هه‌ڕه‌شه‌ی سووتاندنی قورئان له وه‌ته‌ری حه‌سساسی كێی دا؟ وه‌ڵامێك بۆ بابه‌ته‌كه‌ی (هاوڵاتی)ی شوان مه‌حه‌ممه‌د
فازڵ قه‌ره‌داغی
سێشه‌ممه-12-تشرینی یه‌که‌م(مانگی 10)-2010
سه‌ره‌تا داوای لێبوردن له خۆم ده‌كه‌م كه كاتی خۆمم به وه‌ڵامدانه‌وه ئه‌و بابه‌ته كوشت، ئومێدی ئه‌وه‌شم هه‌یه كاتی خوێنه‌ریش به‌هه‌ده‌ر نه‌چێت، وابزانم هه‌ر واشه چونكه ئه‌م وه‌ڵامه ئه‌و سووده‌ی بۆ خوێنه‌ر هه‌یه كه نموونه‌یه‌ك ده‌خاته به‌رده‌می بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی حه‌زیان له شتێك (لێره‌دا قورئانه) نییه یان بایه‌خی پێ ناده‌ن بۆیه مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵیدا لایان ئاساییه، به‌ڵام هه‌ر خۆیان هه‌ڵوێستێكی گه‌رمتریان ده‌بێت به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی حه‌زیان لێیه، به‌و جۆره‌ش ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر وریا بێت خۆی له‌و جۆره ناڕێكییانه ده‌پارێزێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و (شوان محه‌ممه‌د)ـه كه بابه‌ته‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیی نووسیوه (هاوڵاتی 663 له 15/9/2010 ل 13 بیروڕا) هه‌ر سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌یه هه‌قمانه ئه‌م وه‌ڵامه به نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان پڕ بكه‌ین چونكه پێویسته سه‌رنووسه‌رانی ڕۆژنامه به‌ر له هه‌موو كه‌سێك ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی هه‌واڵه‌كه بن به‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه قسه بكه‌ن.
نووسه‌ره‌كه ئه‌مه ده‌كاته ناونیشانی بابه‌ته‌كه: ((قه‌شه جۆنز وانه‌یه‌كی فێری تاڵیبان‌و ئیسلامی سیاسی كرد، ئێمه‌ش ده‌توانین له وه‌ته‌ری حه‌سساسی ئێوه بده‌ین!)).
كورتتر له‌و ناوونیشانه قسه بكه‌ین ده‌ڵێین ناوونیشانه هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌واوه، درێژه‌شی پێ بده‌ین ده‌پرسین: ئایا هه‌ڕه‌شه‌ی سووتاندنی قورئان كاری خراپی له‌سه‌ر ته‌نها تاڵیبان‌و ئیسلامی سیاسی هه‌بوو؟
سه‌ره‌تا پێویسته بڵێم بابه‌ته‌كه هه‌ندێ جار ناوی تاڵیبان‌و قاعیده پێكه‌وه ده‌هێنێت، هه‌ندێ جار، وه‌كو ناوونیشانه‌كه ته‌نها ناوی تاڵیبان ده‌بات. باسی تاڵیبانیش لێره‌دا زیاده‌یه چونكه تاڵیبان وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناوچه‌یی كار ده‌كات‌و كه‌متر له قاعیده له‌ناو ململانه جیهانییه‌كه‌دایه. ئه‌وه قاعیده‌یه كه چالاكییه‌كانی دژ به ئه‌مه‌ریكا‌و غه‌یری ئه‌مه‌ریكا له سه‌رانسه‌ری جیهان به‌رپا ده‌كات، ئه‌وه‌ش قاعیده بوو كه هێرشه‌كانی یانزه‌ی ئه‌یلوولی به‌رپاكرد كه به‌گوێره‌ی قه‌شه‌كه سووتاندنی قورئان له وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه بوو. تێكه‌ڵكردنی شته‌كان‌و ناوه‌كان له نووسینه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی شتێكی سه‌یر نییه.
نووسه‌ر ئه‌وه‌ی له‌بیر نه‌چووه كه هه‌ڕه‌شه‌كه تێكڕای جیهانیی ئیسلامیی هه‌ژاند، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ته‌نها به دێڕێك نووسیوه‌و له‌وه به‌دوا پێگه‌ی تێكڕای جیهانی له بابه‌ته‌كه‌یدا ونه له‌كاتێكدا كاری سلبیی هه‌ڕه‌شه‌كه له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری موسڵمان گه‌وره‌تر بوو و ئه‌و وه‌ته‌ره حه‌سساسه‌ی نووسه‌ر باسی كردووه وه‌ته‌ری لای جه‌ماوه‌ر بوو. زانینی ئه‌م ڕاستییه‌ش ئاسانه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك شاره‌زایی هه‌بێت. جه‌ماوه‌ر هه‌میشه خۆی به بێده‌سه‌ڵات ده‌بینێت‌و له هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك سووكایه‌تی به پیرۆزییه‌كانی ده‌كرێت جگه له ناڕه‌حه‌تی هیچی بۆ ناكرێت خۆ ئه‌گه‌ر ڕژایه سه‌ر جاده، ئه‌مه‌ش پێویستی به ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه ئیسلامی‌و ئاینییه‌كان هه‌یه، ئه‌وا تووڕه‌یی په‌نگخواردووی خۆی به ئاڵا یان وێنه یان هه‌ر ڕه‌مزێكی دیكه‌ی نه‌یاریان ده‌ڕێژێت. به‌ڵام ڕێكخراوه ئیسلامییه‌كان، چه‌كدار‌و بێچه‌ك، له‌ناو جه‌رگه‌ی ململانه‌كه‌دا ده‌ژین‌و به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌و كرده‌وه‌ی ئیستفزازیی له‌م جۆره ده‌بینن‌و زۆربه‌ی كات به‌كرده‌وه، له نووسینه‌وه تا به‌كارهێنانی چه‌ك، وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه، تا وه‌ڵامه‌كانیشان توند‌وتیژتر بن ناڕه‌حه‌تییه‌كه‌یان كه‌متر ده‌بن، مرۆڤی ناڕه‌حه‌ت ئه‌و كه‌سه‌یه كه سووكایه‌تیی پێ ده‌كرێت بێئه‌وه‌ی بتوانێت وه‌ڵام بداته‌وه. ده‌شتوانم گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌م كه سه‌رانی قاعیده كه‌متر ناڕه‌حه‌تن به هه‌ڕه‌شه‌ی سووتاندنی قورئان‌و ئه‌و كرده‌وه‌یه زیاتر ئه‌و فیكره‌یه‌یان له‌لا ده‌سه‌لمێنێت كه ئه‌مه‌ریكا دوژمنی ئیسلامه، ئیتر هیچ ئاوڕێك له‌و كه‌س‌و ڕێكخراوه ئه‌مه‌ریكییانه ناده‌نه‌وه كه دژ به‌و كرده‌وه‌یه‌ن‌و هه‌موو به یه‌ك چاو ته‌ماشا ده‌كه‌ن، گره‌ویش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌م كه به زه‌رده‌خه‌نه‌وه گوێ له ((زه‌نگه مه‌ترسیدار))ـه‌كه‌ی كاك شوان ده‌گرن كه ده‌ڵێت : ((ته‌نیا پرۆپاگه‌نده‌ی سووتاندنی قورئان نه‌ك سووتاندنه‌كه زه‌نگێكی مه‌ترسیداری به‌ڕووی ئیسلامی سیاسی‌و ڕێكخراوی قاعیده لێدا‌و پێی وتن یاریكردن به ئاگر كارێكی مه‌ترسیداره))، دوای زه‌رده‌خه‌نه‌ش ده‌پرسن: كام یاریكردن به ئاگر؟ ئه‌وان سووتاندنی قورئان به كارێكی زۆر بچووكتر له كاره‌كانی تری ئه‌مه‌ریكا‌و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌بینن، زۆریش بچووكتر له حوكم نه‌كردن به قورئان له وڵاته ئیسلامییه‌كان‌و پێمان ده‌ڵێن: سوودی چییه ڕێز له قورئان وه‌ك كتێبێك بگیرێت له‌كاتێكدا حوكمی پێ نه‌كرێت. ئه‌وان حوكم نه‌كردن به قورئان به گه‌وره‌ترین سووكایه‌تی به‌و قورئانه ده‌زانن بۆیه سووتاندنی قورئان به كارێكی لاوه‌كیی دژ به ئیسلام ده‌زانن، گاڵته‌ش به‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییانه‌ی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی ده‌كه‌ن كه ناڕه‌زایی دژی سووتاندنی قورئان ده‌رده‌بڕن‌و له‌ئاست حوكم نه‌كردن به قورئان بێده‌نگنن، ئه‌وان ته‌نانه‌ت به مونافیقیشیان ده‌زانن.
كاره‌كه‌ی ئه‌و قه‌شه‌یه بێعه‌قڵییه‌كی ئاوێته بوو: له‌لایه‌ك كه وایزانی ئه‌و كاره وه‌ڵامی بۆ قاعیده، له‌لایه‌كی تریشه‌وه كاتێكی ڕایگه‌یاندبوو كه به‌و كاره‌ی وه‌ڵامی موسڵمانه توندڕه‌وه‌كان نه‌ك میانڕه‌وه‌كان ده‌داته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌شه‌یه ئه‌و ژیره بووایه، كه كاك شوان خۆی‌و كاره‌كه‌ی به ژیر وه‌سف ده‌كات، ده‌یپرسی: چۆن سووكایه‌تی به كتێبی پیرۆزی موسڵمانه میانڕه‌وه‌كان سووكایه‌تی كردن نییه به‌وان‌و ته‌نها سووكایه‌تی كردنه به توندڕه‌وه‌كان؟ ئه‌مه وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌یه كه جنێو به كورد وه‌ك نه‌ته‌وه بدات‌و پاشان بڵێت من مه‌به‌ستم له حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستانه.
نووسه‌ر له ڕوانگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی خۆیه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت‌و ده‌ڵێت: ((تێری جۆنز وه‌ڵامێكی ژیرانه‌ی تاڵیبانی دایه‌وه، ژیرییه‌كه‌ش له‌وه‌دا بوو توانی مه‌ودای بیركردنه‌وه‌ی موسڵمانه سیاسییه‌كان بجووڵێنێت. توانی بن لادن‌و یارانی له بازنه‌ی بیرێكی ته‌سكه‌وه ده‌ربهێنێت بۆ بازنه‌یه‌كی فراوانتر)). ناشزانین چۆن سووتاندنی قورئان مه‌ودای بیركردنه‌وه ده‌جووڵێنێت. ئه‌و كاره به‌پێچه‌وانه‌وه مه‌ودای بیركردنه‌وه بچووك ده‌كاته‌وه چونكه ئه‌و كاردانه‌وه‌یه دروست ده‌كات كه تێكه‌ڕای ئه‌مه‌ریكا‌و تێكڕای ڕۆژئاوا دژ به ئیسلامن‌و وێنه‌یه‌كی ساده‌ی گشتیری وا له مێشكی موسڵماناندا جێگیر ده‌كات. هه‌روه‌ها نازانین چۆن ئه‌و كاره بن لادن‌و یارانی له بازنه‌ی بیرێكی ته‌سكه‌وه بۆ بازنه‌یه‌كی فراوانتر ده‌رده‌هێنێت.
جونز، كه نووسه‌ر به ژیر وه‌سفی ده‌كات، بێعه‌قڵییه‌كه‌ی خۆی ته‌واو سه‌لماند كاتێك وتبووی كه ئه‌و نه‌قورئانی خوێندۆته‌وه‌و نه‌ده‌زانێت ناوه‌رۆكه‌كه‌ی چییه به‌ڵام هه‌ر حه‌ز ده‌كات بیسووتێنێت، له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كه كتێبێكی بڵاوكردۆته‌وه به‌هه‌مان ناوونیشانی دروشمه‌كه‌ی، واته (ئیسلام له شه‌یتانه‌وه‌یه). ئه‌وه‌ش كه سه‌رنج ڕاكێشه ئه‌وه‌یه به‌رگی كتێبه‌كه‌ی وێنه‌ی كه‌سێكی ڕه‌شپێستێكی له‌سه‌ره كه دوو چاوی دیارن، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ ڕه‌گه‌زپه‌رستیی قه‌شه ((ژیره‌كه)).
كه‌سانی ژیر ئه‌و ئه‌مه‌ریكییانه بوون كه دژ به‌و كاره‌ی وه‌ستان‌و له‌و ئه‌مه‌ریكییانه زۆرتر بوون كه كاره‌كه‌ی ئه‌ویان پێخۆش بوو. جۆنز ته‌نانه‌ت له شاره‌كه‌ی خۆشی‌دا نه‌یاری زۆری بوو، بۆ نموونه ئه‌و ئافره‌ته‌ی خاوه‌نی كۆمپانیای (دراگۆن فلای)ـه‌و چاپ له‌سه‌ر تی شێرت ده‌كات پێشتر كاری له‌و جۆره بۆ كه‌نیسه‌ی (ده‌ڤ وۆرڵد ئاوتریچ سه‌نته‌ر)، كه كه‌نیسه‌كه‌ی جۆنزه، ده‌كرد به‌ڵام كه ئه‌مجاره داوای لێ‌كرد له‌سه‌ر تی شێرت ڕسته‌ی (ئیسلام له شه‌یتانه‌وه‌یه)، كه كردبوویه دروشمی ئه‌م ساڵه‌ی كه‌نیسه‌كه‌ی، چاپ بكات ئافره‌ته‌كه، كه بینی ئه‌و هه‌وڵه‌ی جۆنز چ هه‌رایه‌كی نابووه‌وه، قبووڵی نه‌كرد‌و له‌جیاتی ئه‌وه تی شێرت به ڕسته‌ی له‌ڤ نه‌ك ده‌ڤ (خۆشه‌ویستی نه‌ك كه‌نیسه‌ی ده‌ڤ) Love Not Dove دروست كرد وتێیدا وێنه كۆترێك (ده‌ڤ به ئینگلیزی) تێدایه ئازار ده‌چێژێت (بابه‌تێكی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز كه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی له رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وست بڵاوبۆته‌وه).
كاك شوان سوور ده‌بێت له‌سه‌ر وه‌سفكردنی ئه‌و شێته به ژیر كاتێك ده‌ڵێت: ((له‌وه‌ش ژیرانه‌تر ئه‌وه‌یه كاره‌كه‌ی ئه‌نجام نه‌دا)) به‌ڵام ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و كاره له‌ژێر فشاردا بوو. جگه‌له په‌یوه‌ندیكردنی به‌رپرسانی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكی پێوه‌ی قه‌شه‌كه بۆ خۆی فشار‌و ناڕه‌زایی جیهانیی بینیبوو و خۆشی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد چونكه كابرایه‌كه له‌ناو بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌ژی. سه‌باره‌ت به ناڕه‌زاییه‌كانیش ده‌نگی زۆر هه‌بوون كه وه‌ك بنه‌ما كاره‌كه‌یان پێ خراپ بوو، خه‌ڵكی (گه‌ینسڤیل)یش كاره‌كه‌یان به له‌كه بۆ شاره‌كه‌یان ده‌زانی بۆیه به‌تووڕه‌ییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی جۆنز كردبوو، ڕێكخراوی (ده‌زگای ئازادییه ئاینیه‌كان بۆ عه‌سكه‌رییه‌كان) كه تایبه‌ته به بڵاوكردنه‌وه‌ی لێكبوردنی ئاینی له‌ناو سوپای ئه‌مه‌ریكادا بڕیاری دابوو ئه‌گه‌ر قه‌شه‌كه قورئان بسووتێنێت ئه‌وان به ژماره‌ی نوسخه سووتێنراوه‌كان قورئان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌یبه‌خشن به سوپای ئه‌فغانی (هه‌واڵی سایتی سی ئێن ئێن).
به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی نووسه‌ریش سه‌باره‌ت به ژیریی قه‌شه‌كه، ئه‌و كرده‌وه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی سه‌باره‌ت به دروستكردنی مزگه‌وتی (قورتوبه) له گراوند زیڕۆ، نزیك دوو تاوه‌ره‌كه‌ی نیویۆرك، وایكرد خه‌ڵكێكی زۆرتر هه‌وڵی ئاشنا بوون به ئیسلام بده‌ن‌و له‌ئه‌نجامدا‌و به‌پێی مه‌ڵبه‌ندێكی ئیسلامی له ئه‌مه‌ریكا نزیكه‌ی 180 پیاو و ئافره‌تی ئه‌مه‌ریكی بوونه موسڵمان، به‌پێی یه‌كێكیش له‌و ئه‌مه‌ریكییانه‌ی بوونه موسڵمان ده‌ڵێت كه خه‌ڵكی ددان به‌وه‌دا ده‌نێن كه ژماره‌یه‌كی گه‌وره له رۆژئاوادا ساڵانه ده‌بنه موسڵمان‌و ڕێژه‌كه‌ش له زیادبووندایه، سه‌یریش له‌وه‌دایه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌بنه موسڵمان ده‌بنه بانگخواز بۆ ئیسلام، به‌پێی لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان له‌دوای ڕووداوه‌كانی یانزه‌ی ئه‌یلوول‌و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ساڵانه بیست هه‌زار ئه‌مه‌ریكی ده‌بنه موسڵمان (سایتی ئه‌لعه‌ره‌بییه). دیاره به‌بێ ئه‌و زانیارییانه‌ش مرۆڤی ژیر ده‌زانێت كه كاره‌كه‌ی قه‌شه‌كه هیچ ژیرییه‌كی تێدا نییه.
مه‌به‌ستی تریش له‌پشت ئه‌و ناڕه‌زاییانه هه‌بووه وه‌ك ناڕه‌زاییه‌كانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی‌و سه‌ركرده‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا، كه زیاتر پاراستنی گیانی سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بوو، هه‌ڵوێستی له‌و جۆره زۆر ده‌بینین له ڕۆژئاوادا، واته لێكدانه‌وه‌ی زیانی به‌رامبه‌ر به‌پێوه‌ری زیانی خۆیان. ڕاسته ئه‌و بیانووه بۆ ئه‌وان باشه، واته بۆ ئه‌وه‌ی قه‌شه‌كه په‌شیمان بكه‌نه‌وه‌و پێی بڵێن خوێنی سه‌ربازه‌كان له ملی تۆدایه، به‌ڵام ناتوانین هێنده خۆش باوه‌ڕ بین‌و وابزانین ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره هیچ مه‌ترسیی له‌سه‌ر گیانی سه‌ربازه‌كانیان نه‌بوایه ئه‌وان به‌هه‌مان گه‌رموگوڕییه‌وه دژ به‌و كاره ده‌بوون. هه‌ڵوێستی هه‌مان شێوه‌ش‌و به‌هه‌مان پێوه‌ر ئه‌وه‌ی پاپا بوو كه له‌وه ده‌ترسا سووتاندنی قورئان خراپ به‌سه‌ر كه‌مینه مه‌سیحییه‌كانی جیهانی ئیسلامی‌دا بكه‌وێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه نه‌بوونایه بێده‌نگ ده‌بوو چونكه هه‌ر خۆی بوو پێشتر ئیسلام به‌شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو وه‌سف كردبوو.
كاك شوان بۆ وه‌سفی باشی ئه‌و كاره هه‌مه‌جییه ده‌ڵێت :(( كاردانه‌وه‌كه‌ی جۆنز هیچ قوربانییه‌كی لێ نه‌كه‌وته‌وه)). جارێ هه‌ر به‌هۆی ناڕه‌زاییه‌وه دوو كه‌س له ئه‌فغانستان كوژران، ئینجا ئه‌گه‌ر كاره‌كه بكرایه قوربانیی زۆرتریشی لێ ده‌كه‌وته‌وه، هه‌ر مه‌گه‌ر نووسه‌ر به مافی ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌زانێت خۆپیشاندان ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام قوربانییه زۆرتره‌كان له شه‌ڕگه‌كاندا ده‌بوون‌و قاعیده‌و تاڵیبان ئه‌وه‌یان ده‌رفه‌ت بۆ چالاكی سه‌ربازیی زیاتر دژ به هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك كارێكی پڕوپاگه‌نده دژی ((خاچپه‌رسته‌كان‌و به‌كرێگیراوه‌كانیان))، ئه‌وه‌ش بوو كه سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لێی ده‌ترسان، ئه‌ویش له دوو ڕووه‌وه؛ ڕووی زیانی سه‌ر زه‌وی‌و ڕووی پڕوپاگه‌نده كه بریتییه له تۆخكردنی هه‌وڵه‌كان بۆ دانانی ئه‌مه‌ریكا له‌ناو خانه‌ی دوژمنانی ئیسلام. بێگومان له‌میانه‌ی شه‌ڕه‌كانیشدا خه‌ڵكی بێ‌تاوان ده‌بوونه قوربانی‌و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك زۆر جاری تر، به بۆمبا‌باران تۆڵه‌ی له مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كرده‌وه.
كاك شوان بۆیه وا بیر ده‌كاته‌وه كه كاری قه‌شه‌كه هیچ قوربانییه‌كی لێ نه‌كه‌وته‌وه چونكه به‌بۆچوونی خۆی ئه‌وه كتێبه كه ده‌سووتێنرێت، به‌ڵام زۆر هه‌ڵه‌یه وا بڕوانینه شته‌كان، واته چۆن ته‌ماشای شته‌كان بكه‌ین بمانه‌وێت ئه‌وانی تر وا ته‌ماشایان بكه‌ن. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش له‌ده‌ست ناده‌ین كه ئه‌م پرسیاره بكه‌ین: ئه‌وه‌ی وا بیر ده‌كاته‌وه هه‌مان قسه‌ی ده‌بێت ئه‌گه‌ر مه‌لایه‌ك كتێبێك بسووتێنێت، نه‌ك كتێبێكی پیرۆزیش به‌ڵكو كتێبی نووسه‌رێكی ئاسایی؟ بێگومان ئه‌و مه‌لایه ده‌بووه كتێب سووتێنه‌رێكی دواكه‌وتوو و هاوڕێی هتله‌ر‌و نازییه‌كان كه كتێبه‌كانی ماركس‌و بیرمه‌ندانی تریان سووتاند.
كاك شوان ته‌نانه‌ت ئه‌و قه‌شه‌یه به مامۆستاش ده‌زانێت‌و ده‌ڵێت: ((ده‌رسێكی ژیرانه‌ی پێ دان كه كاری خراپ كاردانه‌وه‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه))، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مامۆستایی بۆ جۆنز شیاو بوایه بیرده‌كرده‌وه كه دیسان كاره‌كه‌ی ئه‌و كاردانه‌وه‌ی خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌ش جگه‌له‌وه‌ی كه ئه‌مه كاردانه‌وه‌یه‌كی بێعه‌قڵانه‌یه كه له‌دژی تاقمێك ده‌كرێت به‌ڵام ئاڕاسته ملیار‌و سێ سه‌د ملیۆن كه‌س بكرێت.
هه‌ر سه‌باره‌ت به مامۆستایی شتێكی تر له بابه‌ته‌كه‌ی نووسه‌ردا هه‌یه:
نازانم كاك شوان چۆن ناوی (پاولۆ فرێری) ده‌خاته ناو باسه‌كه‌دا. ئه‌و ده‌ڵێت كه له گفتوگۆی نێوان ئه‌مه‌ریكا‌و قاعیده هیچ كامیان له‌وی تر نه‌ده‌گه‌یشت، هه‌ر یه‌كیان ته‌نها ده‌نگی خۆی ده‌بیست ((تاكو گفتوگۆكه‌یان ببێته دایه‌لۆگ (پاولۆ فرێرێ)و بتوانن له یه‌ك تێبگه‌ن)). جگه له شێواویی ڕسته‌كه‌ش باسی فرێری لێره‌دا هه‌ڵه‌یه چونكه ئه‌و كه‌سه، كه په‌روه‌رده‌ناسێكی به‌ڕازیلییه، ڕه‌خنه‌ی له شێوازی كۆنی په‌روه‌رده گرتبوو كه قوتابی به وه‌رگر ده‌زانێت‌و مامۆستاش ئه‌و كه‌سه بێت زانیاری بخاته ناو مێشكی قوتابییه‌كان‌و ئه‌و شێوازه‌ی به فێركردنی شێوازی (بانك) ناوبردبوو، له‌جیاتی ئه‌وه‌ش باوه‌ڕی به حیوار (دیالۆگ) هه‌بوو كه تێیدا مامۆستا‌و قوتابی جێگۆڕكێ ده‌كه‌ن‌و یه‌ك له‌وی تر فێر ده‌بێت، مه‌رجی زۆریشی داناوه وه‌ك ڕێزگرتن له زانیاریی قوتابی، بڕیاری وشیارانه‌ی مامۆستا، مامۆستا تاكه سه‌رچاوه‌ی زانیاری نه‌بێت، كرانه‌وه به‌ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی قوتابییه‌كان.. تاد. باسكردنی دیالۆگ‌و فیرێری له‌لایه‌ن كاك شوانه‌وه په‌یوه‌ندیی نێوان قوتابی‌و مامۆستامان بیرده‌خاته‌وه‌و وامان لێده‌كات بپرسین: كه‌واته كامیان مامۆستایه؟ ئه‌مه‌ریكا یان قاعیده؟ ئه‌ی كامیان قوتابییه؟ ده‌بوایه كاك شوان هه‌ر باسی دیالۆگی بكردایه، دیالۆگ بێ ناوبردنی كه‌س.
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2010-10-12-010.html