كه‌س مه‌هێننه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن بڵێت من بكوژه‌كه‌م چونكه پێشوه‌خت باوه‌ڕتان پێ ناكه‌ین
فازڵ قه‌ره‌داغی
دووشه‌ممه-17-ئایار(مانگی 5)-2010
سایتێكی كوردی خه‌ڵكی له‌وه وریاكردۆته‌وه كه سیناریۆیه‌ك به‌ڕێوه‌یه: كه‌سانێك ده‌هێنرێنه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن گوایه بكوژانی سه‌رده‌شت عوسمانن.. سیناریۆیه‌كی زۆر مه‌عقووله... نوێش نییه.. قێزه‌ونیشه.
فیكره‌كه ساده‌و ئاسانه. با دایبڕێژین‌و چاوه‌ڕێ بكه‌ین.. ده‌بێ یان نابێ، خوا بكات دووه‌میان بێ:
كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك ده‌بنه قوربانی بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كه. هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوی ((به‌خته‌وه‌ر)) هه‌نگاوی یه‌كه‌مه، ئیعترافه‌كان كاتیان ده‌وێت. ئه‌و كێشه‌یه، كه كێشه نییه، چاره‌سه‌ر ده‌كرێت‌و ئیعترافه‌كان تۆمار ده‌كرێن، كاتێكیش په‌خش زیندوو نه‌بێت نه ((تاوانبار)) ده‌توانێت هاوار بكات ((ڕاست نییه))و نه بینه‌ر ده‌توانێت بڵێت تكایه موداخه‌له‌م هه‌یه. تۆماره‌كه په‌خش ده‌كرێت، هه‌فته‌یه‌كیش دواتر، یان دوان به‌پێی گونجانی زه‌مان‌و مه‌كان، تاوانبار دادگایی ده‌كرێت، خێراییترین دادگایی، دادگاییه‌كی نهێنیش ده‌بێت، نهێنیترین دادگایی، كاتێكیش ئاشكرا ده‌بێت‌و رۆژنامه‌نووسان‌و ڕێكخراوه‌كان پێی ده‌زانن په‌تی قه‌ناره كاری خۆی كردووه‌و كاتێك ده‌وترێت ئه‌مه كرا‌و به كه‌س نه‌وترا خۆڵی گۆڕ په‌رده به‌سه‌ر شانۆكه‌دا ده‌دات.
تاوانه‌كه‌ی دژی كوڕه‌كه‌ی شێخه‌كانی چوێسه‌ش هه‌مان حاڵه‌ته: ئاسایشی ئه‌ولا ڕایگه‌یاند باندێكی ناو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئه‌ملا كوڕه‌كه‌ی ڕفاندبوو و داوای نیو ملیۆن دۆلاره‌كه‌ی كردبوو و دواتر كه ئاشكرابوو كوشتی (هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی 12/5/2010) ئیتر نه تیرۆریست‌و نه به‌زموڕه‌زم، دووباره‌ی سیناریۆیه‌كه كه گومانمان له كۆنه‌كه هه‌یه: چونكه ده‌زانین كه یه‌كێك له ئه‌حكامی ستری عه‌وره‌ت به‌ستنه‌وه‌ی كاره ناڕه‌واكانه به "تیرۆریستان"ـه‌وه.
ئیعترافی سه‌ر ته‌له‌فزیۆن چه‌ند جێگه‌ی متمانه‌یه؟ پرسیارێكه پێویست نییه بكرێت چونكه هیچ كام له ڕه‌گه‌زه‌كانی باوه‌ڕپێهێنانی تێدا نییه. ئه‌گه‌ر بشكرێته چیرۆك ته‌نانه‌ت ده‌به‌نگترین ڕه‌خنه‌گر ده‌توانێت بڵێت یه‌ك ڕه‌گه‌زی چیرۆكی تێدا نییه‌و ته‌نها حیكایه‌تێك بوو له‌جۆری حیكایه‌ته‌كانی زه‌مانی زوو.
جارێكی تر خوا بكات وا نه‌بێت، دوعایه‌كه ده‌یكه‌ین‌و زه‌ره‌ر ناكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی فێركراوین هه‌موو شتێك چاوه‌ڕێ بكه‌ین با له‌ئێستاوه‌و به‌ر له‌وه‌ی هه‌بوو نه‌بووی حیكایه‌ته‌كه‌مان بۆ بوترێت قسه بكه‌ین. پاش قسه‌ش پێشنیارێكی بچووكه هه‌رچه‌نده جێبه‌جێكردنی جێگه‌ی گومانه: ئه‌و دوو كێشه‌یه بدرێنه په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مان لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ((تاوانباران)) بكات..ئه‌وه‌ش نه‌كرێت كه‌س داوامان لێ نه‌كات باوه‌ڕ به ئیعترافی سه‌ر ته‌له‌فزیۆن بكه‌ین... مه‌گه‌ر وابزانن كه‌ری گوێ كورتین، ئێمه‌ش شوكور بۆ خوا گو‌ێشمان كورته‌و كه‌ریش نین.
له رۆژنامه‌ی كۆمه‌ڵ (ژماره 423 له 15/5/2010 لاپه‌ڕه 6) بڵاوبۆته‌وه- رۆژنامه‌كه که‌مێک ده‌ستکاریی کرد‌و ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ده‌قی ئه‌سڵییه
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2010-05-17-002.html