ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت كاریًكی شه‌یتانی بێت هه‌ر یه‌ك له ئێمه به‌شی خۆی شه‌یتانییه
فازڵ قه‌ره‌داخی بۆ ڕوانگه‌و ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر
چوارشه‌ممه-09-شوبات(مانگی 2)-2011
سازدانی: سه‌رخێڵ هاشم
تێبینی له‌سه‌ر ئه‌م دیمانه‌یه:
یه‌كه‌م: ئاڕاسته‌كه‌ی (چاو‌دێر) له كه‌س شاراوه نییه، كه‌سیش گله‌یی له هه‌ڵسووڕێنه‌رانی چاو‌دێر ناكات ئه‌گه‌ر شتێك بڵاونه‌كه‌نه‌وه كه به‌پێی ئه‌و ئاڕاسته‌یه نه‌بێت به‌ڵام هیچ مانایه‌كی تێدا نییه داوای دیمانه له كه‌سێك بكه‌ن كه‌چی به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی خۆیاندا بگونجێت. له‌م دیمانه‌یه‌ی خواره‌وه چاوه‌ڕێیان ده‌كرد به‌دڵی خۆیان شتێك بنووسم له‌سه‌ر ئیسلامییه‌كان به‌ڵام كه وا ده‌رنه‌چوو ئه‌م پێشه‌كییان بۆ دیمانه‌كه نووسی:
"قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌زموونی سیاسی له كوردستاندا، به‌تایبه‌ت له‌كایه‌ی حكومه‌تدا، بۆ ئێمه زۆر گرنگه، فازیل قه‌ره‌داخیمان بۆ ئه‌وه دواند كه لێبڕاوانه‌و دوور له عه‌قڵی پاساوی قسه له‌سه‌ر ئه‌زموونی ئه‌م مۆدیڵه له ئیسلام بكات، ئایا توانیویه‌تی ئه‌وه بكات؟ ئه‌و به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه:"
مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه بوو "لێبڕانه‌وه‌و دوور له عه‌قڵیه‌تی پاساوی" قسه بكه‌م، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌كانیش به‌دڵی ئه‌وان نه‌بووه ڕسته‌یه‌ك ده‌نووسن كه تا ئێستا له هیچ دیمانه‌یه‌كدا نه‌مدیوه: " ئایا توانیویه‌تی ئه‌وه بكات؟ ". ڕۆژنامه‌نووس وا نانووسێت؛ ڕۆژنامه‌نووس كه داوای دیمانه ده‌كات قسه‌كان چۆنن بێ ته‌علیق بڵاویان ده‌كاته‌وه، نه‌ك پێشوه‌خت مه‌رجی به‌دڵبوون دابنێت.
دووه‌م: له هه‌ندێك شوێندا ده‌ستكاریی قسه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌ك كردووه ئه‌و مه‌به‌سته‌ی خۆیان بپێكێت، ده‌ستكارییه‌كه‌ش له‌ڕێگه‌ی لابردنی هه‌ندێك ڕسته‌وه‌وه بوو كه ناشیرینترینیان ئه‌وه‌ی باسی یه‌كگرتنی حزبه ئیسلامییه‌كان ده‌كات كه وه‌ڵامه‌كه‌م ئه‌وه بوو (یه‌كگرتنی حزبه‌كانی تری غه‌یری ئیسلامییه‌كان شوبهی مه‌حاڵه) به‌ڵام ئه‌مه‌یان په‌ڕاندووه‌و وایان لێكردووه كه یه‌كگرتنی ئیسلامییه‌كان مه‌حاڵه كه ئه‌مه ده‌ستكارییه‌كی ته‌واوی وه‌ڵامه‌كه‌یه. له خواره‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی لابراوه‌و ده‌ركم پێ كردووه خستوومه‌ته ناو كه‌وانه‌ی كه‌وانه‌یی {}.
سێیه‌م: گله‌ییم له (برووزه‌كه) نییه، دیمانه‌كه‌شم به‌بێ ناوونیشان ناردبوو ئه‌وانیش ناوونیشانێكیان هه‌ڵبژاردووه كه حه‌زیان لێیه: (ئیسلامییه‌كان پێویستیان به ته‌نزیره، ته‌نزیریش پێویستی به عه‌قڵێكی گه‌وره‌یه) منیش لێره‌دا ناوویشانه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌م دانا كه له دیمانه‌كه‌دا وتوومه.
چواره‌م: جۆری پرسیاره‌كان ده‌ریده‌خات كه چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مانه‌ش نموونه‌ن: ئیسلامییه‌كان له‌پێناوی چێژی كورسی، ئیسلامییه‌كان چاكسازی قبووڵ ناكه‌ن.
*********
*ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: له هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین حزبی ئیسلامی هه‌یه (یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی) پێت وا نییه هه‌موو له‌م حزبانه یه‌ك دروشم و یه‌ك بۆچوونیان هه‌یه، چاكتر وا نییه كورت بكرێنه‌وه و بكرێن به یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی؟
ف. قه‌ره‌داغی: هه‌موو ده‌زانین كه هه‌بوونی چه‌ند حزبێكی ئیسلامی، له‌جیاتی یه‌ك حزب، ڕه‌خنه‌یه‌كه له‌و حزبانه‌و له كاری ئیسلامی به‌گشتی ده‌گیرێت، به‌ڵام با بیر له حاڵه‌ته‌كه‌ی تر بكه‌ینه‌وه: ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ك حزبی ئیسلامی هه‌بوایه‌و هه‌بوونی حزبی تر به ڕه‌وا نه‌زانرایه ئه‌و كاته ڕه‌خنه‌گر خۆی سه‌ره‌ونخوون ده‌كرد؛ دوو قاچی بۆ ئاسمان به‌رزده‌كرده‌وه‌و له‌سه‌ر دوو له‌پی ده‌ستی له‌سه‌ر زه‌وی ده‌وه‌ستا‌و ده‌یوت: ((بۆچی هه‌ر یه‌ك حزبی ئیسلامی ببێت؟ ئه‌مه سنوورداركردنی كاری ئیسلامی‌و كاری حزبایه‌تییه)). به‌واتایه‌كی تر ڕه‌خنه‌گر هه‌ر ڕه‌خنه‌گره‌و ناڕه‌زایی له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا هه‌یه، هۆكه‌ش ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه‌كه ته‌نها بۆ ڕه‌خنه‌یه، ئه‌گینا مرۆڤ ده‌توانێت بۆ خۆی‌و بێ پرسیاركردن له كه‌س بیر له هه‌موو حاڵه‌ته‌كان بكاته‌وه. ئێمه ده‌توانین له‌جیاتی ڕه‌خنه‌گرتن له حاڵه‌تی فره‌حزبی یان یه‌كحزبی پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین: كامیان باشتره؟ یه‌ك حزبی ئیسلامی یان چه‌ند حزبێك؟ وه‌ڵامه‌كه‌ش ئه‌و قورسه نییه: هه‌ر یه‌ك بۆ شتێك باشه وه‌ك چۆن هه‌ر یه‌ك له شتێك‌دا خراپه. ئه‌گه‌ر واقعیش پشتگوێ نه‌خه‌ین ده‌زانین كه ئه‌و واقعه قبووڵی ناكات له وڵاتێكدا یه‌ك حزب هه‌بێت. په‌رتبوون دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌رییه چونكه بۆچوونه‌كان یه‌ك نین، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیش هه‌روا، سروشتی مرۆڤه‌كانیش هه‌روا. ده‌شتوانین به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر پرسیارێك له‌باره‌ی حزبه ئیسلامییه‌كانه‌وه بكه‌ین ته‌ماشای حزبه‌كانی تر بكه‌ین: حزبه قه‌ومییه‌كان یه‌ك دروشم‌و یه‌ك بۆچوونیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانن ببنه یه‌ك حزب، دا‌واشیان لێ ناكه‌ین ببنه یه‌ك حزب، ئه‌گه‌ر زیاتریش بیری لێبكه‌ینه‌وه ده‌ڵێین پێویسته حه‌ز نه‌كه‌ین ببنه یه‌ك حزب چونكه یه‌كحزبی ئه‌گه‌رچی له ڕوویه‌كه‌وه سوودی هه‌یه له دوو ڕووی تره‌وه زیانی هه‌یه كه دیارترینیان ته‌سككردنه‌وه‌ی ڕای ئازاد‌و بۆچوونی جیاوازه‌و ترسناكترینیان به‌پیرۆزكردنی حزبه كه دواتر ده‌بێته به‌پیرۆزكردنی پێشه‌واكه‌ی كه له‌كۆتایی ئه‌و پیرۆزكردنه‌ش پیرۆزكردنی كوڕی پێشه‌وایه... {وا له حزبی پیرۆزی تاكوته‌نیای پیرۆزه‌وه گه‌یشتینه فه‌رمانڕه‌وایی بنه‌ماڵه‌ی پیرۆز. ئه‌م پیرۆزییه به‌بێ حزبی تاكیش ڕووده‌دات، واته كاتێك حزبی تریش له‌سه‌ر زه‌ویدا هه‌بن، ئه‌ی ئه‌گه‌ر حزب بێ شه‌ریك بێت؟ خۆشبه‌ختانه حزبی تاك سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری نییه ئه‌گه‌ر هه‌شبێت له وڵاتانی نیزام دیكتاتۆریدا هه‌یه، دیكتاتۆریه‌تیش نابێته نموونه بۆمان.}
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: ئیسلامییه‌كان ره‌خنه له حزبه‌كانی تری هه‌رێم ده‌گرن به‌وه‌ی له‌نێو خۆیاندا یه‌كنین له‌كاتێكدا تا ئێستا ئیسلامییه‌كان پرۆژه‌یه‌كی یه‌كگرتنیان نه‌بووه، له‌پێشووشدا ئه‌وه‌مان دیت كه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو؟
ف.قه‌ره‌داغی: {نه‌مبیستووه‌و نه‌مخوێندۆته‌وه ئیسلامییه‌كان ڕه‌خنه‌یه‌كی وایان هه‌بێت. ئه‌وان‌و هه‌مووان ده‌زانن‌و ده‌زانین كه جیاوازی له‌نێوان حزبه‌كانی تر هه‌یه بۆیه باس له} یه‌كگرتنیان شوبهی مه‌حاڵه. ئه‌مه له‌ده‌ستێكدا، له ده‌سته‌كه‌ی تریشدا ئه‌و ڕاستییه هه‌یه كه پرۆژه هه‌بووه بۆ كاری هاوبه‌شی ئیسلامی به‌ڵام زۆر كارا نه‌بووه، به‌ڵامێكی تریشمان ده‌وێت بۆ یه‌كگرتنی ئیسلامییه‌كان ئه‌ویش كه ئه‌زموونێكی یه‌كگرتن هه‌بووه ئه‌ویش له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و بزوتنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی ئیسلامی ئابی ساڵی 1999 كه بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامیی لێ كه‌وته‌وه، په‌رتبوونی ئه‌و حزبه نوێه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ جیاوازیی بۆچوون‌و ئیلتزامی فیكری‌و ئاینی له‌و حزبه كه بۆچوون‌و سروشت‌و ئیلتزامی جیاجیای تێدابوو. فیكره‌ی یه‌كبوونه‌كه سه‌ركه‌وتوو بوو به‌ڵام كێشه‌كه له كه‌سه‌كاندا بوو. باسی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشتان كرد؛ له یه‌كێك له‌و هه‌ڵبژاردنانه دوو حزبی ئیسلامی له‌گه‌ڵ دوو حزبی تری غه‌یری ئیسلامی لیستێكیان دروست كرد‌و ڕه‌نگه بۆ یه‌كه‌م جار نموونه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا هاته دی. ڕه‌نگه ئه‌وه دووباره نه‌بێته‌وه، ڕه‌نگه هه‌رگیز دووباره نه‌بێته‌وه، ڕه‌نگه ئیسلامییه‌كان له‌ناو خۆشیاندا قه‌ت هاوپه‌یمانی پێكبهێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیسانه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر فیكره‌ی یه‌ك حزبی بێ به‌دیل كه ئاواتێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام ئاواتێكی پڕكێشه‌یه (ڕێگه‌ی مه‌ترسیداری پیرۆزكردنی حزب) پێویسته نه‌بوونی فیكره‌ی یه‌كگرتن سه‌ریه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌دواوه نه‌بێت.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: ماوه‌یه‌كه كه‌سایه‌تی و پله به‌رزه‌كانی نێو حزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان ده‌ست له‌كارده‌كێشنه‌وه له یه‌كگرتوو هادی علی و عبدالرحمان صدیق و له بزووتنه‌وه‌ش محمد بازیانی، ئه‌مانه فكره‌یه‌كی نوێ خوازن له ئیسلامییه‌كان یان چین؟
ف.قه‌ره‌داغی: هه‌تا ئه‌و كه‌سانه پرۆژه نه‌خه‌نه ڕوو ناتوانین حوكمیان له‌سه‌ر بده‌ین، مه‌به‌ستیشم له "پرۆژه" واتای ته‌واوی وشه‌كه‌یه نه‌ك ته‌نها چه‌ند فیكره‌یه‌ك. با چاوه‌ڕێ بكه‌ین‌و بزانین.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: حزب، وه‌ك رێكخراوێكی مۆدرێن چۆن ده‌كرێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیسلامدا یه‌كبگرێت؟
ف.قه‌ره‌داغی: ئه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه به تێگه‌یشتنمان له وه‌سفی "مۆدێرن". ئه‌گه‌ر باس له كه‌ره‌سته‌كان بكه‌ین حزبه ئیسلامییه‌كان به‌ش به حاڵی خۆیان كه‌ره‌سته یان با بڵێین هۆكار (وه‌سیله)ی مۆدێرنیان گرتۆته به‌ر له شێوازی حزب‌و ڕێكخستنی.. تاد، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌شیان لێ ده‌گرین كه وه‌كو پێویست ئه‌و هۆكارانه ناگرنه به‌ر ده‌زانین كه ئه‌مه له‌به‌ر ڕه‌فزكردنی هۆكاره‌كان نییه‌و ئه‌وان حه‌ز ده‌كه‌ن ڕێگه‌یه‌ك بگرنه‌به‌ر حزبی پێ پێشبخه‌ن. ئه‌وه كه‌ره‌سته‌و هۆكار.. ئه‌گه‌ر باسیش له وه‌سفی "مۆدێرن" وه‌كو بیروباوه‌ڕ بكه‌ین پێویسته ئه‌و بیروباوه‌ڕه به (كۆ) وه‌رنه‌گرین چونكه ئه‌وه قابیلی موناقه‌شه‌یه. حزبه ئیسلامییه‌كان شت له‌و بیروباوه‌ڕانه هه‌ڵده‌بژێرن، چی باشه‌و گونجاو، یان به باش‌و گونجاوی ده‌زانن، وه‌ریده‌گرن. بێگومان به‌شی ڕه‌خنه‌ی زۆر هه‌یه له‌و هه‌ڵبژاردنه بگیرێت‌و كه‌موكورتیی زۆری تێدا ده‌دۆزرێته‌وه به‌ڵام وه‌كو بنه‌ما‌و بناغه ئه‌وان هه‌موو شتێك ڕه‌تناكه‌نه‌وه. كه‌واته ئیسلامییه‌كان هه‌وڵیان داوه ببنه مۆدێرن، ئه‌وه‌ش كه پێویسته قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت ئه‌وه‌یه چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوون‌و چه‌ند نا، چه‌ندیش بۆ به‌مۆدێرنكردن گه‌رموگوڕ بوون‌و چه‌ند نا. پرسیاریش له‌وه‌دا نییه چه‌ند ئه‌و به‌ده‌مه‌وه‌چوونه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیسلامدا گونجاوه چونكه له ئیسلامدا زه‌وییه‌كی فراوانمان هه‌یه كه بابی (موباح)ـه كه جێگه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی تێدا ده‌بێته، ئه‌وه‌ش جگه له ته‌فسیری جۆراجۆری ده‌ق كه ده‌كرێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێردرێت كه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا بگونجێت، ئینجا جگه له بۆچوون‌و ئیجتهادی فیقهیی جۆراوجۆر كه ده‌كرێت سوودیان لێ وه‌ربگیرێت. ئه‌مه ماتماتیك نییه تا بڵێین جیهانی مۆدێرن له‌گه‌ڵ ئیسلامدا ڕێكه یان ناڕێكه. مۆدێرنێتی بۆ خۆی زه‌وییه‌كی فراوانه‌و جێگه‌ی بۆچوونێكی زۆری دژ به‌یه‌كی تێدا ده‌بێته‌وه.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: یه‌كێك له ئامانجه گرنگه‌كانی حزب گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵات حزبه ئیسلامییه‌كانیش دوور نین له‌م ئامانجانه ئه‌و قادرمه‌ی ئه‌وان پێیدا ده‌ڕۆن چۆنه؟
ف.قه‌ره‌داغی: وه‌كو هۆكار دیاره: ئه‌وه‌ی كاری سیاسیی سلمیی هه‌ڵبژاردووه ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌گرێته به‌ر، ئه‌وه‌ش كه باوه‌ڕی به جیهاده ئه‌و ڕێگه‌یه به ڕه‌وا ده‌زانێت. چه‌ند ئه‌میان یان ئه‌وه‌یان نزیك ده‌بێت یان لاده‌دات له‌و بنه‌مایانه‌ی ئیسلام كه جێگه‌ی ناكۆكی نین.. ئه‌وه به‌نده به حاڵه‌تی هه‌ر حزبێك له‌وانه‌و ناتوانین یه‌ك حوكم به‌سه‌ر هه‌موویاندا بده‌ین.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: ئیسلامییه‌كان له‌پێناو چێژی كورسی بۆ خزمه‌تی تایبه‌ت یان خزمه‌تی مێژووی ئیسلامیان كامیان هه‌ڵبژاردووه؟
ف.قه‌ره‌داغی: ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ڕێوه بڕیارمان دا له‌سه‌ر ته‌عبیری (له‌پێناو چێژی كورسی) ئیتر پێویست به پرسیار‌و وه‌ڵام ناكات‌و هه‌ر یه‌كێك بچێته‌وه ماڵی خۆی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌عبیره لابه‌رین‌و بپرسین: ((هه‌وڵی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات بۆ چ ئامانجێكه؛ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت یان گشتی؟)) ده‌توانین وه‌ڵام بده‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ریش باسی كه‌سه‌كان بكه‌ین ئه‌وا ئیسلامییه‌كان وه‌كو هه‌موو كه‌سه‌كانی تر كه‌سیان هه‌یه بۆ خۆی كار ده‌كات، هه‌شیانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی كار ده‌كات. هه‌یشه ئیش بۆ كاروباره گشتییه‌كه ده‌كات به‌ڵام به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی قازانجی خۆی تێدا بێت، واته قازانجی خۆی ده‌كاته پێوه‌ر. ئه‌مه وه‌كو تاكه‌كان، وه‌كو كۆی دیارده‌كه‌ش كاركردن بۆ گشتییه. كێشه‌ی هه‌ر حزبێكیش له‌و بواره‌دا ئه‌وه‌یه چه‌ند گه‌ڕان به‌دوای قازانجی شه‌خسی زاڵتره.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: به ئه‌زموون ئه‌وه زانراوه كه سیاسه‌ت و شه‌یتان لێك نزیكن، تۆ به‌ئه‌زموونت له‌نێو كاری سیاسی ئیسلامیه‌كان گه‌یشتویته ئه‌م ئامانجه بۆیه دوركه‌وتیته‌وه؟
ف.قه‌ره‌داغی: {نه‌مبیستووه كه ئه‌زموون شتی وا ده‌ڵێت،} ئه‌وه قسه‌یه‌كی باوه به‌ڵام ئه‌گه‌ر باس له ئه‌زموون بكه‌ین ده‌زانین شه‌یتان له‌هه‌موو كارێكه‌وه نزیكه ته‌نانه‌ت له په‌رستنیشدا كاتێك وه‌سوه‌سه بۆ نوێژخوێن دروست ده‌كات یان وای لێده‌كات ڕیایی بكات‌و بۆ ئه‌وه‌ی بوترێت خواپه‌رسته په‌رستنێكی خه‌ست‌و به‌رچاو بكات. چاره هه‌یه؟ له‌هه‌موو شتێك دووربكه‌وینه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌یتان نزیكه؟ سیاسه‌تیش هه‌مان شته؛ نزیكیی شه‌یتان لێی واتای ئه‌وه نییه ده‌ستی لێ هه‌ڵگری بۆ ئه‌وه‌ی خودی شه‌یتان خۆی به‌ڕێوه‌ی به‌رێت. خۆشیش ئه‌وه‌یه عه‌لمانیه‌ت ته‌نها له‌م حاڵه‌ته‌دا خودا‌و شه‌یتانی بیرده‌كه‌وێته‌وه، واته ته‌نها له حاڵه‌تی ڕه‌خنه‌گرتن له ئیسلامییه‌كان، بیریش له‌وه ناكه‌نه‌وه كه به‌و قسه‌یه ناڕاسته‌وخۆ به جه‌ماوه‌ر ده‌ڵێن: ((ئێمه كارێكی شه‌یتانی ده‌كه‌ین به‌ڵام هه‌ر شوێنمان بكه‌ون)). سه‌باره‌ت به خۆشم نه‌مبیستووه خۆم به خۆم یان به كه‌سێكی تر بڵێم له كاری سیاسی دووركه‌وتبێتمه‌وه چونكه وه‌رنه‌گرتنی پۆست واتای دووركه‌وتنه‌وه نییه. سیاسه‌ت واتا كاروباری گشتی، مرۆڤیش ده‌توانێت بێئه‌وه‌ی پۆستی هه‌بێت خه‌ریكی كاروباری گشتی بێت. باوه‌ڕیشم وایه هه‌ڵه‌یه مرۆڤ، به‌تایبه‌تی مرۆڤی ئیسلامی، له‌و كاروباره گشتییه دووربكه‌وێته‌وه چونكه دووركه‌وتنه‌وه واته به‌تاڵبوونی جێگه‌كه‌ی، سیاسه‌تیش قبووڵی شوێنی به‌تاڵ ناكات، من ئه‌وه ناوده‌نێم (یاسای دووه‌می سیاسه‌ت): كاری سیاسی كه له شوێنێكدا سه‌ریهه‌ڵدا (=سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌سه‌ڵات) شوێنه‌كه‌ی به‌تاڵ نابێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌وا(كان) نه‌ما(ن) كه‌سـ(ـان)ی تر جێیان ده‌گرنه‌وه، یاسای یه‌كه‌می سیاسه‌تیش، لای خۆم، ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌وه دروست ده‌بێت. كه سیاسه‌ت هێنده به كۆمه‌ڵگه‌وه نووسابێت چۆن ڕه‌وا ده‌بێت كه‌سێك توانای كاری هه‌بێت لێی دووربكه‌وێته‌وه؟ مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه بزانێت توانای نییه، به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌شدا به‌شی خۆی سیاسه‌ت ده‌كات، یان مه‌گه‌ر به چالاكیی تری غه‌یری سیاسه‌ت سه‌رقاڵ بێت، به‌ڵام دیسان له‌و حاڵه‌ته‌شدا به‌شی خۆی خه‌ریكی سیاسه‌ته. هه‌موو كه‌سێك به‌لای كه‌مه‌وه كاتی ده‌نگدان خه‌ریكی سیاسه‌ته، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌نگیش نه‌دات چونكه ئه‌وه بۆ خۆی هه‌ڵوێستێكی سیاسییه. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ش كه گوێنه‌دات كێ فه‌رمانڕه‌وا بێت هه‌ڵوێستێكی سیاسیی هه‌ڵبژاردووه ئه‌ویش (ئاماده‌م بۆ ئه‌وه‌ی مه‌حكووم بم)، كه‌واته ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت كاریًكی شه‌یتانی بێت هه‌ر یه‌ك له ئێمه به‌شی خۆی شه‌یتانییه.
بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه: ئه‌گه‌ر نزیكیی شه‌یتان‌و سیاسه‌ت له‌یه‌كه‌وه ببێته هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له كاری سیاسیی ئیسلامی كه‌واته پێویسته ئه‌و خه‌ڵكه له‌وه زیاتر له عه‌لمانییه‌كان دووربكه‌ونه‌وه چونكه شه‌یتان لێیان نزیكتره. ئه‌مه جنێو نییه، ئه‌مه ئه‌نجامی پێویسته قسه‌كه‌یه، به‌ڵام ئه‌و عه‌لمانییانه‌ی ئه‌و قسه‌یه ده‌كه‌ن بیر له‌و ئه‌نجامه ناكه‌نه‌وه چونكه مه‌به‌ستیان ته‌نیا دوورخستنه‌وه خه‌ڵكی دینداره له ئیسلامییه‌كان، فێڵێكی شه‌یتانی ده‌كه‌ن.. با وا بڵێین.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: ستایلی وه‌زیره ئیسلامیه‌كان له‌حكومه‌تدا چ جیاوازێكی هه‌بووه له‌گه‌ڵ وه‌زیری حزبه نا ئیسلامیه‌كان؟
ف.قه‌ره‌داغی: ناتوانم حوكم له‌سه‌ر كه‌سێك بده‌م ئاگام له كاره‌كانی نه‌بێت. تا ڕاده‌یه‌ك ئاگام له هه‌ندێ كاری وه‌زیری پێشووی ژینگه، دارا حه‌مه ئه‌مین، هه‌بووه كه ئاگام لێ بووه له رۆژانی یه‌كه‌می كاره‌كه‌یه‌وه خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ژینگه بوو، هه‌روه‌ها ده‌یویست وه‌زارتێكی پسپۆڕ دابمه‌زرێنێت، بۆیه ئه‌و كاته‌ی هێشتا فیكره‌ی نه‌هێشتنی پۆستی بریكاری وه‌زیر په‌سه‌ند نه‌كرابوو ویستبووی دكتۆرێكی زانكۆ بكاته بریكاری خۆی هه‌رچه‌نده كه ئه‌و دكتۆره، كه به شه‌خسی ده‌یناسم، سه‌ر به هیچ حزبێكی ئیسلامی نییه‌و هیچ چالاكییه‌كی سیاسیی نه‌بووه. زۆر كه‌متریش ئاگام له وه‌زیری كۆنی ئه‌وقاف، مه‌لا مه‌حه‌ممه‌د عومه‌ر، هه‌یه كه كاری ئیسلامیی ده‌كرد‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیش بوو و كه‌سێكی به‌هێز بوو به‌ڵام جڕوجانه‌وه‌ره‌كانی ناو وه‌زاره‌ت نه‌یانده‌هێشت وه‌كو پێویست كاره‌كانی ئه‌نجام بدات. قسه‌نه‌كردنیشم له‌سه‌ر وه‌زیره ئیسلامییه‌كان تر ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئاگام له كاره‌كانیان نه‌بووه به‌ڵام دڵنیام ئه‌گه‌ر له وه‌زیره غه‌یره ئیسلامییه‌كان باشتر نه‌بوون له‌وان كه‌متر نه‌بوون. با ئه‌مه‌ش بزانین: دواكه‌وتوویی‌و لێنه‌هاتوویی نه‌خۆشییه‌كی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه‌و په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی لاوازه له‌گه‌ڵ ئیسلام یان عه‌لمان.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: ئایا هیچ وه‌زیرێكی ئیسلامی پرۆفیشناڵت له‌كاره‌كه‌یدا دیوه؟
ف.قه‌ره‌داغی: وه‌ك وتم ئه‌وه زانیارییه‌كان خۆمن سه‌باره‌ت به وه‌زیره‌كان، ده‌توانم بڵێم كه به‌پێی توانا هه‌وڵیان داوه پرۆفشناڵ بن، نه‌شمبیستووه به وه‌زیرێكی ئیسلامی وترابێت فاشله یان كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بووه. ده‌كرێت قسه له‌سه‌ر كه‌سانی تر له پۆستی خوارتر بكرێت نه‌ك وه‌زیره‌كان، نموونه‌شم هه‌یه له‌سه‌ر كه‌سێك كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت حه‌سوودیی پێ نه‌ده‌برد.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: ئیسلامییه‌كان له‌نێوخۆیاندا پێوه‌ریان چی بووه بۆ هه‌ڵبژاردنی وه‌زیره‌كانیان؟
ف.قه‌ره‌داغی: ده‌كرێت ئه‌م پرسیاره له سه‌ركردایه‌تیی حزبه ئیسلامییه‌كان بكرێت. وه‌ك وتم قسه له‌سه‌ر هه‌ندێ پۆستی خوارتر كراوه كه پێوه‌ره‌كه لێهاتوویی نه‌بووه، به‌پاڵ ئه‌وه‌ش ڕه‌خنه‌م هه‌یه له هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك بۆ پۆستی وه‌زیری كه هه‌رچه‌نده ڕێزم هه‌یه بۆی به‌ڵام له‌و كه‌سانه بووه كه نه بایان دیوه‌و نه باران‌و نانخۆری سفره‌ی حازرن، به‌ڵام با باسكردنی ئه‌مه بۆ ده‌رفه‌تێكی تر بێت.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: نه‌بوونی روونی له‌سه‌رچاوه‌ی دارایی حزبه ئیسلامیه‌كان بۆچی ده‌گه‌رێته‌وه؟
ف.قه‌ره‌داغی: سه‌رچاوه‌ی هیچ حزبێك، به دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، ڕوون نییه چونكه هیچ حزبێك ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی نه‌خستۆته به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر، نه سه‌رچاوه‌كه‌و نه بڕه‌كه، مه‌گه‌ر ته‌نها وه‌كو زانیاریی گشتی بزانین كه سه‌رچاوه‌ی دارایی حزبی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان داهاته‌كه‌ی كوردستانه. خۆ ئه‌گه‌ر بیر له ده‌وڵه‌تێك یان هێزێكی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان وه‌كو سه‌رچاوه‌ی دارایی حزبه ئیسلامییه‌كان بكه‌ین ئه‌و كاته هه‌قمانه بپرسین: ئه‌گه‌ر كه‌سێك پاره بداته ئیسلامییه‌كان ئه‌ی بۆچی توانای دارایی ئیسلامییه‌كان هێنده لاوازه؟ مه‌گه‌ر بڵێین پاره‌یه‌كی كه‌میان ده‌درێتێ به‌شی ئه‌وه‌ی جاسووسی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته بكه‌ن، یان پاره‌كه به‌شی ئه‌وه‌یه بمێنن‌و نه‌فه‌وتێن، یان.. یان.. به‌ڵام چی بڵێین هه‌ر قسه‌یه‌و ئافه‌رین بۆ كه‌سێك عیلمولیه‌قینمان بداتێ، ئه‌م ئافه‌رینه‌ش ده‌ست هه‌موو كه‌س ناكه‌وێت.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: به‌بێ كاركردن په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ پاره‌ی په‌رله‌مانی به‌غدایان وه‌رگرت ئه‌م پاره‌یه به‌پێی پێوه‌ری ئیسلامی حه‌لاله؟
ف.قه‌ره‌داغی: پێم خۆشه ئه‌م پرسیاره بكرێت چونكه پرسیاره‌كه ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی تر، به‌وانه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی، ناكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان پرسیار نییه به‌ڵكو نوكته‌یه .. تاقیی بكه‌ره‌وه: كاكی په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی یان پارتی پاره‌كه‌ت حه‌ڵاڵ نییه! زۆر باشه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام حه‌ڵاڵ‌و حه‌رام بخرێنه‌وه بیر حزبه ئیسلامییه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌م بیرخستنه‌وه‌یه‌ش بكرێته دامه‌زراوه یان ببێته داواكارییه‌كی جه‌ماوه‌ری ده‌توانرێت چاودێریی كاری حزبه ئیسلامییه‌كان بكرێت. ناتوانم فه‌توا بۆ په‌رله‌مانتاره‌كان بده‌م، ئه‌وان ده‌توانن له ده‌زگای فه‌توای حزبه‌كه‌یان بپرسن، بێگومان ده‌شتوانن ئه‌وه‌یان لێی بپرسن ئایا بڕی ئه‌و مووچه‌یه‌ی ده‌یده‌ن به حزب كه هه‌ندێ جار ده‌گاته زیاتر له 80% ی مووچه‌كه به حزب حه‌ڵاڵه یان نا.
* ڕوانگه‌و ڕه‌خنه: ئیسلامییه‌كانی هه‌رێم چاكسازی قبووڵ ناكه‌ن ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌رێته‌وه؟
ف.قه‌ره‌داغی: ده‌بینم بڕیارتان داوه ئیسلامییه‌كان قبووڵی چاكسازی ناكه‌ن ده‌شتانه‌وێت هۆكه‌ی بزانن. با وا بێت‌و با ئیسلامییه‌كان ئه‌و چاكسازییه قبووڵ نه‌كه‌ن، به‌ڵام نازانین كام چاكسازی؟ چاكسازی له چی؟ له خۆیان؟ له كۆمه‌ڵگه؟ له نیزامی سیاسی؟ له فیكری ئیسلامی؟ له ئیسلام خۆی؟
ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت خۆمان له وه‌ڵام بدزینه‌وه، له‌م خاڵه‌دا بوه‌ستین‌و بڵێین پرسیاره‌كه ڕوون نییه بۆیه وه‌ڵاممان نییه، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ شه‌رم نه‌كات له‌وه‌ی ده‌یكات، بگره شانازیشی پێوه بكات، خۆی به‌دوای پرسیاركه‌ردا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌ی بداتێ. كه‌واته پرسیاره‌كه ڕێكده‌كه‌ینه‌وه‌و ده‌ڵێین: ئایا ئیسلامییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌هه‌موو ئاست‌و بواره‌كاندا چاكسازی بكه‌ن؟ (بزانه پرسیاره‌كه ئێستا چه‌ند بێلایه‌نه). گومان له‌وه‌دا نییه نه‌ك ته‌نها حزبی ئیسلامی به‌ڵكو هه‌موو حزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یانه‌وێت چاكسازی بكه‌ن به‌جۆرێك ده‌رفه‌تی ده‌ستكه‌وتنی ده‌سه‌ڵات گه‌وره‌تر بێت، پرسیاره گرنگه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه: پاش گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات هه‌مان بۆچوونیان له‌باره‌ی چاكسازییه‌وه ده‌بێت یان به‌شێوه‌ی (ده‌ستی لێ مه‌ده با نه‌شێوێت) بیرده‌كه‌نه‌وه؟ پرسیاری زۆری تریش هه‌ن وه‌ك: خودی چاكسازیی چییه؟ یان با له‌جیاتی وشه‌ی چاكسازی وشه‌ی گۆڕانكاری به‌كاربهێنین چونكه بێلایه‌نتره، هه‌رچه‌نده ته‌واو بێلایه‌ن نه‌ماوه. كه‌واته: گۆڕانكاری چۆن بكرێت؟ تا چه‌ند له‌سه‌ری سوور ده‌بن به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌ماعێكیان بخرێته به‌رده‌م تا وازی لێ بێنن؟ ئه‌مه لایه‌كی گۆڕانكارییه، لاكه‌ی تری گرنگتر‌و هه‌ستیارتره ئه‌ویش گۆڕانكاری له فیكر‌و كاری ئیسلامی. ئیسلامییه‌كان گۆڕانكارییان له خۆیان كردووه، زۆربه‌یان بێ هه‌راو و به‌بێده‌نگی، هه‌ر له وتار تا شێوازی كار، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه سه‌ره‌تای ڕێگه‌یه‌و ئه‌وه‌ی ماوه زۆرتره. ئیسلامییه‌كان پێویستیان به ته‌نزیره، ته‌نزیریش پێویستی به عه‌قڵێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام هه‌روه‌ها ئاگایه‌كی وردی له واقع هه‌بێت، به‌ر له ته‌نزیریش پێویستیان به بوێرییه، پێویستیان به‌وه‌یه ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له‌و شتانه بن كه له‌سه‌ری ڕاهاتوون‌و وا ده‌زانن به‌شێكی جه‌وهه‌رییه له ئاین.
************
*ساڵی 1962 له‌دایك بووه.
*ساڵی 1983 كۆلێجی ئه‌ندازیاری (به‌شی شارستانی)ی ته‌واوكردووه.
*یه‌كه‌م بابه‌تی ساڵی 1985 له گۆڤاری (كاروان) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
*سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی (ڕێگای یه‌كبوون) ساڵی 1999-2000.
*له ساڵی 1992 وه په‌یوه‌ندیی به كاری ئیسلامییه‌وه هه‌بووه.
*به‌شێك له كتێبه‌كانی: خه‌یاڵاتی ماركسیه‌ت، ئه‌فسانه‌ی دیموكراسی، مێژووی دێرینی كوردستان (سێ به‌رگ)، مێژووی گه‌لی لوللو، یه‌كانه‌ی پیرۆز (ڕۆمان)، جادووگه‌ری گوند (ڕۆمان). به‌ئیسلامكردنی كورد.. ماسته‌رنامه یان هه‌ڵه‌نامه، پیرۆزی‌و ڕۆشنبیری، بیری ئوسووڵیی ئیسلامی.
{*ژماره‌یه‌كی زۆری بابه‌تی له ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه.}
**************
چاو‌دێر ، 308، له 24/1/2011، پاشكۆی ڕوانگه‌و ڕه‌خنه، ژماره 40، ل 4.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-02-09-017.html