|
|

|
نه‌صر حامد ئه‌بو زه‌ید |
|
|
|
|
|
|
|
ئایا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌بو زه‌ید ((مه‌به‌ستدار)) بوو؟
فازڵ قه‌ره‌داغی*
هه‌ینی-10-کانوونی یه‌که‌م(مانگی 12)-2010
نه‌صر حامد ئه‌بو زه‌ید ڕۆشت‌و پرسیاره‌كه مایه‌وه: ئه‌وه پیاوه چ شتێكی له‌وانی تر زیاتر وت؟ وه‌ڵامیش هه‌رچییه‌ك بێت گرنگ پرسیاره‌كه‌ی تره: پرۆژه‌كه‌ی ئه‌بو زه‌ید به‌رده‌وام ده‌بێت یان ئه‌و میراتییه‌ی ئه‌بو زه‌ید جێیهێشت نه‌زۆك بوو و كه‌س ناتوانێت شوێنی بكه‌وێت؟ كاریگه‌ریی پیاوه‌كه گه‌یشته ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، زیاتریش مه‌به‌ستم له كوردستانی عیراقه كه له‌وێدا كه‌سانێك هه‌بوون له ستایشیدا شتیان نووسی، بێگومان كه‌سانێكیش هه‌بوون ڕه‌خنه‌یان لێگرت، ئه‌وه‌ی لێی تێگه‌یشت لێی تێگه‌یشت‌و ئه‌وه‌ی لێی تێنه‌گه‌یشت فیكری شێواند.
پیاوه‌كه ڕۆشت‌و ئه‌وه به كارێكی باش ده‌زانین كه به‌شدارنه‌بووه له‌و جه‌نگانه‌ی دژ به ئیسلام كه به‌دوای جه‌نگاوه‌ری ناو وڵاتانی ئیسلامدا ده‌گه‌ڕێن. ئێمه له‌گه‌ڵیدا ناكۆك بووین‌و كه‌سانی تر له‌گه‌ڵیدا ڕێك بوون، نه ئێمه‌ش‌و نه ئه‌وانیش نه‌مانپرسی ئایا هه‌موو ئه‌و ناوانه وتران كه له‌پشت هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی له‌دژیدا بوون. رێگه‌شم پێبده‌ن بۆچوونی خۆم سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵمه‌ته بڵێم به‌رله‌وه‌ی ڕه‌خنه ئاڕاسته‌ی به‌شێك له پرۆژه‌كه‌ی بكه‌م.
ئه‌بو زه‌ید له كتێبی (نقد الخطاب الدینی) كه تووشی ئه‌و تووڕه‌بوونه‌ی خه‌ڵكی تری كرد (لاپه‌ڕه 146ی چاپی دووه‌م) باسی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی تووشی ڕه‌وتی چه‌پ ببوون وه‌ك ئه‌نجامێكی ئه‌و كۆدێتا سیاسی‌و فیكرییه‌ی كه ((نیشانه‌كانی له كۆدێتاكه‌ی ئایاری 1972 دا ده‌ركه‌وتن‌و ته‌نها له‌گه‌ڵ كۆتاییه‌كانی حه‌فتاكان‌و سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا به‌ره تاڵه ڕه‌شه‌كانی گرت كاتێك ڕژێمه‌كه جڵه‌وی خۆی به‌ته‌واوه‌تی دایه ده‌ستی دوژمنه مێژووییه‌كانی ئوممه‌ت: ئیمپریالیزمی جیهانی‌و زایۆنیزمی نێوده‌وڵه‌تی)).
به‌ڵكو ته‌نانه‌ت هه‌ستیش ده‌كه‌ین پێی خۆش بووه كاتێك باسی كوشتنی سادات ده‌كات‌و ئه‌و كوشتنه نه به تاوان‌و نه به ئیرهاب ده‌زانێت به‌ڵكو وه‌ك ((ڕووداو)) ناوی ده‌بات (لاپه‌ڕه 151):
((ڕووداوی سه‌كۆكه له میسردا له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێك كه‌سی هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ڕێكخراوی "ئه‌لجیهاد"و ئه‌و خۆشحاڵبوون‌و ئه‌و هه‌سته "كاتییه"ی ڕزگاربوون كه ئه‌و ڕووداوه پێشوازیی لێكرا له‌لایه‌ن هه‌موو هێزه میسرییه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان –عه‌ره‌بییه‌كانیش هه‌روا- ئه‌و هێزانه‌ی به پله‌ی جیاجیا گیرۆده‌ی خۆسه‌پاندنی ڕژێمه‌كه‌و داپڵۆساندنه‌كه‌ی بوون‌و كه بڕیاره ناوداره‌كانی ئه‌یلوول له به‌ندیخانه‌و گرتووه‌خانه‌كاندا كۆیكردبوونه‌وه)).
هه‌قیشمانه دوای ئه‌وه گومان له هۆكانی پشتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی له‌دژی ئه‌بو زه‌یددا بكه‌ین، به‌لای كه‌مه‌وه ئه‌وانه‌ی له‌پشت یان له‌به‌رده‌م په‌رده‌وه هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان جووڵاندبوو، واته هه‌قمانه وه‌كو تۆڵه‌یه‌ك یان جه‌نگێك بۆ لایه‌نی سێیه‌م ته‌ماشای بكه‌ین.
ئه‌بو زه‌ید بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به وته‌ی ئه‌وانی تر نه‌ده‌ركاند‌و به به‌ڵێ یان نه‌خێر بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دا. ئه‌و له ده‌ستپێكی چاپی دووه‌مدا ته‌نها بۆچوونه‌كانی نه‌قڵ كرد كه دوانن: ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان وه‌ك خۆسه‌پاندنێكی ((پیاوانی ئایینی)) ته‌ماشا كردبوو، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان به به‌رگری له كۆمپانیاكانی به‌گه‌ڕخستنی پاره زانی (لاپه‌ڕه 21).
خوێندنه‌وه‌ی مه‌به‌ستدار
كتێبه‌كه‌ی ئه‌بو زه‌ید به‌وه سه‌رساممان ده‌كات كه پڕه له هه‌ڵه له بواره‌كانی ته‌فسیر‌و فه‌رمووده‌و زانستی فه‌رمووده‌و ته‌نانه‌ت بواره‌كانی مێژوو و فه‌لسه‌فه. ڕه‌نگه هه‌ڵبژاردنكاری‌و به‌گشتیكردنه‌كه‌شی سه‌رمان نه‌سوڕمێنن چونكه هه‌ڵبژاردنڕه‌وی‌و به‌گشتیكردن دوو نه‌خۆشین كه‌س له ده‌ستیان ڕزگاری نابێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یانكات ده‌خاته ڕیزی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه ده‌كه‌ن كه خودی ئه‌بو زه‌ید به ((مه‌به‌ستدار)) ناویبردبوو.
مامه‌ڵه‌كردن یان ته‌ئویلكردنی ده‌قه‌كان، به‌پێی ئه‌بو زه‌ید، پێویسته له دوو گۆشه‌وه ده‌ربچن؛ گۆشه‌ی مێژوو به‌واتا سۆسیۆلۆجییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كان له سیاقی خۆیاندا دابنرێن ئه‌ویش بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌لاله‌ته ئه‌سڵییه‌كانیان، گۆشه‌ی دووه‌میش گۆشه‌ی سیاقی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ڕۆشنبیریی هه‌نووكه‌یی كه پاڵنه‌رێكه بۆ ته‌ئویلكردنی ئه‌و ده‌قانه ئه‌ویش بۆ جیاكردنه‌وه له‌نێوان ده‌لاله‌تی ئه‌سڵیی مێژوویی‌و ئه‌و ((واتا))یه ده‌توانرێت له‌و ده‌لاله‌ته‌وه هه‌ڵبهێنجرێت. ئایدیۆلۆجیای لێكۆڵه‌ره‌وه‌ش ده‌وری خۆی ده‌بینێت له مامه‌ڵه‌كردن‌و ته‌ئویلكردنی خۆسه‌پێنه‌ری ده‌قه‌كان به‌جۆرێك بازدان له ته‌ئویله‌وه بۆ ((ڕه‌نگاندن)) ئاسان ده‌بێت‌و سنووره‌كانی نێوان ده‌لاله‌ت‌و واتا شلوشێواو ده‌بن (ل142-143).
ئه‌بو زه‌ید خوێندنه‌وه بۆ دوو جۆر خوێندنه‌وه جیاده‌كاته‌وه: خوێندنه‌وه‌ی به‌ریئـ و خوێندنه‌وه‌ی نابه‌ریئـ، جۆری دووه‌میش ئه‌گه‌ر بناغه‌كه‌ی ئه‌پستمۆلۆجی بێت نه‌ك ئایدیۆلۆجی پاساوی خۆی هه‌یه، خوێندنه‌وه‌یه‌كی سێیه‌میش هه‌یه كه خراپتره ئه‌ویش خوێندنه‌وه‌ی مه‌به‌ستدار كه ته‌نها ((ڕه‌نگاندن)) به‌رهه‌مده‌هێنێت. ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌ش له ئه‌نجامی خواستێكی زاتیی به‌رژه‌وه‌ندیخواسته‌وه دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ها له ئه‌نجامی خواستێكی وه‌زعیی شكڵییش دروست ده‌بێت كه ئه‌میان ئاڕاسته ئایدیۆلۆجییه‌كانی له‌پشت دروشمه‌كانی مه‌وزووعیه‌تی زانستی‌و بێلایه‌نیی مه‌عریفییه‌وه ده‌شارێته‌وه، ئه‌م خواسته دووه‌مه‌ش ئیددیعای ئه‌وه ده‌كات كه ده‌توانێت بگاته ده‌لاله‌ت‌و ده‌توانێت ڕاستی بدۆزێته‌وه له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ده‌یگاتێ له‌واقعدا هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه له‌سه‌ره‌تاوه مه‌به‌ستی بوو (ل143).
له بابه‌تێكی كورتی وه‌كو ئه‌مه‌ی ئێستاشدا ته‌نها ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كرێت هه‌ندێك له زۆرێكی هه‌ڵه‌كانی كتێبه‌كه بخه‌ینه‌ڕوو كه ئه‌مانه له‌هه‌مان كاتدا به‌ڵگه‌شن له‌سه‌ر خوێندنه‌وه مه‌به‌ستداره‌كه‌ی ئه‌بو زه‌یدن‌و كه سه‌ر به بناغه‌ی دووه‌می خوێندنه‌وه‌ی مه‌به‌ستدارن هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی پۆلێنی كردبوو، واته ئه‌و خواسته وه‌زعییه‌ی ئاڕاسته ئایۆلۆجییه‌كانی له‌پشت.. تاد ده‌شارێته‌وه. ئه‌بو زه‌ید داواكراو پێشده‌خات به‌وه‌ی كه ئه‌و شته‌ی پێشوه‌خت بڕیاری له‌سه‌ر دابوو ده‌كاته ده‌رئه‌نجام.
با به نموونه ساده‌كانیش ده‌ست پێبكه‌ین: نموونه‌ی بڕیاره پێشوه‌خته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌فیڕۆدانی واقع له‌به‌ر خاتری ده‌قێكی وشك كه واتا‌و ده‌لاله‌ته‌كه‌ی نه‌گۆڕن‌و ده‌بنه ئه‌فسانه‌و پرسیاری نه‌زۆك (130)، پاشان نموونه‌كه‌ی خۆی ده‌هێنێته‌وه سه‌باره‌ت به سروشتی ده‌ق‌و جۆری ئه‌و ده‌ستخه‌ته‌ی پێی نووسرابوو و ئایا فریشته‌كان به عه‌ره‌بی ده‌یڵێنه‌وه.. شتێكه كه وتاری ئاینی پڕ ده‌كات (بڕوانه وشه‌ی پڕ ده‌كات كه ئه‌بو زه‌ید به‌كاریهدێنێت). ئه‌بو زه‌ید ئه‌وه‌ش ده‌زانێت كه ئه‌مه له به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه‌كاندا باس ده‌كرێت‌و ده‌ڵێت ((به‌تایبه‌تی هی ڕاگه‌یاندن)). پێویستیش ناكات ئه‌بو زه‌ید ئه‌و جۆره باسانه تایبه‌ت بكات به بواری ڕاگه‌یاندن چونكه ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌شیان ده‌گمه‌نه ئیتر چۆن ده‌كرێت حوكمی شتێكی تاك كه بیستوومانه، یان بیستوومانه له‌و كه‌سه‌ی بیستوویه‌تی، بده‌ین به‌سه‌ر سه‌رجه‌م وتاری ئاینی؟
زیاده‌ڕه‌وییه‌كی تر قسه‌كه‌ی ئه‌بو زه‌یده كه زۆربه‌ی زانایانی فه‌رمووده له سه‌رده‌مه جۆراوجۆره‌كاندا په‌یوه‌یست بوون به ده‌سه‌ڵات (128)، ئه‌مه‌ش جگه له‌وه‌ی قسه‌كردنه به‌ڕه‌هایی هه‌روه‌ها گونجاو نییه بۆ كه‌سێك ئیددیعا ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی ئه‌نجام ده‌دات چونكه له قه‌ناعه‌تێكی پێشوه‌خته‌وه ده‌ست پێده‌كات كه ئاڕاسته ئایدیۆلۆجییه‌كه‌ی له‌پشت دروشمی مه‌وزووعییه‌تی زانستیدا ده‌شارێته‌وه.
هه‌مان هه‌ڵبژاردنكاری ده‌بینین له نموونه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی گورچیله‌شتن یان گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامی به حه‌ڵاڵ نه‌ده‌زانی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاره گه‌یشتنی مرۆڤ به خوداكه‌ی دواده‌خات (185)، بێگومان له‌نێوان ملیۆنان كه‌سدا‌و به‌پێی تیۆری ئیحتمال سه‌دان كه‌سمان ده‌ستده‌كه‌وێت كه قسه‌ی شاز ده‌ڵێن كه‌واته كێشه نییه ئه‌گه‌ر یه‌ك یان دوو كه‌سی له‌و جۆره هه‌بن. ڕه‌نگه ئه‌م به‌گشتیكردنه‌ی شازێتییه به‌سه‌ر هه‌موواندا له‌لایه‌ن ئه‌بو زه‌یده‌وه شازیه‌تێكی هاوشێوه بێت، به‌ڵام ڕاسته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌گشتیكردنه هه‌ر خۆی یاسایه چونكه وتم هه‌ڵبژاردنڕه‌وی‌و به‌گشتیكردن دوو نه‌خۆشین كه‌س له‌ده‌ستیان ڕزگاری نابێت، جیاوازییه‌كه‌ش له‌و كه‌سه‌دایه كه له‌ژێر دروشمی مه‌وزووعیه‌تی زانستیدا به‌كاریان ده‌هێنێت.
پاشان باسی به‌ئیسلامكردنی زانسته‌كان‌و هونه‌ره‌كان‌و ئه‌ده‌به‌كان كه له‌وه‌وه ئه‌بو زه‌ید ده‌گاته ئه‌نجامی به‌ستنی دونیا به‌دینه‌وه، یان راستتر به‌ستنی به ته‌ئویلێكی ده‌سه‌ڵاتخواز كه ده‌بێته هۆی نه‌فیكردنی مرۆڤ‌و نه‌فیكردنی جیهان (42). ئه‌و ئه‌نجامه‌ش بریتییه له‌و ئه‌سڵه‌ی كه لێوه‌ی ئه‌بو زه‌ید ده‌رده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ڕه‌خنه‌گرتن له‌و به‌ئیسلامكردنه‌و پاشان مه‌سه‌له‌كه له‌سه‌ر كاغه‌ز داده‌ڕێژێت‌و جێگۆڕكێ به ئه‌سڵ‌و ئه‌نجامه‌كه ده‌كات.
ده‌ستپێكردنیش له ئه‌نجامه‌وه، كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خوێندنه‌وه‌ی مه‌به‌ستداره، ئیحتماله‌كانی تر له حساب ده‌رده‌كات. ئه‌بو زه‌ید موعته‌زیله‌و ئه‌شعه‌رییه‌كان ده‌خاته دوو تای ته‌رازووه‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه ئه‌بوزه‌ید موعته‌زیله‌ی پێ باشتره ده‌بینین كاتێك ڕه‌خنه له چه‌پی ئیسلامی ده‌گرێت قسه‌كه‌ی ئه‌وان سه‌باره‌ت به (به‌شتبوونی نه‌بوو) به باشتر ده‌زانێت. به‌شتبوونی نه‌بوو ئه‌وه‌یه كه هه‌بووه‌كان به‌ر له‌وه‌ی به‌رجه‌سته بن جۆره بوونێكیان هه‌یه، ده‌شڵێت كه به‌هاكانی بوونی دروست له كۆمه‌ڵگه‌كانماندا بزرن، واته (نه‌بوو)ن، به‌ڵام به‌پێی بۆچوونه ئیعتزالییه‌كه جۆره بوونێكیان هه‌یه وه‌ك خواست یان خه‌ون یان به‌رنامه‌گه‌لێك كه بۆیان هه‌یه بێنه دی، به‌ڵام له‌وانه‌یه بۆچوونه ئه‌شعه‌رییه‌كه كه (نه‌بوو) به‌ته‌واوه‌تی نه‌فی ده‌كات بمانگه‌یه‌نێته بێئومێدی‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان‌و لاوازی (184). باشه ئه‌ی سه‌باره‌ت به نه‌بووی خراپ؟ ئایا به‌شتبوونی ئه‌و نه‌بووه خراپه هه‌مان ئه‌نجامی ئیجابیی هه‌یه؟ ده‌توانین هه‌زاران نموونه بهێنینه‌وه به‌ڵام لێره‌دا ته‌نها یه‌ك نموونه باس ده‌كه‌م كه له هه‌مان ئه‌و كتێبه‌ی ئه‌بو زه‌یددا هه‌یه. ئه‌بو زه‌ید ڕه‌تی ئه‌وه ده‌كات كه حه‌سوودی‌و چاوی پیس ڕاست بن‌و ده‌ڵێت كه ناوبردنی حه‌سوود‌و چاوی پیس له ده‌قه ئاینییه‌كاندا به‌ڵگه نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی هه‌ن به‌ڵكو به‌ڵگه‌یه كه له كه‌لتووردا وه‌ك چه‌مكێكی زیهنی هه‌ن (212). به‌م شێوه‌یه ئه‌وان دوو (نه‌بوو)ن كه به‌رجه‌سته نه‌بوون به‌ڵام جۆره هه‌بوونێكیان هه‌یه كه ده‌كرێت به‌دێ بێت، گومانیش له‌وه‌دا نییه كه پێویسته وای بۆ بچین كه وا باشتره به‌دی بێن چونكه ئێمه بۆچوونه ئیعتزالییه‌كه‌مان به باشتر زانی، یان ڕاستتر به‌كارهێنانه‌كه‌ی ئه‌بو زه‌یدمان به باشتر زانی سه‌باره‌ت به (به‌شتبوونی نه‌بوو).
باسكردنی عه‌لمانیه‌تیش نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌نگاندنه‌ی كه ئه‌بو زه‌ید كردبووی بێئه‌وه‌ی ئاگای لێ بێت. مه‌نهه‌جی ئه‌بو زه‌ید ته‌ركیز له‌سه‌ر مێژوویێتی، به مێژوویێتیی وه‌حییه‌وه، ده‌كات به‌ڵام ئه‌و ته‌ركیز ناكات له‌سه‌ر عه‌لمانیه‌ت وه‌ك ڕووداوێكی مێژوویی چونكه به‌م شێوه‌یه یه‌كسان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و یه‌كگرتنه‌ی كه باسی كردبوو سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی رۆحی‌و ده‌سه‌ڵاتی زه‌مه‌نی (ئه‌و یه‌كگرتنه‌ش دژی عه‌لمانیه‌ته) وه‌ك ڕووداوێكی مێژوویی له‌كاتی پێغه‌مبه‌ردا ڕووی دابوو (41)، كاتێكیش عه‌لمانیه‌ت ڕووداوێكی مێژوویی بێت له كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌كاندا‌و كاتێك وه‌كو ده‌قه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین (چ جیاوازییه‌كه‌یش هه‌یه؟ هه‌موو هه‌ر "به‌رهه‌م"ـن) ئه‌و كاته واقع‌و میراتیی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كانمان به‌فیڕۆ دا له‌به‌ر خاتر چه‌ند ده‌قێكی وشك بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه واتایه‌ك پاشانیش سنووره‌كانی نێوان (ده‌لاله‌ت)و (واتا) شلوشێواو ده‌بن (ئێمه هه‌مان ته‌عبیره‌كانی ئه‌بو زه‌ید به‌كارده‌هێنین). ئه‌بو زه‌ید ته‌نانه‌ت ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه عه‌لمانیه‌ت تا بڵێی دووره له ته‌ئسیل له كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كاندا(82). له‌ڕاستیشدا ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌مان له ئه‌بو زه‌ید (كه عه‌لمانیه‌تی به باشتر زانیبوو ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی ئه‌بو زه‌ید خۆی) نوسخه‌یه‌كی ئاڵۆزتره له وته به‌ربڵاوه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ((عه‌لمانیه‌ت به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌كانه‌و ناڕێكه له‌گه‌ڵ میراتیی ئایینی‌و مێژوویی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كانمان چونكه عه‌لمانیه‌ت چاره‌سه‌رێكی هاورده‌ی نه‌گونجاوه)) هیچ شتێكی نوێشمان نییه جگه له ته‌عبیره‌كان‌و جگه له ڕه‌خنه‌ی ناوه‌وه‌ی فیكری ئه‌بو زه‌ید.
باسی ته‌رحه‌كه‌ی ئه‌بو زه‌یدمان كرد سه‌باره‌ت به یه‌كگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆحی‌و زه‌مه‌نی كه له كاتی پێغه‌مبه‌ر پیاده كرابوو. ئه‌بو زه‌یدیش ده‌پرسێت: ئایا ئه‌و یه‌كگرتنه بۆ هه‌تاهه‌تایه یان تایبه‌ته به خودی پێغه‌مبه‌ر؟ ناكۆكیی نێوان ئه‌نساره‌كان‌و خه‌ڵكی مه‌ككه‌ش ده‌رباه‌ری ئه‌م خاڵه بوو، ئاشكراش بوو كه دوو ئاڕاسته هه‌بوون، یه‌كه‌میان ڕه‌وتی جیاكردنه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی مه‌دینه سه‌ركردایه‌تییان ده‌كرد‌و دووه‌میان ڕه‌وتی تێكه‌ڵكردنه كه خه‌ڵكی مه‌ككه سه‌ركردایه‌تییان ده‌كرد‌و ڕه‌وتی تێكه‌ڵكردن سه‌ركه‌وت (42).
به‌ده‌ر له ته‌عبیری ((خه‌ڵكی مه‌ككه)) كه ئه‌و كاته له‌ئارادا نه‌بوو و ڕاستتر ئه‌وه‌یه ته‌عبیر (موهاجیره‌كان) هه‌بوو كه موهاجیره‌كانی مه‌ككه‌و غه‌یری مه‌ككه‌ی ده‌گرته‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌بو زه‌ید خستوویه‌تییه ڕوو هه‌ر ئه‌و ڕه‌نگاندنه‌یه كه ڕه‌خنه‌ی لێ گرتبوو، چونكه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قبووڵمان كرد دوو ئاڕاسته بۆ تێكه‌ڵكردن‌و جیاكردنه‌وه هه‌بووبێت ئایا داواكارییه‌كه‌ی ئه‌نسار كه ئه‌و كه‌سه‌ی جێگه‌ی پێغه‌مبه‌ر بگرێته‌وه له‌وان بێت ئاڕاسته‌یه‌ك بوو بۆ جیاكردنه‌وه؟ ئایا داوكارییه‌كه‌ی موهاجیره‌كان كه خه‌لیفه له‌وان بێت ئاڕاسته‌یه‌ك بوو بۆ تێكه‌ڵكردن؟ هه‌ردوو لا ده‌یانویست خه‌لیفه‌ی پێغه‌مبه‌ر، ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی دوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تێكه‌ڵ به‌یه‌ك كردبوو، له‌وان بێت، كه‌واته هه‌ردوو ده‌یانویست تێكه‌ڵكردنه‌كه بكرێت. گریمانه‌كه‌ی ئه‌بو زه‌ید كه ئه‌و دوو ڕه‌وته هه‌بوون بۆی ناچێته سه‌ر بۆیه هه‌وڵی نه‌دا بیسه‌لمێنێت، ئه‌و ئیستنتاجه‌ش كه له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه سه‌پێنراوه بنیات نراوه مه‌نتقی نییه بۆیه هه‌وڵی نه‌داوه ئه‌مه‌شیان بسه‌لمێنێت.
ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌بو زه‌یدداین كاتێك ده‌ترسێت كه‌هه‌نووتێك دروست ببێت ته‌ئویلكردنی ده‌قه‌كان قۆرخ بكات، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسییه وه‌كو هه‌ر مه‌ترسییه‌كی تره له‌هه‌ر بوارێكی تردا، موخاته‌ره له ئاینیش‌و له فیكریشدا بۆی هه‌یه ڕووبدات، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه زاڵبوون به‌سه‌ر خراپ به‌كارهێنانه‌كه قورس نییه چونكه ئیسلام پشت به عیلم (به‌واتا ئیسلامییه‌كه‌ی عیلم) ده‌به‌ستێت كه ئه‌مه‌یان بۆ هه‌مووان واڵایه به‌مه‌رجێك مرۆڤ جیددی بێت له ده‌ستكه‌وتنی، له ئیسلامیشدا، به‌پێچه‌وانه‌وه زۆر ئاینی تر، مه‌سه‌له‌ی داخراو نییه كه‌س نه‌توانێت بیانگاتێ جگه له‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌روو مرۆڤه‌وه هه‌ڵبژێردراون. شتی وا ڕوو نادات له‌و زانستانه‌ی پشت به ده‌ق ده‌به‌ستن وه‌ك فه‌رمووده‌و فیقهـ و ئوسووڵی فیقهـ ، به‌ڵام بۆی هه‌یه له ته‌فسیردا ڕووبدات، واته كاتێك مرۆڤ په‌نا بۆ ته‌ئویل‌و جووڵاندنی ده‌ق به‌رێت، ئه‌وه‌ش زیاتر له ته‌ئویله باتینییه‌كه‌ی قورئاندا دیاره، ئه‌ویش ئه‌و ته‌ئویله ده‌ڵێت گوایه قورئان دوو ڕووی هه‌یه؛ ڕوویه‌كی ڕوواڵه‌تی ئه‌ویش ئه‌و ته‌فسیره‌ی له پێشینان ماوه‌ته‌وه‌و كه هه‌موو كه‌س ده‌یزانێت‌و ڕوویه‌كی باتینی‌و ته‌نها به (كه‌شف) ده‌زانرێت. شایه‌نی ئه‌وه‌شه لێره‌دا ئاماژه بۆ ئیبنو عه‌ره‌بی‌و ته‌ئویله باتینییه‌كه‌ی بكه‌ین، ئا لێره‌شدا ده‌چینه ناو شانشینی كه‌هه‌نووت كه مه‌عریفه (به‌واتا ته‌سووفییه زیادڕه‌وه‌كه‌ی) له توانایه‌كدا سنووردار ده‌كات كه هه‌موو كه‌س نیه‌تی. سه‌یریش ئه‌وه‌یه، یان بڵێ سه‌یر نییه كه ئیبنو عه‌ره‌بی‌و دیدی بۆ ده‌قه‌كان پایه‌یه‌كی به‌رزی لای ئه‌بو زه‌ید هه‌یه له‌كاتێكدا ده‌بوایه پێچه‌وانه‌كه بوایه.
كه‌واته ده‌ق ده‌رمانه بۆ ده‌سه‌ڵاتی كه‌هه‌نووت، مه‌ترسیش له‌وه‌دایه ده‌قه‌كان ته‌ئویل بكرێن، ئیتر ته‌ئویلێكی ئایینی بێت یان ته‌ئویلێك بێت لافی مۆدێرنه‌تی بدات، هه‌مووانیش له‌كۆتاییدا به ڕێگه‌ی كه‌هه‌نووتدا ده‌ڕۆن؛ كه‌هه‌نووتێكی ئایینی‌و كه‌هه‌نووتێكی عه‌لمانی.
ڕاسته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه ڕواڵه‌تێكی كه‌هه‌نووت بریتییه له‌و (دڵنیایی)ـه‌ی كه ده‌بینین ئیددیعا ده‌كات ڕاستییه‌كه یان ڕێگه بۆ ڕاستیی لای خۆیه‌تی، گوزارشت كردنیش له‌و دڵنیاییه به‌پێی ئاڕاسته‌كه‌و به‌پێی كه‌سه ده‌گۆڕێت، هه‌روه‌ها به‌پێی ئاگاداریی ئه‌و كه‌سه له‌و شته‌ی ده‌یڵێت. ئه‌و دڵنیاییه‌ش لای ئه‌بو زه‌ید ئاشكرا ده‌بینین، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ش دوو نموونه‌ن، ته‌علیقیش بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵم:
((عه‌لمانیه‌تیش له‌كرۆكدا ته‌نها ته‌ئویلی ڕاست‌و تێگه‌یشتنی زانستیی ئایینه- ل31))، ((شه‌ڕێكه هێزه‌كانی خوڕافه‌ت‌و ئه‌فسانه به‌ناوی ئایین‌و ده‌ستگرتن به‌واتا پیتاوپیته‌كانی ده‌قه ئایینییه‌كانه‌وه ده‌یگێڕن. هێزه عه‌قڵانییه‌كانی پێشكه‌وتنیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌و خوڕافه‌ت بكات هه‌ندێك جار له‌سه‌ر زه‌ویی خۆیاندا- ل63))، دوای ئه‌وه‌ش ئه‌و قسه به‌ربڵاوه سوودی نییه كه گوایه بنه‌ما جه‌وهه‌ری‌و سه‌ره‌كیی عه‌لمانییه‌ت بریتییه له بنه‌مای ده‌سته‌به‌رنه‌كردنی(ل37) چونكه (دڵنیایی) كاره‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌ش جگه له‌وه‌ی كه ئه‌م قسه‌یه‌ی دوایی، به‌لای كه‌مه‌وه له‌م شوێنه‌دا، بۆ ئه‌وه ده‌وترێت تا پێش ناڕه‌زاییه‌كه بكه‌وێت‌و پێش ئه‌وانه بكه‌وێت كه نموونه‌ی ڕژێمه شموولییه‌كانی ئه‌وسای ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵات ده‌هێننه‌وه‌و كه ئه‌و ڕژێمانه ئیددیعایان ده‌كرد كه ڕاستییان ده‌سته‌به‌ر كردووه‌و مافی جیاوازبوونیان قبووڵ نه‌ده‌كرد.
وتاری ئایینی، به‌پێی ئه‌بو زه‌ید، عه‌لمانیه‌ت وه‌ك مه‌ترسی وێنه ده‌كات‌و به ماركسیه‌ت ده‌یبه‌ستێته‌وه‌و ئه‌مه‌ی دوایی له بێباوه‌ڕیدا كورت ده‌كات‌و پاشان هه‌ردوو عه‌لمانیه‌ت‌و ماركسیه‌ت به زایۆنیزم ده‌به‌ستێته‌وه (83). ئه‌بو زه‌ید له‌مه‌دا ڕاست ده‌كات چونكه وتاری ئایینی له‌م جۆره ته‌رحه ساده‌كه‌ره‌وانه‌ی هه‌یه، ئه‌بو زه‌یدیش ده‌یتوانی ده‌ق له‌م بواره‌یه‌وه بهێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م چووه وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌قێكی قه‌ڕه‌زاویی هێناوه له كتێبه‌كه‌ی الصحوه الاسلامیه بین الجحود والتطرف(ئه‌بو زه‌یدیش وشه‌ی "الجحود" به "الجمود" هێناوه كه ئه‌مه هه‌ڵه‌یه هه‌رچه‌نده ناوونیشانی یه‌كێك له چاپه‌كانه): ((ماركسیه‌ت به‌بێ شه‌رمكردن بانگه‌واز بۆ خۆی ده‌كات خاچپه‌رستیش نه‌خشه ده‌كێشێت‌و كار ده‌كات به‌بێ ترس)). ئه‌مه‌ش ده‌رهێنانی قسه‌یه له سیاقه‌كه‌ی چونكه قه‌ڕه‌زاوی ئه‌مه‌ی له‌میانه‌ی ناڕه‌زایی له ته‌نگهه‌ڵچنین به ڕه‌وتی ئیسلامی‌و خۆشلكردن بۆ ماركسیه‌ت‌و خاچپه‌رستی وتووه. ئه‌مه‌ش مامه‌ڵه‌یه‌كی نادروسته له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كان.
ئه‌بو زه‌ید مامه‌ڵه‌یه‌كی پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ ماركسدا ده‌كات‌و به‌وه پاساو بۆ قسه‌كه‌ی ماركس (ئایین ئه‌فییونی گه‌لانه) ده‌هێنێته‌وه كه گوایه مه‌به‌ستی له خودی ئایین نییه به‌ڵكو مه‌به‌ستی له فیكری ئایینی‌و ته‌ئویلی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئایینه (83). ڕه‌نگه ئه‌وه قبووڵ ده‌كرا ئه‌گه‌ر بیوتایه كه ئه‌و وته‌یه گوزارشت له ((ماركسی لاو)) ده‌كات به‌ڵام ئه‌بو زه‌ید ئه‌مه‌ی نه‌كرد به‌ڵكو مه‌به‌ستی ماركسی شێواند كه مه‌به‌ستی خودی ئایین بوو و ئایینی به‌وه وه‌سف كرد كه تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه بۆ جیهان‌و به‌رهه‌می ده‌وڵه‌ت‌و كۆمه‌ڵگه‌یه (تێبینی بكه چۆن ماركسی لاو ده‌وڵه‌ت كه سه‌رخانه ده‌خاته ناو دروستبوونی ئایین كه ئه‌ویش هه‌ر سه‌رخانه، ماركسی پێگه‌یشتووش دواتر هه‌ردووكیان ده‌كاته به‌رهه‌می ژێرخان واته باری ئابووری-كۆمه‌ڵایه‌تی، تێبینی قسه‌كه‌ی ماركسیش بكه كه مرۆڤ ئایین دروست ده‌كات، له به‌رهه‌مه‌كانی دواتریشیدا واز له‌م قسه‌یه ده‌هێنێت). به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌گه‌ڵ ماركسی لاودا كه ده‌ڵێت بۆیه ئه‌وه ڕووی دا چونكه كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ت خۆیان جیهانێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ن. ئایین تیۆری گشتیی جیهانه، مه‌نتقی جیهانه له شێوازه میللییه‌كه‌یدا، دڵگه‌رمییه‌كه‌یه‌تی، پاداشته ئه‌خلاقییه‌كه‌یه‌تی.. تاكو ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێت: كه‌واته خه‌بات له‌دژی ئایین خه‌باته به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ دژی ئه‌م جیهانه‌ی كه ئایین بۆنوبه‌رامه رۆحییه‌كه‌یه‌تی.. پاشان وه‌ك شتێكی نزیك له پاساوهێنانه‌وه بۆ هه‌بوونی ئایین ده‌ڵێت: داماویی ئایینی گوزارشته له داماویی واقعی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ناڕه‌زاییه دژی ئه‌و داماوییه.
ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م شێواندنی فیكری ماركس نییه به‌ڵكو شێواندنی تریش هه‌ن وه‌ك قسه‌كه‌ی ئه‌بو زه‌ید كه ده‌ڵێت: له سیاقی وتاری ئایینیشدا گرنگ نییه بنه‌مای دیالێكتیك كه بناغه‌یه‌ك‌و خاڵه یه‌كه‌مه‌كانی فیكری ماركسییه به‌فیڕۆ بدرێت، گرنگیش نییه قسه‌كه‌ی كه ئه‌وه فیكرێكه ده‌یه‌وێت جیهان بگۆڕێت نه‌ك ته‌نها ته‌فسیری بكات (ل39ی ته‌علیقه‌كه‌ی له چاپی دووه‌مدا‌و ل84 له ناواخنی كتێبه‌كه). به‌ڵام ئه‌بو زه‌ید یه‌كسه‌ر دوای ئه‌وه ده‌ڵێت:... به‌گۆڕینی هۆشی مرۆڤ وه‌ك ئامێرێكی مێژوو و (بكه‌ر) له مێژوو و واقعدا.
ئه‌مه‌ش شێواندنی ماركسیه‌ته چونكه به‌پیی ماركسیه‌ت توانای مرۆڤ سه‌باره‌ت به بینینی ده‌وره‌كه په‌یوه‌سته به یاسای زه‌ڕووره‌ت (به‌واتا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی زه‌ڕووره‌ت وه‌ك دژی ئازادی)، به‌م جۆره‌ش ئه‌بو زه‌ید ده‌ورێك به مرۆڤ ده‌دات كه ماركسیه‌ت پێی نه‌به‌خشیبوو. جگه له‌مه‌ش باسی دیالێكتیك لێره‌دا پاساوی نییه چونكه فیكری ئیسلامی ڕه‌خنه‌ی له دیالێكتیك، كه میكانیزمی گه‌شه‌سه‌ندنه، نه‌گرتووه مه‌گه‌ر ته‌نها كه‌مێك لێكۆڵینه‌وه‌ی تیۆریی ڕه‌خنه‌یی.
ئه‌و دیالێكتیكه‌ش كه ئه‌بو زه‌ید ده‌یخاته ڕوو دیالێكتیك نییه به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی (شێوه‌هێڵ)ـه كه دیالێكتیكی هێگل‌و ئه‌وانه‌ی كاری هێگلیان له‌سه‌ر بوو، به‌ماركسه‌وه، له بۆسه‌دا بوون بۆی. ئه‌بو زه‌ید له‌باره‌ی ده‌قه ئاینییه‌كان ده‌ڵێت كه ئه‌وانه ((به‌مرۆڤ بوون)) له‌و كاته‌ی له مێژوو و زماندا به‌رجه‌سته بوون‌و ئه‌وانه پابه‌ندی دیالێكتیكی نه‌گۆڕان‌و گۆڕانن چونكه ده‌قه‌كان له‌ڕووی وتراوه‌وه نه‌گۆڕن‌و له‌ڕووی مه‌فهوومه‌وه ده‌جووڵێنه‌وه (119). ئه‌مه‌ش دیالێكتیك نییه، نه به‌واتا هێگلییه‌كه‌و نه به‌واتا ماركسییه‌كه‌ی دیالێكتیك چونكه جێگیركردنی لایه‌كی هاوكێشه‌كه له زانست‌و له فیكردا كارێكی ئیجرائییه، به‌ڵام دیالێكتیك ئه‌وه قبووڵ ناكات، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش له‌نێوان لایه‌كی نه‌گۆڕ‌و لایه‌كی گۆڕاو په‌یوه‌ندییه‌كی شێوه‌هێڵه نه‌ك دیالێكتیكی، ئه‌گه‌ریش دیالێكتیكی بوایه ده‌بوایه ڕۆشتن بوو له بابه‌ت بۆ دژه‌كه‌ی‌و له‌و دژه‌وه بۆ دژی دژ ئه‌ویش له چالاكییه‌كی گه‌شه‌سه‌ندن‌و به‌رزبوونه‌وه‌دا، له‌كاتێكدا كاری سه‌رده‌م له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق به‌و جۆره‌ی واتا له‌گه‌ڵ گۆڕانی سه‌رده‌مدا بگۆڕێت، ئه‌و په‌یوه‌ندییه ناكاته ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیی ئاڵوگۆڕكردنیش، كه ئه‌میان دیالێكتیك نییه‌و كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئاڵوگۆڕكردنه وا پێویست ده‌كات سه‌رده‌م‌و واتای نوێ كار بكه‌نه سه‌ر وتراو به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و وتراوه بگۆڕن.
هه‌ڵه‌ی دراوه‌كان
له‌كۆتایی ئه‌و بابه‌ته‌شدا وای به‌پێویست ده‌زانم به‌خێرایی ئاماژه بۆ هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به ته‌فسیر‌و فه‌رمووده‌و مێژوو و فیكری ئیسلامی بكه‌م، ئه‌و هه‌ڵانه‌ش مسداقیه‌تی پرۆژه‌كه‌ی ئه‌بو زه‌ید كه‌مده‌كه‌نه‌وه له‌و ڕووه‌ی كه هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك پێویسته پشت به دراوی دروست ببه‌ستێت به‌ڵام كاتێك زانیارییه‌كان هه‌ڵه بن هه‌ڵه‌كردن له ده‌رئه‌نجامدا نیمچه حه‌تمی ده‌بێت:
1-هه‌ڵه ده‌كات له تێگه‌یشتن له فیكری ئیسلامی‌و به‌تایبه‌تی فیكری سه‌ید قوتب چونكه ده‌ڵێت كه وتاری ئایینی ده‌وری ئیسلام له‌وه‌دا كورت ده‌كاته‌وه كه مرۆڤه‌كان له كۆیلایه‌تی (به‌واتا كۆنه‌كه‌ی) بۆ یه‌كتر ڕزگاربكات‌و بیكاته كۆیلایه‌تی بۆ خودا (133)، پاشان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ كۆیلایه‌تی وه‌ك كۆیلایه‌تیی له‌ش دووپات ده‌كاته‌وه: ((.. ئه‌گه‌ر ئیسلام ته‌نها بزاڤێكی ئازادكردن بوایه بۆ نه‌هێشتنی كۆیلایه‌تی‌و ئازادكردنی كۆیله‌كان..)) درێژه‌ش به قسه‌كه ده‌دات‌و ڕه‌خنه‌ی خۆی له‌سه‌ردا بینا ده‌كات. ڕاسته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه مه‌به‌ست له‌و كۆیلایه‌تییه ملكه‌چیی مرۆڤه بۆ مرۆڤه‌كانی تر‌و بۆ ئایینه هه‌ڵبه‌ستراوه‌كانیان یان ئایینه شێوێندراوه‌كان‌و بۆ كاهنه‌كان‌و بۆ پادشاكان‌و یاساكانیان، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی ئه‌وه‌نده زانراوه به‌جۆرێك مرۆڤ ناچاره بپرسێت ئایا به‌ڕاستی ئه‌بو زه‌ید ئاگاداری فیكری ئیسلامییه له‌ڕێگه‌ی سه‌رچاوه ئه‌سڵییه‌كانییه‌وه، به‌ڵكو ئایا ئاگاداری مێژووی ئیسلامیشه (بڕوانه قسه‌كه‌ی ڕیبعی كوڕی عامر له‌گه‌ڵ ڕوسته‌م، سه‌ركرده‌ی فارسه‌كان، ده‌رباری په‌یامی ئیسلام بۆ ئازادكردنی مرۆڤه‌كان له كۆیلایه‌تی بۆ یه‌كتر به‌و واتایه‌ی سه‌ره‌وه).
2-((جێگیركردنی ده‌قی فه‌رمووده له پێنج –یان شه‌ش- كتێبه صه‌حیحه‌كه‌و له‌سه‌رووی هه‌موویان بوخاری‌و موسلم))(127). به‌ده‌ریش له ته‌عبیری (پێنج یان شه‌ش صه‌حیحه‌كه)، قه‌ت نه‌بووه ده‌قی فه‌رمووده له‌م كتێبانه‌دا جێگیر بكرێن، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت فه‌رمووده‌ی صحیحیش به‌ته‌نیا تێیاندا جێگیر نه‌كراوه به‌ڵكو فه‌رمووده، صه‌حیح‌و غه‌یری صه‌حیح، له‌وانیش‌و له كتێبی تریش وه‌رده‌گیرێن.
3-قسه‌كه‌ی كه ئه‌هلی سوننه ئه‌و فه‌رموودانه قبووڵ ناكه‌ن كه ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا ناكۆكن ده‌یانگێڕنه‌وه، نه‌ك ته‌نهاش فه‌رمووده له فیرقه‌كانی تری وه‌ك شیعه قبووڵ ناكه‌ن به‌ڵكو هه‌ر فیرقه‌یه‌كی سوننه ڕوایه‌ته‌كانی فیرقه‌كانی تری سوننه وه‌رناگرن(129).
ئه‌مه‌ش به‌ڕه‌هایی ڕاست نییه، ناكۆكیی زانایانیش سه‌باره‌ت به ڕوایه‌تكردن له ((ئه‌هلی بیدعه)) یان ((ئه‌هلی ئه‌هوائـ، ئه‌هلی ئاره‌زوو)) ناكۆكییه‌كی ناسراوه، زۆربه‌شیان ڕوایه‌تی ئه‌وانه قبووڵ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر دوو سیفه‌تی (عه‌دل-ڕاستگۆیی)و (زه‌بت)یان هه‌بێت، ئیبنوصصه‌لاحی شاره‌زووریش ناڕه‌زایی خۆی ده‌ربڕی له‌وانه‌ی فه‌رمووده به‌هۆی بیدعه‌وه ناگێڕنه‌وه‌و وتی ئه‌مه كارێكی دووره له كاری ئیمامه‌كان، بوخاری‌و موسلمیش فه‌رمووده‌ی زۆریان له ئه‌هلی ئاره‌زوو گێڕاوه‌ته‌وه. بوخاری ڕوایه‌تی عیمڕان كوڕی حیتتانی قبووڵ كردووه كه كه‌سێكی سه‌ر به خه‌وارج بوو و به شیعر ستایشی عه‌بدوڕڕه‌حمان كوڕی مولجه‌می كردبوو كه ئه‌میان عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵیبی كوشتبوو، حافزی زه‌هه‌بیش سه‌باره‌ت به یه‌كێك له ڕاوییه‌كان وتبووی: شیعه‌یه‌كی توندوتۆڵه به‌ڵام ڕاستگۆیه، ده‌شڵێت ئیمامی ئه‌حمه‌د‌و كه‌سانی تر به جێگه‌ی متمانه‌یان زانیوه.
4-باسی مه‌رجێكی گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده ده‌كات ئه‌ویش كه ئه‌وه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه ڕاسته‌وخۆ ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی له‌و كه‌سه‌ی لێی وه‌رگرتووه بیستبێت (128) ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه چونكه ئه‌م مه‌رجه ناسراوه‌و ناوداره‌و تایبه‌ته به بوخاری (نه‌ك مه‌رجێك بێت لای هه‌مووان). هه‌روه‌ها ده‌ڵێت پێویسته وه‌رگرتنه‌كه زاره‌كی بێت نه‌ك نه‌قڵكردن بێت له كاغه‌زێك یان شتی له‌و جۆره (128) ئه‌مه‌ش مه‌رج نییه چونكه مه‌رج ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه زه‌بتی هه‌بێت (به‌پاڵ ڕاستگۆیی)، زه‌بتیش له توانای له‌به‌ركردن ده‌بێت هه‌روه‌ها له‌و كاغه‌زه‌شدا ده‌بێت كه فه‌رمووده‌كانی تێدا نووسیوه ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه به له‌به‌ركردن فه‌رمووده نه‌گێڕێته‌وه، چه‌ند جۆرێكیش له گێڕانه‌وه له كاغه‌ز هه‌ن، بۆ نموونه شێخه‌كه (شێخ له زانستی فه‌رمووده‌دا ئه‌و كه‌سه‌یه فه‌رمووده‌كه ده‌گێڕیته‌وه‌و ده‌یدات به كه‌سانی تر نه‌ك به‌واتا سه‌قه‌ته‌كه‌ی لای خۆمان) كاغه‌زه‌كه ده‌دات به‌و كه‌سه‌ی فه‌رمووده‌ی لێ ده‌گێڕێته‌وه‌و پێی ده‌ڵێت ئه‌مه له من ڕوایه‌ت بكه، بێگومان له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ناكۆكی له‌نێوان زانایان سه‌باره‌ی به‌و جۆرانه یان جۆری لاوه‌كیی ئه‌و جۆرانه.
زۆری تریش ده‌مێنێته‌وه موناقه‌شه‌ی بكرێت‌و ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێت سه‌باره‌ت به "حاكمیه‌ت"و "ده‌ق"و "ده‌وری پیاوانی ئایین".. كه ناكرێت له یه‌ك بابه‌تدا باس بكرێن. هه‌ڵه‌كانی تایبه‌تیش به زانیاری‌و هه‌ڵبژاردنكاری‌و لایه‌نگیری لای ئه‌بو زه‌ید وامان لێ ده‌كه‌ن به‌دوای نزیكبوونه‌وه‌ی تردا بگه‌ڕێین سه‌باره‌ت به كۆڵێنه‌وه له ده‌قی ئایینی كه ئه‌و خه‌وشانه‌یان تێدا نه‌بێت‌و له ناڕێكی‌و نه‌زۆكیی مه‌عریفی‌و عه‌مه‌لی بمانپارێزن.
*نووسه‌رێكی كوردستان
ئه‌م بابه‌ته‌م به عه‌ره‌بی نووسیوه‌و له سایتی خۆمدا (www.zagros.org) به‌ته‌واوی بڵاوكردۆته‌وه‌و له ڕۆژنامه‌ی (الصباح) ژماره 2075 له 5/10/2010 لاپه‌ڕه 13 به‌بێ به‌شی كۆتایی (هه‌ڵه‌ی دراوه‌كان) بڵاوكرایه‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه وه‌رگێڕانی ته‌واوی كوردییه (له‌گه‌ڵ چه‌ند وشه‌یه‌كی جیاواز‌و زیاتر).
-------
به‌كوردی له ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ) بڵاوبۆته‌وه، ژماره‌كانی 1359 و 1360 و 1361 له 7 و 8 و 9/12/2010.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2010-12-10-011.html