ڕژێمی تونس عه‌لمانی بوو
فازڵ قه‌ره‌داغی
یه‌کشه‌ممه-30-کانوونی دووه‌م(مانگی 1)-2011
یوم لاینفع مال ولا بنون
هه‌روه‌كو ڕۆژی قیامه‌ت كه پاره‌ی پاره‌دار‌و كه‌س‌و خزمان سوودیان نییه مه‌گه‌ر بۆ كاری چاكه، به‌پاڵ هه‌بوونی ئیمان، به‌كارهاتبن، ئاواش پاره‌ی زۆر‌و سیخوڕ‌و موخابه‌رات سوودیان نه‌بوو و وه‌كو به‌فری به‌ر هه‌تاوی هاوین ئه‌و ڕژێمه‌ی تونس توایه‌وه. ڕژێمه‌كه كرداری چاكه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆی كه‌م بوو، ئیمانیشی به‌و گه‌له نه‌بوو. به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ساڵی 2008ی ده‌زگایه‌كی ئه‌منی فه‌رمانی دابوو چاودێریی شوێنه‌كانی ئینته‌رنێت بكرێن‌و خاوه‌نه‌كانیان ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانییان ده‌كه‌ن له ده‌فته‌ردا بنووسن، ده‌زگاكانی ئه‌منیش به‌رده‌وام بێت له چاودێریكردنی ئافره‌ته حیجاب له‌به‌ره‌كان، زیاتریش هه‌وڵ بدرێت بۆ به‌كرێگرتنی سیخوڕ له‌ناو كه‌رتی گواستنه‌وه (پاس و ته‌كسی) هه‌روه‌ها فرۆشیاره گه‌ڕۆكه‌كان... تاد. له‌كۆتاییشدا نووسراوه‌كه پاش ئاماژه‌كردن بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌یمه‌ن زه‌واهری و له جیاتی هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستكه‌وتنی پشتگیریی گه‌ل، داوا ده‌كات باره‌گاكان باشتر بپارێزرێن... به‌ڵام له‌كۆتاییدا نه ئه‌یمه‌ن و نه ئوسامه.. گه‌ل بن عه‌لیی ڕاونا. كێ ده‌رس له‌مه وه‌رده‌گرێت و به‌خۆی بڵێت، به‌رله‌وه‌ی پێی بوترێت: كه ئه‌جه‌لی ڕژێم هات نه ده‌زگای سیخوڕی ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌و نه پاره‌ی هه‌ڵڕژاوه ته‌مه‌نی زیاد ده‌كات؟
ڕۆمانیا‌و نموونه‌یه‌كی هاوشێوه
موخابه‌رات له تونس به‌ته‌نیا مایه‌وه‌و سوپا چووه ڕیزی گه‌ل. نیكۆلای چاوچیسكۆ، دیكتاتۆره كۆمۆنیسته‌كه‌ی ڕۆمانیا، له یه‌كێتی سۆڤێیت یاخی ببوو، نه‌وه‌كو وه‌كو چیكۆسلۆڤاكیای لێ دێت (ساڵی 1968)و تانكی سۆڤێیتی بێنه وڵات و ڕژێمه‌كه‌ی بڕووخێنن تونێلی دوورودرێژی ژێر زه‌وی دروستكردبوو و پڕیكردبوون له ئامێر‌و پێداویستییه‌كانی به‌ره‌نگاری، به‌ڵام چاوچیسكۆ له‌جیاتی گه‌ل، چونكه ئیمانی به‌و گه‌له نه‌بوو، به‌ره‌نگارییه‌كه‌ی دابووه ده‌ست موخابه‌رات، نه‌شیده‌زانی سبه‌ی نه‌ك ڕووسیا‌و نه‌ك به تانك، به‌ڵكو گه‌لی خۆی و به خۆپیشاندان ناچاری هه‌ڵهاتن ده‌بێت. تونێله‌كانی موخابه‌رات سوودیان نه‌بوو و سوپا چووه پاڵ گه‌ل و بووه شه‌ڕێكی كورتی سوپای گه‌ل و موخابه‌راتی ڕژێم. به‌چاوی خۆمان بینیمان و هه‌واڵه‌كانمان خوێنده‌وه.
عه‌لمانییه‌كان باسی عه‌لمانیه‌تی ڕژێمی تونس ناكه‌ن
ئه‌مه‌ش ڕاپۆرتی (ڕۆیته‌رز)ـه:
تونسییه‌كان بۆ ماوه‌ی 23 ساڵ به ترسه‌وه نوێژیان ده‌كرد‌و به‌كه‌می ده‌چوون بۆ مزگه‌وته‌كان. ئافره‌تانیش نه‌یانده‌وێرا به حیجابه‌وه به شه‌قامه‌كاندا بڕۆن، بۆ یه‌كه‌مجاریش رۆژی 21/1/2011 تونسییه‌كان بێ ترس چوون بۆ نوێژی هه‌ینی بێ ئه‌وه‌ی له‌وه بترسن ئازادییه‌كان یان كاره‌كانیان له‌ده‌ست بده‌ن. زۆر له تونسییه‌كان باسی ئه‌و كاته ده‌كه‌ن كه چۆن پۆلیسی نهێنی ده‌چوونه مزگه‌وته‌كان و ڕاپۆرتیان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه ده‌نووسی كه به‌رده‌وام نوێژ ده‌كه‌ن، یان نوێژ به‌خشووعه‌وه ده‌كه‌ن. هاووڵاتییه‌كیش باسی دامه‌زراندن ده‌كات، كه ئه‌و كه‌سه بیویستایه دابمه‌زرێت به‌رده‌وام له بۆچوونه سیاسییه‌كانی ده‌كۆڵرایه‌وه، ئه‌گه‌ر چه‌پ بێت یان ئیسلامی یان قه‌ومی. ئه‌و بۆ خۆی له كاره‌كه‌ی ده‌ركرابوو كه پرسیاری هۆكه‌ی كردبوو پێیان وتبوو كه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌یه. به‌درێژایی ده‌یان ساڵ عه‌لمانیه‌تێكی توند له تونس پیاده ده‌كرا. سه‌رۆكی پێشووش (بورقێبه) ئیسلامی به هه‌ڕه‌شه بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌زانی و جارێك حیجابی به په‌ڕۆی دڕاوی قێزه‌ون ناوبردبوو. بورقێبه یاسای عه‌لمانیی ئه‌حوالی شه‌خسی چه‌سپاندبوو. دواتریش و له‌كاتی بن عه‌لی ئافره‌ته موحه‌جه‌به‌كان له خوێندن و دامه‌زراندن بێبه‌ش كران. زۆر له ئافره‌ته‌كان ده‌ڵێن كه ئه‌و كاته له شه‌قامه‌كاندا پۆلیس ده‌یانوه‌ستاندن و حیجابه‌كه‌یان له‌به‌ر داده‌كه‌ندن و ناچاریان ده‌كردن به‌ڵگه‌نامه‌ی دژ به حیجاب ئیمزا بكه‌ن. ئه‌و پیاوانه‌ش كه ڕیشیان ده‌هێشته‌وه هه‌مان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرا. سه‌باره‌ت به وتاری هه‌ینیش ده‌بوایه مه‌لاكه خوتبه‌كه‌ی پیشانی ده‌سه‌ڵات بدایه به‌رله‌وه‌ی له مزگه‌وتدا بیڵێت (كۆتایی ڕاپۆرتی ڕۆیته‌رز).
شتێكیش خۆم بیستم: جارێكیان كه‌سێكی تونسی به ته‌له‌فۆن قسه‌ی بۆ به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌لجه‌زیره ده‌كرد. كابرا خه‌ریك ده‌بوو ده‌گریا. وتی حاڵی ژنه‌كه‌ی، یان ژنی براكه‌ی، بیرم نه‌ماوه، زۆر خراپ بوو و كه بردیانه نه‌خۆشخانه نه‌یانهێشت داخڵ بكرێت، چونكه له‌چكی به‌سه‌ره‌وه بوو.
ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی عه‌لمانیه‌ت ده‌كه‌ن زۆر له‌سه‌ر عه‌لمانیه‌تی بن عه‌لی ناوه‌ستن، به‌ڵكو ڕه‌نگه بۆ ساتێكیش نه‌وه‌ستن. ڕژێمه‌كه هه‌رچییه‌كی پیاده ده‌كرد له ڕژێمه عه‌لمانییه‌كان ده‌وه‌شێته‌وه. ئه‌میان نوسخه‌یه‌كی توندڕه‌وی عه‌لمانی بوو، به‌ڵام توندڕه‌و بووبێت یان میانڕه‌و هه‌ر عه‌لمانی بوو. ئه‌و كه‌سانه‌ش كه ده‌یانه‌وێت عه‌لمانیه‌ت وا پیشان بده‌ن كه گوایه له‌گه‌ڵ دیموكراسی جووته له عه‌لمانیه‌ت تێنه‌گه‌یشتوون، یان خۆیان ده‌خه‌ڵه‌تێنن. یه‌ك وشه‌و یه‌ك ڕسته له عه‌لمانیه‌تدا نییه بڵێت ئه‌گه‌ر دیكتاتۆریه‌ت پیاده بكرێت عه‌لمانیه‌ته‌كه ناته‌واوه، چونكه عه‌لمانیه‌ت بۆ به‌رقه‌راركردنی دیموكراسی سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه، بۆیه ده‌كرێت عه‌لمانیه‌ت دیموكراتیخواز بێت وه‌ك چۆن ده‌كرێت دیكتاتۆر‌و تاكڕه‌و بێت. دیموكراتی كار له‌سه‌ر بوارێكی جیا له‌وه‌ی عه‌لمانیه‌ت ده‌كات.
به‌ڵام له خۆخه‌ڵه‌تێن خراپتر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه خه‌ون به عه‌لمانیه‌تێكی وه‌كو ئه‌وه‌ی تونس ده‌بینن و نموونه‌ی ئه‌وانه‌مان له كوردستاندا هه‌یه. له‌و خه‌ونه‌دا كه له تونس و هه‌ندێ وڵاتی جیهانی ئیسلامییدا به‌دی هاتبوو ئه‌و كه‌سانه به ئاره‌زووی خۆیان بۆ ئازادی ده‌قیڕێنن، به‌ڵام ئه‌و ئازادییه‌ی ته‌نها بۆ خۆیانه و هێرشه‌كه دژی به‌رامبه‌رێكه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات نییه. ئه‌وانه به‌زۆری سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتن، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تیان به‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌یه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و ده‌سه‌ڵاته سووده‌مه‌ندن، ئازادییش كه‌یفی خۆیه‌تی ئابڕووی بچێت. رۆژێكیش هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ونه گیانی عه‌لمانییه‌كانی تر، چونكه وه‌كو ئه‌وان خۆیان به ده‌سه‌ڵات نه‌فرۆشتووه.
له ڕۆژنامه‌ی کۆمه‌ڵ ژماره 457 ، 25/1/2011 ، ل5 بڵاوبۆته‌وه
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2011-01-30-016.html