|
|

|
ئاسانج- ڤێسته‌رگارد |
|
|
|
|
|
|
|
حكومه‌ته‌كان له پێغه‌مبه‌ران پیرۆزترن
به‌راوردییه‌كی هه‌ڵوێسته‌كان له ویكیلیكس‌و كاریكاتێره‌كان
فازڵ قه‌ره‌داغی
سێشه‌ممه-08-ئازار(مانگی 3)-2011
ویكیلیكس شتی زۆری ئاشكرا كرد. نه‌ك ته‌نها نهێنییه‌كان، نه‌ك ته‌نها دووڕوویی سیاسییه‌كان؛ ویكیلیكس ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه ئازادیی ڕاده‌ربڕین له ڕۆژئاوادا زۆر له‌وه سنووردارتره كه ده‌زانرا.
ڕای ئازاد له‌و شوێنه‌دا كۆتایی پێ دێت كه به‌رژه‌وه‌ندیی حكومه‌ت، هه‌روه‌ها كۆمپانیا به‌هێزه‌كان، ده‌ست پێده‌كات. پیاوانی تیۆری سیاسی ده‌ڵێن حكومه‌ت به‌هۆی شه‌فافیه‌ته‌وه به‌هێز ده‌بێت، سیاسییه عه‌مه‌لییه‌كانیش ده‌ڵێن پیاوانی تیۆری سیاسی وڕێنه ده‌كه‌ن‌و نهێنی یه‌كێكه له بناغه‌كانی حكومه‌تی به‌هێز. له كتێبه‌كه‌مدا (ئه‌فسانه‌ی دیموكراسی-1998)و به‌پشتبه‌ستن به بیریاره ڕۆژئاواییه‌كان باسی نهێنی له كاره‌كانی حكومه‌تم وه‌ك دوژمنێكی دیموكراسی كردووه، جیهانیش به‌درێژایی دوو سه‌ده‌و سه‌رباری گه‌شه‌سه‌ندنی دیموكراسی ده‌ستبه‌رداری نهێنی نه‌بووه.
ئه‌مه سه‌یر نییه‌و چاوه‌ڕوانكراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه ڕۆژنامه‌گه‌ری بچێته ناو گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه، هه‌ر له‌و كتێبه‌شمدا شایه‌تیم هێنابوو كه له ڕۆژئاوادا، ئه‌مه‌ریكاش به‌تایبه‌تی، جۆره هاوپه‌یمانییه‌ك له‌نێوان ڕۆژنامه‌گه‌ری‌و حكومه‌تدا هه‌یه.
ئه‌و هاوپه‌یمانییه به‌هۆی ویكیلیكسه‌وه ئاشكراتر بوو. به‌شێكی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد له ڕۆژئاوادا‌و له‌جیاتی ده‌ستخۆشیكردن له ویكیلیكس داوای ده‌ست‌و په‌نجه شكاندنی ده‌كات.
جۆن كافنه‌ر John Kampfner، سه‌رۆكی جێبه‌جێگاری رێكخراوی ئیندێكس ئۆن سێنسرشپ Index on Censorship، كه گۆڤارێكی به‌هه‌مان ناو هه‌یه، له بابه‌تێكیدا به ناوونیشانی (ویكیلیكس ئابڕووی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌مان ده‌بات كه كه‌وتۆته به‌رپێی ده‌سه‌ڵات)Wikileaks shows up our media for their docility at the feet of authority ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌ڵێت:
ڕۆژنامه‌گه‌ریی به‌ریتانی په‌شیمانی‌و ئازاری ویژدانی نییه سه‌باره‌ت به بڵاوكردنه‌وه‌ی شتی تایبه‌ت به ژیانی خه‌ڵك به‌ڵام ته‌نها كه‌مێك كات یان وزه ته‌رخان ده‌كات بۆ ته‌حه‌داكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه رۆژنامه‌نووسییه‌كی لێكۆڵه‌وه‌ره‌ی تونده‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ش كه گوایه سه‌بقی ڕۆژنامه‌نووسیی سیاسین له‌ڕاستیدا بریتین له ته‌نها چه‌ند چیرۆكێك كه سیاسه‌تمه‌داران له مێشكی نووسه‌ری به‌كرێگیراوی گوێڕایه‌ڵی داڵانه‌كانی په‌رله‌مان چاندوویانه. نووسه‌ران‌و ڕۆژنامه‌نووسه پله‌داره‌كان به‌رده‌وام له‌لایه‌ن دوو ده‌زگای ئێم ئای 5 (هه‌واڵگریی به‌ریتانیی بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی) وئێم ئای 6 (هه‌واڵگریی به‌ریتانیی تایبه‌ت به ده‌ره‌وه) بانگ ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتی كورتیان بدرێتێ. ئه‌م بانگهێشتانه بۆنه‌یه‌كی خۆشن‌و به‌زۆری بانگهێشتن بۆ نانی نیوه‌ڕۆ، ئه‌مه بۆ خۆی زه‌ره‌ری نییه به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ئه‌وه‌یه كه ڕۆژنامه‌نووسه‌كان ختووكه‌یان به‌و بایه‌خپێدانی دێت. ئه‌وان حه‌ز ده‌كه‌ن ده‌عوه‌ت بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی موناقه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ن چۆن هه‌موویان به‌شێوه‌یه‌یكی "به‌رپرسانه" ڕه‌فتار بكه‌ن. ئه‌م بانگكردنه وایان لێده‌كات هه‌ست بكه‌ن كه‌سێكی گرنگن، ئیتر زۆرێك له‌و كه‌سانه توانا ڕه‌خنه‌گرییه‌كه‌یان هه‌ڵده‌په‌سێرن.
رۆژنامه‌گه‌ریی به‌ریتانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ڕێز بۆ ده‌سه‌ڵات داده‌نێت. ڕۆژنامه‌كان‌و بێژه‌ران به‌گومانن له‌و كه‌سه‌ی ئه‌و گه‌مه‌یه ناكات، وه‌ك بۆ نموونه (ئاسانج) كه كه‌سێكی لێنه‌زانه‌و له‌خۆیان نییه (ده‌ره‌كییه). هه‌ندێك نووسه‌ر ته‌واو خۆشحاڵن به یارمه‌تیدانی ده‌سه‌ڵات ئه‌و كاته‌ی ئاسانج ئیدانه ده‌كات، تۆڵه‌ش هۆیه‌كه بۆ ئه‌مه؛ تۆڵه له ئاسانج كه له بازنه‌ی ده‌ستڕۆشتوویی ئه‌ودا نین. كافنه‌ر پاش ئه‌مانه ده‌ڵێت: هه‌موو حكومه‌ته‌كان مافی شه‌رعیی خۆیانه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزن به‌ڵام زۆربه‌ی یاساكانی نهێنی ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ن ((سیاسییه‌كانمان‌و فه‌رمانبه‌رانمان له ئیحراجی بپارێزن)).
رۆی گرینسله‌ید Roy Greenslade ، پرۆفیسۆری ڕۆژنامه‌نووسی‌و سه‌رنووسه‌ر ده‌یلی میره‌ر (1990-1991) له بابه‌تێكیدا به ناوی (بۆچی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی پابه‌ندی ئازادیی رۆژنامه‌نووسین هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ویكیلیكس؟) Why do editors committed to press freedom attack Wikileaks باسی ئامۆژگارییه‌كه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانی بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌كات سه‌باره‌ت به"به‌رپرسیارێتییه‌كه‌یان" ده‌رباری بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی به‌ڵگه‌نامه‌كان، پاشان ده‌پرسێت: وه‌ڵامی نووسه‌ران چی بوو؟ ده‌ڵێت: به‌زۆری ڕه‌خنه بوو له ویكیلیكس‌و نموونه‌ی (سه‌ن) ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌م ناوونیشانه‌ی بڵاویكردبووه‌وه: ((هه‌ڕه‌شه بۆ ئاسایشی به‌ریتانیا)) ناوونیشانێكی نموونه‌یی بوو.
گرینسله‌ید ده‌ڵێت كه پارێزه‌ره گه‌وره‌كانی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری كه هه‌میشه بانگه‌شه‌ی چاكه‌كانی ئاشكراكردنی ڕاستییه‌كان بۆ جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن ناتوانن هه‌زمی "ده‌ره‌كی"یه‌ك بكه‌ن كه هه‌مان ئه‌م كاره ده‌كات.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئێن ئۆ ده‌بلیو (NoW) زه‌می ئاسانجی كرد‌و شته بڵاوكردنه‌وه‌كانی به ((به‌دكار)) ناوبردبوو، سه‌نده‌ی ئێكسپرێس له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڵێت: ((كاتێتی ویكیلیكس دابخرێت)).
به‌ڕێوه‌به‌ری (مه‌یڵ ئۆن سه‌ندی) گاڵته‌جارییه‌كی دڕندانه به ویكیلیكس ده‌كات، نووسینه‌كه‌شی وه‌ك یادداشتی راوێژكارێكاری ئاسایشی حكومییه. ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره ده‌ڵێت پێویسته حكومه‌ته‌كان نهێنینیی خۆیان بپارێزن‌و نه‌یانخه‌نه ناو داتابه‌یسه‌وه.
پاش ئه‌و چه‌ند نموونه كه‌مه له ڕه‌خنه‌ی ڕۆژئاوایی له ڕۆژنامه‌نووسه ڕۆژئاواییه‌كان كاتێتی پرسیار بكه‌ین: بۆچی جولیان ئاسانج وه‌كو خاوه‌نه‌كانی كاریكاتێره‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرا؟ واته بۆچی ئه‌ویان ئازادیی ڕاده‌ربڕین بوو و ئه‌میان ئازادی نییه؟ ئاسانج له هه‌ستی هیچ گه‌لێكی نه‌دا به‌ڵكو كارێكی كرد هه‌موو گه‌لێك پێی خۆشه بكرێت ئه‌ویش ئاشكراكردنی نهێنییه‌كانی حكومه‌ته‌كان. بیانوویه‌كی لاوازی ڕه‌خنه‌گران له ئاسانج ئه‌وه‌یه ئه‌و زانیارییانه‌ی بڵاویكردنه‌وه جێگه‌ی مه‌ترسین بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام زانیارییه‌كان كه‌لێنێكیان له‌و ئاسایشه ئاشكرا كرد ئه‌ویش كه پاراستنی ئه‌و ئاسایشه بنه‌مایه‌كی ئه‌خلاقیی له‌خۆ نه‌گرتووه، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌سڵه‌ن ئه‌و مه‌ترسییه هه‌بێت چونكه ڕاسته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ته‌نها گومانه نه‌ك مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه.
بیانوویه‌كی تر ئه‌وه‌یه زانیارییه‌كان مه‌ترسییان هه‌یه بۆ ژیانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان هاتووه وه‌ك ئه‌و سیخوڕانه‌ی ئه‌فغانستان، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسییه له‌چاو چاكه‌كانی ئاشكراكردنی زانیارییه‌كان هێنده بچووكه كه ده‌توانرێت حسابی هیچ بۆ بكرێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش بڵاوكردنه‌وه‌ی كاریكاتێره‌كان‌و دیفاعكردن له خاوه‌نه‌كانیان مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌تریان تێدایه چونكه ورووژاندنی هه‌ستی سه‌دان ملیۆن موسڵمانه، ورووژاندنێك به‌ئاسایی تێناپه‌ڕێت‌و مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه بۆ ئێستا توندوتیژیی لێ بكه‌وێته‌وه‌و بۆ دواڕۆژ بارودۆخی گشتیی په‌یوه‌ندیی نێوان ڕۆژئاوا‌و جیهانی ئیسلامی به‌ره‌و تیۆره‌كانی پێكدادان ببات‌و بره‌و به بانگه‌وازه‌كانی به‌ره‌نگاری بدات كه پێكدادانه‌كه حه‌تمی ده‌كات‌و پێگه‌ی قاعیده، وه‌كو ڕێكخراو و وه‌كو فیكر، به‌هێزتر بكات.
كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی كاریكاتێره‌كان هیچ له‌و مه‌ترسییانه لای ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ قسه به ئاسانج ده‌ڵێن نرخیان نه‌بوو، مه‌سه‌له‌كه‌ش به‌كورتی ئه‌وه‌یه ئیسلام، به‌ڵكو ئاین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، لایان گرنگ نییه، گرنگیش نییه هه‌روه‌ها هه‌ستی سه‌دان ملیۆن موسڵمان چی ده‌بێت، به‌ڵام له حاڵه‌تی ویكیلیكسدا ناڕه‌حه‌تیی ده‌سه‌ڵات مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه بۆیه كاتی هاتبوو ویكیلیكس "ده‌مكوت بكرێت"، ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌كه له‌سه‌ر حاڵه‌ته گشتییه‌كه‌ی ئازادیی ڕاده‌ربڕین: ئه‌وانه‌ی داوای ئه‌و ئازادییه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و شتانه داوای ده‌كه‌ن كه به‌لایانه‌وه گرنگه، هه‌ر وه‌ك چۆن له حاڵه‌تی دیموكراسیدا ئه‌وانه‌ی باس له خواستی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن ته‌نها له‌و كاته‌دا گه‌رموگوڕن كه جه‌ماوه‌ر به‌ره‌كه‌ی خۆیان، نه‌ك به‌ره‌كه‌ی تر، هه‌ڵده‌بژێرن، وه‌كو چۆن چه‌ند جارێك ده‌بیستین ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه بۆ دیموكراسی ده‌كه‌ن ده‌ڵێن جه‌ماوه‌ر وشیار نییه كاتێك ئه‌و جه‌ماوه‌ره ده‌نگ بۆ ئیسلامییه‌كان ده‌دات... وشه‌كان ئه‌و پۆشاكه‌ن كه ده‌كرێنه به‌ری شته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی جوان بكرێن یان ناشیرین بكرێن، ویكلیكس هیچی نه‌كردبێت ئه‌و پۆشاكه‌ی له شته‌كان داماڵیوه.
په‌راوێز:
بابه‌تی كافنه‌ر:
http://blog.indexoncensorship.org/2010/11/29/wikileaks-shows-up-our-media-for-their-docility-at-the-feet-of-authority/
هه‌روه‌ها له ڕۆژنامه‌ی ئیندیپێندێنت:
http://www.independent.co.uk
بابه‌تی گرینسله‌ید:
http://www.guardian.co.uk/media/greenslade/2010/nov/28/wikileaks-national-newspapers
له ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ 1404، 9/2/2011، ل9 بڵاوبۆته‌وه.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-03-08-018.html