|
|

|
کۆلێجی ئه‌ندازیاری-زانکۆی سه‌ڵاحه‌ددین |
|
|
|
|
|
|
|
كۆلێجی ئه‌ندازیاری 1982: منداڵه‌كانی سلێمانی خۆپیشاندانیان كرد ئێمه بۆچی نه‌یكه‌ین؟
فازڵ قه‌ره‌داغی
چوارشه‌ممه-27-نیسان(مانگی 4)-2011
له 24/4/1982 و به‌یادی بۆردومانی هه‌مان ڕۆژی ساڵی 1974 ی شاری قه‌ڵادزێ خۆپیشاندان سازدرا. ئه‌و كاته ساڵی گواستنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی بوو بۆ هه‌ولێر‌و گۆڕینی ناوه‌كه بۆ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین. له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددیندا ناوی مامۆستا سنه‌وبه‌رمان بیست كه به‌ر گولـله‌ی به‌عس كه‌وتبوو، ناوی مامۆستا سنه‌وبه‌ر زیاتر بڵاوبوو، ڕۆژگاریش شتی له‌بیربردینه‌وه‌و پێویستمان به گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ مێژوو بۆ ئه‌وه‌ی بیرمان بكه‌وێته‌وه قوربانییه‌كان دوان بوون؛ ئه‌و و ئامینه كه له‌ئاوه‌كه‌دا خنكابوو.
خۆپیشاندان ته‌شه‌نه‌ی كردبوو و گه‌یشتبووه سلێمانی، قوتابیان له‌ناو خۆپیشانده‌راندا بوون. شتێكی نوێ بوو لامان له‌و زه‌مه‌نه‌ی خۆپیشاندان له سایه‌ی به‌عسدا كوفرێكی گه‌وره بوو. خۆپیشاندان له خه‌یاڵی كه‌سدا نه‌بوو. دوایه‌مینیان خۆپیشاندانی خوێندكاران بوو دژی گۆڕینی به‌شێكی وانه‌كان بۆ عه‌ره‌بی. ئه‌و كاته ته‌نها چاوه‌ڕێی هه‌واڵی خۆشی چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه بووین. چه‌ندیش خۆش بوو كه شه‌وێكیان نزیك به‌شه ناوخۆییه‌كه‌مان كه له كۆلێجی په‌روه‌رده‌دا بوو ته‌قه‌مان بیست‌و زانیمان پێشمه‌رگه بوو.
له هۆڵی خوێندندا بووین له كۆلێجی ئه‌ندازیاری، ئه‌و كاته‌ش‌و به‌هۆی گواستنه‌وه زانكۆی سلێمانییه‌وه چووبووینه سه‌ر ورگ‌و بینای په‌یمانگای ته‌كنیكیی هه‌ولێر. بیرم نه‌مابوو چه‌ندی چه‌ند بوو بۆیه دیسان پێویست بوو بگه‌ڕێمه‌وه بۆ مێژوو بۆ ئه‌وه‌ی بزانم له 3/5 بوو واته ئه‌م ڕۆژانه‌ی دادێن. له داڵانه‌كه‌دا گوێمان له هاوار‌و ده‌نگه‌ده‌نگ بوو. ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتیی قوتابیانی به‌عس (ئیتیحادی ته‌له‌به) به‌په‌له چوونه ده‌ره‌وه، مامۆستاكه، ئه‌ی میسری بوو ئه‌ی هیندی بوو، بیرم نه‌ماوه كامیان بوو، تێنه‌گه‌یشتبوو مه‌سه‌له چییه. هه‌موومان چووینه ده‌ره‌وه‌و بینیم خوێندكارێك هاوار ده‌كات: ((له سلێمانی ته‌له‌به‌ی ئیبتیدائیش موزاهه‌ره‌ی كردووه ئێمه بۆچی نه‌یكه‌ین؟)).
له‌ناو حه‌وشه‌كه‌شدا كۆبوونه‌وه‌و هاوار بوو. به‌په‌له‌و به‌ڕاكردنیش ده دوانزه خوێندكار، كه یه‌كێكیانم بیر ماوه ئه‌ویش ئه‌حمه‌د ڕه‌شید كه ئێستا به‌رپرسی به‌شی هونه‌ریی شاره‌وانیی سلێمانییه، له ده‌روازه‌ی سیاجه نزمه‌كه‌ی كۆلێجه‌كه بازیان دا‌و به‌ره‌و كۆلێجی زانست ڕایان‌كرد. ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتیی قوتابیان فریاكه‌وتبوون ده‌رگای ده‌ره‌وه دابخه‌ن‌و بووه شه‌ڕه‌به‌رد، ئه‌وانه‌شی مابوون به‌هیتافه‌وه ڕێگه‌ی ده‌شتیان گرته‌به‌ر‌و سیاجه (بی ئاڕ سی)یه‌كه‌یان شكاند به‌ره‌و كۆلێجی زانست، ئه‌وه‌ندشی پێ نه‌چوو زرێپۆش هات‌و بووه ته‌قه‌و بڵاوه به خوێندكاره‌كان كرا.
ئه‌وه‌ی زۆر لام سه‌یر بوو و وای لێكردم به زه‌رده‌خه‌نه‌وه به‌ده‌م ڕۆشتن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم ته‌ماشایان بكه‌م‌و خه‌ریك بوو له سه‌رسوڕمان‌و ئیعجابدا پێده‌كه‌نیم دیمه‌نی ئه‌و براده‌ره‌ی له‌كاتی ئاماده‌ییه‌وه له‌گه‌ڵماندا بووه‌و كوڕێكی نازداری عه‌قاری بوو، ئه‌و كاته‌ش ده‌مانوت كوڕانی عه‌قاری به‌یانیان پسكیت‌و شیریان ده‌خۆن‌و به مۆسیقا بۆ مه‌كته‌ب خه‌به‌ریان ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌و كوڕه عه‌قارییه‌م بینی ده‌یكێشا به جانتاكه‌یدا‌و هیتافی ده‌كێشا. كه‌س ده‌یتوانی به گێره‌شێوێن‌و به‌كرێگاری ده‌ره‌وه ناوی به‌رێت؟ به‌ڵێ! یه‌كێتیی قوتابیان وتیان خۆپیشاندانه‌كه ده‌ستی جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی سووریای له‌پشته‌وه‌یه چونكه پێشمه‌رگه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سووریادا باش بوو، ئێستا حیكایه‌تی ده‌ستی ده‌ره‌كیمان بۆ دووباره ده‌كرێته‌وه.
خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وام بوون‌و خوێندكاران ده‌گیران، دواتریش كه هه‌موو شتێك دامركایه‌وه تا ڕۆژی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی كه‌س جگه له خوێندكاره عه‌ره‌به‌كان‌و هه‌ندێك كورد نه‌چووه هۆڵی خوێندن.
دیمه‌نێكی زۆر سه‌یریش بوو كه له ڕۆژانی تاقیكردنه‌وه‌دا ده‌بینرا؛ پیاوانی ئه‌من (ئاسایش) هه‌موو زله‌زله‌و ڕه‌شتاڵ‌و سمێڵ ئه‌ستوور كراسی سپی‌و پانتۆڵی ڕه‌ساسییان كردبووه به‌ر گوایه خوێندكارن.
ئه‌وه‌ی شایه‌نی به‌راوردییه له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی ئێستای كوردستان ئه‌مه‌یه: له‌خۆپیشاندانی ئێستا‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی ڕۆژی 19/4 سووكایه‌تییه‌كی گه‌وره كرا به خوێندكاران، ئه‌شكه‌نجه دران، ته‌نانه‌ت سووكایه‌تیش به كچه‌كان كرا، قسه‌ی ناشیرینی وایان پێ وترا كه هی ئه‌وه نین بچنه سه‌ر كاغه‌ز، شتێك بوو كه به‌عسی 1982 نه‌یكردبوو.
له خۆپیشاندانه‌كانی 1982 به‌عس هه‌مان شتی كرد، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌وه ده‌ڵێم كه بیستوومه. له هه‌ولێردا هاوڕێكانم بۆیان باس كردم‌و وتیان كاتێك برانه بینای ئاسایش (ئه‌من) زه‌لامی گه‌وره‌گه‌وره به كێبڵه‌وه به‌ره‌وڕوویان هاتن به‌ڵام له‌پڕ به‌رپرسه‌كه‌یان ده‌رپه‌ڕی‌و هاواری لێ‌كردن : (كلاب وخرو).. واته: سه‌گینه لێیان دووربكه‌ونه‌وه. به‌لای كه‌مه‌وه‌و له‌و نموونه‌یه‌دا به‌عس له‌گه‌ڵ خوێندكاره كورده‌كاندا نه‌رمتر بوو. ته‌نانه‌ت یه‌كێك له ئاسایشه‌كان له ته‌حسینی هاوڕێمانی پرسیبوو بۆچی ڕیشی هێشتۆته‌وه، ئه‌و كاته‌ش ڕیش هێمای چه‌په‌كان بوو، ئه‌ویش بۆ خۆده‌ربازكردن وتی ئه‌و كچه‌ی حه‌زم لێكردووه وازی لێهێناوم، ئاسایشه‌كه‌ش به سوعبه‌ته‌وه پێی وت زانكۆ پڕێتی له كچ، یه‌كێكی تر بدۆزه‌ره‌وه.
ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆژانه‌ی سلێمانیدا بینیمان‌و بیستمان سه‌لماندی كه ده‌سه‌ڵاتی خۆمان ئاماده‌ی خاترگرتنی كه‌سی نییه، هه‌ر له په‌لاماری كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن‌و هه‌ر له گرتنی مامۆستایانی ئایینی‌و هه‌ر له گرتن‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی رۆژنامه‌نووسان‌و نووسه‌ران‌و هه‌ر له سووكایه‌تی پێكردنی كوڕان‌و كچانی زانكۆی، به‌ڵام به‌عس هه‌ندێك خاترانه‌ی هه‌بوو، بۆ نموونه دوای چه‌ند ڕۆژێك ویستم بچمه كۆلێجی زانست بۆ لای براكه‌م كه مامۆستا بوو؛ ئه‌ندامه‌كانی یه‌كێتی قوتابیان كه له‌به‌رده‌رگا بوون نه‌یانهێشت بچمه ژووره‌وه، منیش به‌تووڕه‌ییه‌وه ده‌ستم باداو وتم ((بۆچی ئه‌حكامی عورفییه؟))و ڕۆشتم، به‌ڵام له‌پشتمه‌وه هاوار هه‌ڵسا: (تعال تعال ابو الاحكام العرفیه) .. وه‌ره وه‌ره خاوه‌نی ئه‌حكامی عورفی. بردیانم بۆ لای به‌رپرسی ئاسایشی كۆلێج كه مووزه‌ردێكی مۆنی سمێڵزل بوو، دوای ماوه‌یه‌ك دانیشتن له پرسگه‌ی دۆزه‌خی به‌عس‌و چاوه‌ڕێكردنی بردن بۆ ده‌زگا جه‌هه‌ننه‌مییه‌كه‌یان به‌سه‌لامه‌تی به‌ره‌ڵا كرام. دوایی براكه‌م پێی وتم به‌رپرسه‌كه وتبووی ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خاتری تۆ نه‌بوایه خۆمان ده‌مانزانی چیی لێ ده‌كه‌ین. به‌عس خاتری براكه‌می گرت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستای ئه‌و كۆلێجه بوو و نه عه‌ره‌ب بوو و نه به‌عسی. خواش هه‌ڵناگرێت براكه‌م دڵسۆزانه وای تێگه‌یاندن براكه‌ی زۆر ته‌واو نییه.. قه‌ید ناكات، گرنگ ئه‌وه‌یه ڕزگارم بوو! ڕاستیشی وت كه كه‌سێكی ته‌واو نه‌بووم ئه‌گینا ئه‌وه كه‌ی قسه‌ی كه‌سی عاقڵه له ڕۆژێكی ئاسایی‌دا بیڵێ چ جای ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌و ڕۆژه. به‌ڵام من گه‌نجێكی تووڕه بووم، ئه‌و خوێندكارانه‌ی سلێمانیش كه برانه كانی گۆمه گه‌نجی تووڕه بوون به‌ڵام ئه‌وانیش‌و جڵ به‌ڵه‌كه‌كانیش وه‌كو ئێمه نه‌بوون دوژمنی یه‌كتر‌و داگیركه‌ر‌و داگیركراو بن. هه‌ڵه‌ی مێژووییه‌و ناهه‌قییه ئه‌گه‌ر بڵێین به‌عس باشتر بوو به‌ڵام به‌عس هه‌رچه‌ندی بكردایه بیانووی هه‌بوو ئه‌ی ڕه‌فتاری به‌عسییانه‌ی كوردێك به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی خۆی چ پاساوێكی هه‌یه؟
خۆپیشاندانه‌كانی 1982 ی هه‌ولێر له زانكۆوه ده‌ستیان پێكرد، خۆپیشاندانه‌كه ئه‌و شاره‌ی ڕاچڵكاند، ئه‌وانه‌ی كردیشیان كێشه‌ی دامه‌زراندنیان نه‌بوو چونكه خوێندكاری ئه‌و كاته نه‌ك ته‌نها بۆی هه‌بوو دامه‌زرێت به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و كاته بۆی هه‌بوو كاری ئازاد بكات كه دوو ئه‌وه‌نده‌ی ساڵه‌كانی زانكۆ له وه‌زیفه‌ی حكومی بوایه، پاره‌ش بۆ خوێندكاره‌كان كێشه‌یه‌كی گه‌وره نه‌بوو چونكه هه‌ر خوێندكارێك مانگی بیست دیناری بۆ سه‌رف ده‌كرا كه به‌شی شتی زۆری ده‌كرد. كێشه‌كه نه‌ته‌وه‌یی بوو، نه‌ته‌وه‌ش ڕزگاری بوو به‌ڵام جۆری تری كێشه سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌مجاره ئه‌وه‌ی كوردایه‌تیی ده‌كرد ئێستا بۆته سه‌ركوتكه‌ر، ئێستا ئه‌وه له خوێندكاری زانكۆ ده‌ترسێت، ئه‌و بۆته ڕووگرژی سمێڵ زلی دار به‌ده‌ستی بێ‌باك له ته‌قه‌كردن له خه‌ڵكی خۆی.
ئێستاش ده‌وترێت با خۆپیشاندان له هه‌ولێر نه‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كه نه‌شێوێت، به زه‌بری هێزیش ده‌یانه‌وێت بیسه‌لمێنن كه شاره ئارامه، به‌ڵام ناپرسن تا كه‌ی ده‌توانن ئه‌و (احكام عرفیه) ڕانه‌گه‌ینراوه به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا بسه‌پێنن. كێ بڕوای ده‌كرد میلله‌تی میسر كه له‌كاتی فیرعه‌ونه‌كانه‌وه به گوێڕایه‌ڵی بۆ فه‌رمانڕه‌وا ناسرابوون به‌و جۆره خۆپیشاندان بكه‌ن؟ ئایا ئه‌وان له خه‌ڵكی هه‌ولێر‌و دهۆك زیندووترن؟ نه‌خێر، ئه‌وه‌ی هه‌ولێر‌و دهۆك له‌مێژووی هاوچه‌رخدا بینیبوویان به‌سه‌ر میسرییه‌كاندا نه‌هاتبوو، ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر به كپیی ئه‌و دوو شاره بخه‌ڵه‌تێ.
خوێندكارانی زانكۆی 1982بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه ده‌وامی زانكۆیان له خۆیان شێواند، ئه‌و كه‌سه‌ش كه ده‌یه‌وێت له هه‌ولێر ئاشتیانه‌و به زمانی خۆپیشاندان بڵێت كوردستان به‌و جۆره نییه كه ڕاگه‌یاندنه‌كه‌تان وێنه‌ی ده‌كات ئه‌و ڕاستییه ده‌زانێت كه ئازادی ئه‌و به‌هایه‌یه كه هیچ وڵاتێك ناشێوێنێت، خۆپیشاندان‌و ده‌ربڕینی بۆچوون‌و ته‌نانه‌ت ڕاكه‌ڕاكه‌و هه‌راوهوریاش نیشانه‌ن كه میلله‌ت زیندووه‌و خوێن به له‌شیدا ده‌ڕوات، ئه‌و میلله‌تانه‌ش كه به هه‌موو شتێك ڕازین مردوویه‌كن به‌ڕه‌سمی شه‌هاده‌ی وه‌فاتیان بۆ نه‌كراوه.
ئه‌وه 3/5ی 1982 بوو هه‌ولێر بوو، بزانین ده‌سه‌ڵات چ په‌یامێكی له‌و ڕۆژه‌دا ده‌بێت؟ خوێندكارانیش چۆن وه‌ڵامی ئه‌و په‌یامه ده‌ده‌نه‌وه. دڵنیام پشتگوێی ده‌خات، ئه‌گه‌ر بیریشی بخرێته‌وه ده‌ڵێت ئه‌و كاته كورد هیچ شتێكی به‌عسی قبووڵ نه‌بوو به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی كوردی كوردیشه‌و باشتریشه، مه‌به‌ستیشیان ئه‌وه‌یه پێویست هه‌موو شتێكی ده‌سه‌ڵاتی كوردی قبووڵ بكرێت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردییه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه په‌یامه‌كه بێت قسه‌یه‌كی بێمانایه، ئه‌و كاته‌ش بزانین خوێندكاران چ وه‌ڵامێكیان ده‌بێت.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-04-27-022.html