عه‌لمانییه‌كان ده‌یانه‌وێت خوا خانه‌نشین بكرێت
نووسه‌ر‌و ڕووناكبیر فازڵ قه‌ره‌داغی بۆ (ده‌ستوور)
هه‌ینی-21-ئایار(مانگی 5)-2010
رۆژنامه‌ی (ده‌ستوور)، ژماره 32 له 19/5/2010، ل 18
سازدانی: نه‌جمه‌دین حه‌مه‌عه‌لی
+ سه‌باره‌ت به‌و ده‌قه شیعرییه‌ی كه له ژماره شه‌شی گۆڤاری (وێران)دا بڵاوبوویه‌وه به‌رێزت مه‌غزای بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێكی له‌و جۆره چۆن ئه‌بینیته‌وه؟ ئایا پێویست ده‌كات له‌سه‌ر بابه‌تێكی وا هه‌ڵوێسته بكه‌ین؟
ئێمه ناتوانین بڵێین چ بابه‌تێك شایه‌نی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌و چ بابه‌تێك شایه‌نی لێبێده‌نگبوونه، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ست ده‌كه‌ن بابه‌ته‌كه شایه‌نی ستایشه یان شایه‌نی ڕه‌خنه‌یه. ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌و كه‌سانه‌ی ئازادییان بۆ خۆیان ده‌وێت هه‌ر خۆیان بۆ خه‌ڵكی تر ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن چی پێویسته قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت‌و چی پێویسته به بێده‌نگی تێپه‌ڕێت. من كه یه‌ك وشه‌م نووسی ئیتر من به‌ته‌نیا خاوه‌نی ئه‌و وشه‌یه نیم. من وشه‌كه ده‌ڵێم بۆ ئه‌وه‌ی گوێم لێ بگیرێت، كه گوێشم لێ گیرا نۆره‌ی منه گوێ بگرم.
+ ئه‌و گوتاره‌ی كه له‌پشت بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌ها بابه‌تێكه‌وه‌یه پێتوایه گوتارێكی ته‌ندروسته؟
ته‌عبیركردن له خۆ كارێكی ته‌ندروسته، ئه‌و كاته‌ش ناته‌ندروست ده‌بێت كه مه‌به‌ستێكی له‌پشته‌وه بێت، مه‌به‌ستێك په‌یوه‌ندیی به‌و ته‌عبیركردنه‌وه نه‌بێت، وه‌ك حه‌زكردن به لێدانی به‌رامبه‌ر ته‌نها بۆ حه‌ز، هه‌وڵی ناوده‌ركردن..تاد، هه‌روه‌ها كاتێك ڕێگه‌ی ناڕه‌وا بگیرێته به‌ر، ڕێك وه‌كو ژیانی ڕۆژانه. له‌ژیانی ڕۆژانه‌دا كه‌س لێت بێده‌نگ نابێت كاتێك بۆچوونێكی خۆت ده‌ڵێیت‌و مه‌به‌ستت ته‌نها تانه‌وته‌شه‌ر یان خۆده‌رخستن له مه‌جلیس بێت، یان زانیاریی هه‌ڵه‌ی به‌كاربهێنی.
+ پێتوایه به‌ناموقه‌ده‌سكردنی شته‌كان به‌تایبه‌تی به‌هاو موقه‌ده‌سه ئایینیه‌كان ئایدیا‌و گوتارێكی جددیی تر ده‌هێنرێته كایه‌وه؟
به‌پێچه‌وانه‌وه. ئه‌گه‌ر باسی (بیدعه) وه‌كو چه‌مكێكی ئیسلامی بكه‌ین ده‌بینین ئه‌و بیدعانه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو ئاینه‌كاندا هاتووه جۆرێكن له ئیبداع كه تێیدا نه‌ك شته‌كان‌و كه‌سه‌كان پیرۆزییان لێ سه‌نراوه‌ته‌وه به‌ڵكو سنووری شت‌و كه‌سه پیرۆزه‌كان فراوان كراوه‌و لیستی پیرۆزه‌كانی دینه بیدعه‌ییه‌كه زۆر گه‌وره‌تره له لیسته‌كه له ئاینه ئه‌سڵییه‌كه. كاتێكیش من شته‌كانم ناپیرۆز كرد هیچم نه‌كرد جگه له ئاسایی كردنی نائاسایی، كاتێكیش مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئاسایی‌دا ده‌ژی ئیبداعه‌كه ده‌مرێت، به‌لای كه‌مه‌وه لاواز ده‌بێت. به‌ڵگه‌ش پووكانه‌وه‌و نه‌زۆكیی فه‌لسه‌فه‌و ئه‌ده‌بی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ڕۆژئاوا.
به‌بۆچوونی من ئیبداع وه‌ك لێدانی پیرۆزه‌كان بریتییه له فیكره‌یه‌كی منداڵانه، وه‌ك ئه‌و منداڵه‌ی كه هه‌ست ده‌كات شتێكی گرنگی كردووه كاتێك یارییه‌كانی ده‌شكێنێت، له‌كۆتاییشدا بێ یاری ده‌مێنێته‌وه یان یاریی له هه‌مان جۆری بۆ ده‌كڕدرێت.
نموونه له‌سه‌ر ئیبداع لای ئه‌و عه‌قڵیه‌ت منداڵانه‌یه لێدانی فیكره‌ی خودایه، به‌ڵام ئه‌و عه‌قڵیه‌ته نازانێت كه ژیان خۆی داهێنانێكی خوداییه، هه‌ر وه‌كو منداڵیش ئه‌و كه‌سه به لێدانی ئه‌و فیكره‌یه ناوه‌ستێته‌وه‌و وا ده‌زانێت یارییه‌كی خۆش ده‌كات كاتێك له هه‌موو شتێكی دا.
+ په‌یوه‌ندی نێوان بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێكی له‌و جۆره له‌گه‌ڵ ئازادی فكر‌و نووسیندا چۆن به‌راورد ده‌كه‌یت؟
ئه‌گه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تی وا ئازادی بێت كه‌واته ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ریشی هه‌ر ئازادییه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی بابه‌تی وا ده‌نووسن ده‌یانه‌وێت هه‌نگوین بخۆن بێئه‌وه‌ی باجی دیفاعی هه‌نگه‌كان بده‌ن. ئه‌وان ئازادییان ده‌وێت به‌ڵام ته‌نها بۆ خۆیان.
+ خۆنه‌گرتن و قه‌ڵسبوونی په‌یره‌وكه‌رانی ئایینی به‌تایبه‌تی گوتاری حیزبه ئیسلامییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌بابه‌تێكی وا پێتوانیه ئه‌مه بۆ خۆی بچووككردنه‌وه‌و دابه‌زاندنی گوتاری ئایینی بێت بۆ ئاستێكی نزم؟
له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا ئه‌وه ڕاسته به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سی خاوه‌ن به‌رهه‌م یان به‌رهه‌مه‌كه شایه‌نی ڕه‌خنه‌و قسه‌له‌سه‌ر كردن نه‌بن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بێده‌نگبوونی په‌یڕه‌وكارانی ئاین به‌بیانووی به‌رزڕاگرتنی ئاین واتای ئه‌وه‌یه ئاین وه‌كو وێنه‌یه‌ی خودای لێ بكرێت كه له فیكری عه‌لمانیدا هه‌یه. له‌و فیكره‌دا خودا كاروباری ئاسمان ده‌كات‌و زه‌ویی بۆ مرۆڤ جێهێشتووه، كه ئه‌مه‌شم ناوناوه فیكره‌ی خوداوه‌ندی خانه‌نشین. به‌هه‌مان شێوه‌ش بێده‌نگبوونی په‌یڕه‌وكارانی ئاین واته په‌یڕه‌ویكردنی ئاینێكی خانه‌نشین. بڕواش ناكه‌م كه‌س حه‌ز به‌وه بكات شوێنكه‌وته‌ی ئاینێكی خانه‌نشین بكات.
+ ده‌بینین له‌سه‌رده‌می خودی پێغه‌مبه‌ردا(د.خ) له‌لایه‌ن قوره‌یشییه‌كانه‌وه گه‌وره‌ترین‌و زیاترین ئیهانه به‌خودی پێغه‌مبه‌ر ده‌كرا، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵوێستێكی پێچه‌وانه‌ی نه‌نواند به‌رامبه‌ر به‌وان؟ ئایا گه‌ر ئه‌و واقیعه له‌به‌رچاوبگرین له‌ئێستادا پێتوانییه هه‌بوونی ئه‌م جۆره نووسینانه زۆر ئاسایی بێت و پێویست نه‌كات له‌به‌رامبه‌ر نووسینێكی له‌و جۆره‌دا هه‌موو دامه‌زراوه‌ی ئایینی بكه‌وێته به‌رگریكردن؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسینانه ئاسایی بوونایه كێشه‌یه‌ك نه‌ده‌بوو، ئه‌ی بۆچی قسه له‌سه‌ر شتی ناكرێت؟ كه‌سیش نه‌یوتووه پێغه‌مبه‌ر دڵی به‌و ئیهانانه خۆش بووه، قورئانیش وه‌ڵامی ئه‌و قسانه‌ی داوه‌ته‌وه، شاعیریش هه‌بوون هه‌جووی بێباوه‌ڕه‌كانیان كردووه. ئه‌وه ململانه‌یه‌كی فیكری بوو. قورئان ڕه‌خنه‌ی له ئاینی بێباوه‌ڕه‌كان ده‌گرت‌و باسی پووچه‌ڵیی بته‌كانی ده‌كرد، له‌به‌رامبه‌ریشدا بێباوه‌ڕان قسه‌ی ناشیرینیان به پێغه‌مبه‌ر‌و شوێنكه‌وتووانی ده‌وت‌و ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دان. پێغه‌مبه‌ر له‌پێناوی ئه‌و شته‌ی باوه‌ڕی پێ‌بوو ئه‌و باجه‌ی قبووڵ كرد. ئه‌مانه‌ی خۆمان سوود له‌و ئه‌زموونه وه‌رناگرن‌و وه‌كو منداڵێك ڕه‌فتار ده‌كه‌ن كه هه‌ر ده‌بێت نازی بدرێتێ.
+ به‌ده‌ر له‌و كۆهه‌ستییه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌م نووسینانه ده‌خرێنه روو، ئایا هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌سه‌ر بابه‌تانێكی له‌و جۆره تا چه‌ند هاوڕێكه یان پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری فكری ئیسلامی‌دا ؟
هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك‌و به‌ئه‌ندازه‌ی كاره‌كه. ئه‌و كه‌سه‌ی شتێك بنووسێت بواری ته‌ئویلی تێدا بێت وه‌كو ئه‌و كه‌سه نییه كه قسه‌ی ناشیرینی ئاشكرا ده‌نووسێت، واته هه‌ر حاڵه‌تێك‌و حوكمی خۆی. وه‌ڵام‌و كاردانه‌وه‌ی توند به‌رامبه‌ر حاڵه‌تی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئیسلامدا ناگونجێت، قسه نه‌كردنیش له‌سه‌ر حاڵه‌تی دووه‌م بێباكییه كه دیسان له‌گه‌ل ئیسلامدا ناگونجێت. ده‌مێنێته‌وه یه‌ك شت: وه‌ڵام چی بدرێته‌وه‌و هه‌ڵوێست له چی وه‌ربگیرێت ئه‌ویش بۆ ڕێگه‌گرتن له به‌كارهێنانی ئه‌وه بۆ ناوده‌ركرن له هه‌ردوو لاوه، ئه‌وانه‌ی سووكایه‌تی به ئاین ده‌كه‌ن‌و ئه‌وانه‌ی به‌رگریی لێ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پێویسته وریایی هه‌بێت له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌و به‌رگرییه بۆ هێنانی ئه‌و نووسه‌رانی بۆ باوه‌شی خۆی به‌كاربهێنێت.
+ ئه‌و نووسینانه‌ی كه‌به‌م شێوه‌یه ده‌نووسرێن و ئه‌و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌ی كه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م نووسینانه‌وه ده‌كه‌ونه‌وه پێتوانییه ده‌ره‌نجامی هه‌ردوو ئه‌م كرده‌یه توندوتیژی و توندڕه‌وی لێ ده‌كه‌وێته‌وه؟
به‌پێچه‌وانه‌وه. كاتێك ڕێگه‌ی ڕۆژی ڕووناكت گرته به‌ر (وه‌ڵام به نووسین، وه‌ڵام به وتاری مه‌زگه‌وت، ئیمزاكۆكردنه‌وه، دادگا) تۆ گیانی ئه‌و كه‌سه ده‌پارێزی چونكه تووڕه‌یی ئاینداره دڵگه‌رمه‌كان داده‌مركێنیته‌وه‌و ئه‌وان ده‌زانن شتێك كراوه به‌ڵام كه هیچ له‌مانه نه‌كرا بیر بۆ چاره‌سه‌ری تر ده‌چێت، ئه‌و كاته‌ش پاساو ده‌درێت به‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به یه‌ك چاره‌سه‌ر هه‌یه كه خێرا‌و ڕاسته‌وخۆو كاریگه‌ره. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی رۆژی ڕووناك هه‌بێت بیر له چاره‌سه‌ری شه‌وه‌زه‌نگ ناكرێته‌وه. هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌شدا‌و له‌به‌رچاوی خۆماندا بینیمان چۆن چاره‌سه‌ری خێرا دژی (سه‌رده‌شت عوسمان) به‌كارهێنرا له‌لایه‌ن كه‌سانێك، ئه‌گه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته به‌سه‌ریاندا ساغ بێته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارن‌و ڕاگه‌یاندنێكی پڕ پاره‌و زمانی درێژیان هه‌یه به‌ڵام باوه‌ڕیان به وه‌ڵام‌و دادگا نییه. جا كامیان بۆ ئازادیی بیروڕا باشتره؟
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2010-05-21-003.html