلێمانی‌و ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی كاتی شه‌ڕی ناوخۆ گه‌وره‌ترین بارگرانیی ئابووریی له‌سه‌ر بوو. یه‌كێتی ڕێگه‌ی زۆری ده‌دۆزییه‌وه بۆ دادۆشینی خه‌ڵكه‌كه، گومرگیش ڕێگه‌یه‌كیان بوو. پارتی بۆ گومرگ به‌ڕه‌حمتر بوو. له‌ناو سنووری یه‌ك ده‌سه‌ڵاتدا گومرگ ته‌نانه‌ت له شارێكه‌وه بۆ شارێكی تر وه‌رده‌گیرا. گومرگی زۆر ته‌نانه‌ت بۆ شته هه‌ره پێویسته‌كان وه‌رده‌گیرا، هه‌ندێ شتیش ئیحتیكار ده‌كران. نه‌وت كه پێداویستییه‌كی گرنگی نه‌ك ته‌نها زستان بوو به‌ڵكو بۆ كاری تریش پێویست بوو به هه‌شت قات به دانیشتوانی قه‌ڵای سه‌وز ده‌فرۆشرا. ته‌نكه‌ره‌كان نه‌وته‌كه‌ی سه‌ددام به چاره‌كه دینارێكی سویسری بۆ هه‌ر لیترێك ده‌هێنا به‌ڵام له بانی مه‌قانه‌وه نه‌وت له‌ده‌ستی ته‌نكه‌ر ده‌رده‌چوو و ده‌بووه نه‌وتی ده‌سه‌ڵات كه به دوو دینار ده‌یفرۆشته‌وه. مووچه‌ی ناوه‌ڕاستی فه‌رمانبه‌ر ئه‌و كاته نزیكه‌ی دوو سه‌د دینار یان كه‌متر بوو. خه‌ڵكیش بۆ زستانی ئه‌و كاته كه له ئێستا ساردتر بوو نه‌وتیان به پێنج لتر‌و ده لتر ده‌كڕی.
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ته‌نانه‌ت فێڵیشی به‌كار ده‌هێنا. ئه‌مجاره‌ش بۆ كه‌سێك بیری مابێت كه‌میی كاره‌با به فیوزی شه‌ش ئه‌مپێری چاره‌سه‌ر كرا. زۆریشم لا سه‌یر بوو و ده‌مپرسی: چۆنه وا پاره‌ی فیوزی ئه‌و هه‌موو ماڵانه‌ی پارێزگای سلێمانی وه‌رناگرن؟ ڕاسته ته‌نها ته‌خته‌یه‌كی بچووكه‌و دوو بورغوو و ته‌لێكی باریكه به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌یناسین پاره بۆ پشقلێكیش وه‌رده‌گرێت. سه‌رسوڕمانێكی ڕه‌وا بوو چونكه دواتر نهێنییه‌كه ئاشكرابوو: هه‌ر جاره‌ی پاره‌ی كاره‌با ده‌هاته‌وه پاره‌ی ئه‌و فیوزه‌شی له‌گه‌ڵدا ده‌هاته‌وه كه بیستوسێ دیناری سویسری بوو بۆ شه‌ش ئه‌مپێر، چلوشه‌ش دینار بۆ دوانزه ئه‌مپێر..تاد. بیستوسێ دیناریش ده‌یكرده نزیكه‌ی 10% مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رێكی ناوه‌ڕاست. نزیكه‌ی ساڵێك‌و نۆ مانگ به‌پاڵ پاره‌ی كاره‌بای سه‌رفكراو پاره‌ی فیوزانه وه‌رده‌گیرا. لێره‌دا پێشنیار ده‌كه‌م ئه‌و باجه بچێته ناو فه‌رهه‌نگی كه‌له‌پووری كوردی به‌پاڵ باجه‌كانی موڵكانه‌و ئاغایانه‌و تووره‌كانه‌و پووشانه‌و سوورانه‌ی ئاغا‌كان.
به‌ڵام دادۆشین به‌وه نه‌ده‌وستا چونكه فیوزه‌كه ته‌لێكی داماو بوو زوو زوو ده‌سووتا تۆش ناچار ده‌بووی ڕووبكه‌یته فه‌رمانگه‌ی چاككردنی كاره‌با‌و له‌وێدا ده دینارت به هه‌قی چاككردن بدایه جگه‌له پاره‌ی ئه‌و سه‌یاره‌یه‌ی كارمه‌نده‌كانی ده‌هێنا چونكه بۆت نه‌بوو سه‌یاره‌ی خۆی بهێنی.
نموونه‌یه‌كی تری لێهاتوویی له دادۆشین گۆڕینی بڕیاره گوایه بۆ قازانجی خه‌ڵك:
نرخی یه‌ك ته‌ن شیشی بینا له 2002 له‌نێوان (5000) تا (5500) دیناری سویسری بوو و گومركی یه‌ك ته‌ن (200) دینار بوو. ئه‌و بڕه له‌سه‌ر سنوور وه‌رده‌گیرا به‌ڵام كه شیش ده‌برایه شارێكی تری سه‌ر به‌هه‌مان قه‌ڵای سه‌وز دوو سه‌د دیناری تری گومرگی ده‌چووه سه‌ر‌و به‌م جۆره هه‌ر ته‌نێك 400 دیناری ده‌چووه سه‌ر. دواتر به خه‌ڵكیان وت با كۆمه‌كتان بكه‌ین‌و هانی بیناسازی بده‌ین بۆیه بڕی 200 دیناره‌كه‌تان بۆ ده‌كه‌ینه 400 دینار كه یه‌ك جار لێتان وه‌رده‌گرین، له‌وه‌ش به‌دواوه شیش بۆ كوێ ببه‌ن هیچی ناخه‌ینه سه‌ر.
نهێنیی ئه‌و ڕه‌حمه‌ته‌ی به‌سه‌ر ئه‌و دڵه‌دا باریبوو ئه‌مه‌یه: به‌شی زۆری ئه‌و شیشانه له شاری سلێمانیدا سه‌رف ده‌كران بۆیه بڕی كۆنی 200 دینار دڵی نه‌ده‌كرده‌وه. ئه‌و كاته ڕۆژانه نزیكه‌ی سه‌د ته‌ن شیش ده‌چووه سلێمانی كه به‌پێی بڕه كۆنه‌كه بیست هه‌زار دیناری سویسری گومرگی هه‌بوو، دوای ئه‌و بڕیاره‌ی كه له فێڵی ڕێوی ده‌چێت زیاتر وه‌ك له بڕیاری حكومی گومرگه‌كه بووه چل هه‌زار دیناری سویسری. حسابه‌كه‌ش به‌م جۆره بوو: 400 دیناری ئه‌وسا ته‌نها بۆ ئه‌و بڕه شیشه بوو كه دوو شوێنی ده‌بینی، به‌ڵام پاش ئه‌و بڕیاره هه‌موو ئه‌و شیشه‌ی ده‌چووه ناو قه‌ڵای سه‌وز 400 دیناری ده‌چووه سه‌ر، زیاده ده‌ستكه‌وته‌كه‌ش نزیكه‌ی 50%ی جاران بوو، هه‌مووشی له گیرفانی خه‌ڵك ده‌رده‌چوو.
فێڵ ته‌نانه‌ت زۆر زه‌ق ده‌بوو وه‌ك ماوه‌ی پێش كه‌وتنی سه‌ددام كه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به دۆلار حساب كرا، به‌ڵام چۆن؟ له‌بازاڕدا سه‌د دۆلار به 1350 دیناری سویسری بوو به‌ڵام ئه‌وان حسابی 1270 دیناریان بۆ ده‌كرد‌و به‌م جۆره به فیعلی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان كه‌مكرده‌وه. یه‌كه‌م توێژیش ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا چه‌سپا مامۆستای زانكۆ‌و پۆلیس‌و ئاسایش بوون. ئه‌و كاته‌ش بابه‌تێكم نووسی به ناوونیشانی: ((چۆن ڕه‌خنه له‌حكومه‌تێك ناگرم فێڵ له‌پۆلیسه‌كانی خۆی ده‌كات)). به‌ڵێ ئه‌وه پۆلیس‌و ئاسایش كه ئه‌مڕۆ فه‌رمانی ته‌قه‌و لێدانیان پێ دراوه دژ به‌و هاوڵاتییانه‌ی چیتر قبووڵی ئه‌و گه‌مانه‌ی ده‌سه‌ڵات ناكه‌ن. ماوه‌یه‌ك دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ش له‌وه خراپتر كرا. سه‌د دۆلار له بازاڕدا بووه شه‌شسه‌د دینار به‌ڵام حكومه‌ت هه‌زار دۆلاری حساب ده‌كرد، بۆ نموونه كه‌سێك مووچه‌كه‌ی پێنجسه‌د دیناری سویسری بووبێت په‌نجا دۆلاریان بۆ سه‌رف ده‌كرد، كاتێكیش فه‌رمانبه‌ر له بازاڕدا ده‌یگۆڕییه‌وه سێسه‌د دیناری ده‌ستده‌كه‌وت.
دوایین زیانیش به فه‌رمانبه‌رانی قه‌ڵای ئه‌وسا سه‌وز‌و ئێستای فره‌ڕه‌نگ بگات حسابنه‌كردنی (ستێپ)ی به‌رزبوونه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه وایكردبوو له ساڵی 2005 ـه‌وه زۆر له فه‌رمانبه‌ران مووچه‌ی كه‌متر له‌چاو هه‌رێمی زه‌رد‌و باقیی عیراق وه‌ربگرن‌و كه تێیاندا هه‌یه حكومه‌ت چوار‌و پێنج ملیۆن دینار قه‌رزارێتی‌و هه‌یه له ده‌فته‌ر دۆلار به‌ره‌و ژووره‌و بڕی هه‌موو پاره‌كه وه‌ك ده‌ڵێن زیاتر له دووسه‌د ملیۆن دۆلاره.
سه‌رده‌می یه‌كگرتنی دوو ئیداره‌ی سلێمانی‌و هه‌ولێر خه‌مێكی تری سلێمانی بوو، شاری دڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ره‌و گوندبوون ده‌چوو. ئه‌و ساڵانه یه‌كێتی‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كه‌ی به‌ره‌و لاوازی ده‌چوون‌و پارتی زیاتر‌و زیاتر خۆی به‌سه‌ر كۆنه دوژمنه تازه هاوپه‌یمانه‌كه‌یدا ده‌سه‌پاند. پارێزگای سلێمانی، گه‌رمیانیش له‌پاڵیدا، بووه په‌راوێز‌و خه‌ریك بوو فاتیحه‌ی بۆ بخوێنرێت، كاتێكیش تۆزی گۆڕهه‌ڵكه‌ندی له‌سه‌ر خۆی لابرد‌و به‌ڕه‌وڕووی وه‌ستا به ڕقێكی خوێناوییه‌وه وه‌ڵامی درایه‌وه. یه‌كێتی زیانی له خۆی‌و سلێمانی دا‌و بووه شه‌ڕكه‌ر له‌بری ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ی له‌و ساڵانه‌دا زیره‌كانه لاوازی ده‌كرد. ناڕه‌زاییه‌كه‌ی ئه‌مساڵ كه دژی سه‌رجه‌م نیزامه‌كه بوو گۆڕا بۆ ناڕه‌زایی دژی پارتی به‌ڵام یه‌كێتی به‌هۆی نه‌خشه‌داڕێژه‌ره ستراتیجییه‌كانییه‌وه كه حه‌سوودی به زیره‌كییان نابرێت شه‌ڕه‌كه‌ی ڕووكرده خۆی. بینیشمان بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی نه‌گاته هه‌ولێر چۆن پارتی زۆر له‌و هاوپه‌یمانه‌ی ده‌كرد سلێمانی سه‌ركوت بكات‌و زمانحاڵی ده‌یوت: تا هه‌ولێره‌كه‌م لێ نه‌شێواوه سلێمانییه‌كه‌ت بشێوێنه.
له‌م ڕۆژانه‌دا كه حاڵی سلێمانی ده‌بینین ئازاره‌كانی شاعیرانی كۆنمان بیر ده‌كه‌ونه‌وه، یه‌ك له‌وان كه هاوشێوه‌ی حاڵی سلێمانیی رۆژانی به‌عس‌و دواتر یه‌كێتی‌و له‌وه نوێتر هه‌یمه‌نه‌تی پارتییه فاتیحه خوێندنه‌وه‌كه‌ی (نالی)یه بۆ سلێمانی، شاری دڵ، كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو خاقانی غه‌م فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرد. جیاوازییه‌كیش هه‌یه پێویسته بوترێت: سلێمانی، مه‌به‌ستیشم شاره‌كانی تری ناوچه‌كه‌شه له پشده‌ره‌وه تا گه‌رمیان، ئه‌مڕۆ زیندووبۆته‌وه، تۆزی گۆڕستان له‌خۆی ده‌ته‌كێنێت‌و ده‌یسه‌لمێنێت یه‌كێكه له شاره زیندووه‌كانی كوردستان. ئه‌مڕۆ سه‌رباری سه‌ركوتكردنی ئه‌وانه‌ی داوای ئازادی‌و كه‌رامه‌ت ده‌كه‌ن‌و سه‌رباری پڕكردنی شاره‌كان به هێزی چه‌كدار‌و كردنی به‌هاوشێوه‌ی ئه‌ماره‌تی داگیركراوی بابان‌و سه‌رباری ره‌فتاری هاوشێوه‌ی ئاغا كۆنه‌كان له گرتن‌و ته‌عداكردن بۆ بێده‌نگكردن‌و ترساندنی نه‌یاره‌كان‌و سه‌رباری لێدان‌و سووكایه‌تی كردن به ڕۆژنامه‌نووسان‌و مه‌لایان‌و گه‌نجان‌و خوێندكارانی كوڕ‌و كچ... شاری دڵ باوه‌ڕی وایه هێشتا شه‌ڕی كه‌رامه‌تی نه‌دۆڕاندووه‌و پاش فاتیحه‌كه وه‌كو نالی داوا له‌خۆی ده‌كات میحنه‌تی ئێستا وه‌ك كۆتایی چیرۆكه‌كه قبووڵ نه‌كات:
((نالیا)) بێهیممه‌تی تاكه‌ی به‌ده‌ست میحنه‌تته‌وه
فاتیحیی‌و ڕۆسته‌م ئاسا صاحیبی تێغ‌و عه‌له‌م
له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره 727 له 1/5/2011، لاپه‌ڕه 15 بڵاوبۆته‌وه
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-05-02-023.html